ئێران بنکەی مووشەکی لهژێر کەنداوی عوماندا دروست کردووه

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: وڵاتەکەی بنکەی مووشەکی لەژێر زەوی کەناراوەکانی کەنداو و کەنداوی عوماندا دروستکردووە کە لێیەوە دەتوانرێت مووشەکی زەوی - دەریایی بهاوێژرێت.
عەلیرەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران قسەی بۆ صبح صادق، بڵاوکراوەی سەر بە سوپای پاسداران کردووە و دەڵێت، لە هەموو ناوچەیەکی کەنداو و دەریای عوماندا بوونیان هەیە، "لەژێر زەویدا شاری پڕ لە سەکۆی مووشەکی هەیە و هێزی هەموو سەربازگەکانی ئەرتەش و سوپای پاسداران لەژێر زەویدا سیستەمی بەرگریی جیاوازیان تێدا دانراوە".
پێشتر لە ساڵی 2012 عەلیرەزا تەنگسیری لەبارەی داخستنی گەرووی هورمز وتبووی، "دووژمنەکان وادەزانن گەرووی هورمز دادەخەین، بەڵام هیچ کەسێکی عاقڵ کارێکی لەو شێوەیە ناکات، و ئێمە تەنیا دەمانەوێت دەسەڵاتی هەواڵگریمان هەبێت لە ناوچەکە". هەرچەندە لەگەڵ تووندترکردنی گووشارەکانی ئەمریکا، لە ساڵی 2019 حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی دەکرد.
گەرووی هورمز رێگەیەکی گرنگیی بازرگانی نەوتە و نزیکەی 30%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت. لە ئەگەری داخستنی گەرووەکە پێشبینیدەکرێت نرخی نەوت بەشێوەیەکی خێرا بەرزبێتەوە. گەرووی هورمز بەدرێژایی دوو هەزار و 200 کیلۆمەتر لەگەڵ ئێران هاوسنوورە، بە گوتەی عەلیرەزا تەنگسیری، ئێستا لەڕێگەی هێزێکی سەربازییەوە کە لە 23 هەزار سەرباز پێکهاتووە سنوورەکە کۆنترۆڵکراوە.
لەبارەی زانیارییەکانی ئەمریکا ئەو سەرکردە سەربازییە ئاشکرایکرد، ئەمریکا دەزانێت کە ئێران بنکەی مووشەکیی لە ژێر زەویدا هەیە، کە سەر بە ئەرتەش و سوپای پاسدارانە، بەڵام زانیاریی لەسەر وردەکاری ئەو سەکۆیانە و بنکەکان نییە، دەشڵێت، "هێزە چەکدارەکانی ئێران ئێستا دەسەڵاتی هەواڵگریی بەسەر سەرجەم رووبەری ئاوی کەنداودا هەیە، و ئاگای لە جوڵە و هاتنە ناوەوەی هەموو کەشتییەکە بۆ ناو گەرووی هورمز، تاوەکو ئەو کاتەی لێی دەردەچێت".
