فڕۆکەی ئێف 16ی تورکیا ناوچەکانی دەرکار لە زاخۆ بۆردوومان ده‌کات

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ئەمڕۆ  فڕۆکەکانی تورکیا ناوچەکانی شارۆچکەی دەرکاریان لە سنووری زاخۆ بۆردوومان کردووە.

کەمێک لەمەوبەر لە گەلی باجوای سەر بە ناحیەی دەرکار لە سنوری قەزای زاخۆ شەڕێکی سەخت لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا دەستیپێکرد و فڕۆکەکانی تورکیا سنورەکە بۆردومان دەکەن.

 دوای چەند خولەکێک لە دەستپێکردنی ئەو شەڕە، سوپای تورکیا لە قەرەقۆلی کێریا رەش گەلی باجوای و چیای خامتیریانی بۆردومان کرد.

 ئێستا فڕۆکەکانی ھەواڵگری و ئێف 16ی سوپای تورکیا بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسورێنەوە و گەلی باجوای بۆردومان دەکەن و دەنگی تەقەش بەردەوامە.

شەوی رابردوو سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا نەخشەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە پێکهاتووە لە 37 خاڵی سەربازی. نەخشەکە خاڵە سەربازییەکانی تورکیا لە سنووری سۆرانەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو سنووری زاخۆ لە باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت، هاوکات سێ خاڵی سەربازیشی لە نزیک هەولێر و باشیک و دهۆک دەستنیشان کردووە.

 لە ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەیدا تورکیا بە درێژایی 45 بۆ 50 کیلۆمەتر و قووڵایی 15 بۆ 30 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو سنووری ناحیەی باتیفا. بۆیە ئێستا حکومەتی عێراق هێزەکانی پاسەوانیی سنووری لە سێ شوێن لە سنووری هەردوو شارۆچکەی باتیفا و دەرکار نزیک ئەو ناوچانەی لەلایەن تورکیا بۆردووماندەکرێن، جێگیرکردووە، لە هەر یەکە لە بەرزاییەکانی کەلا شابانیێ و سیار بەنا لە سنووری باتیفا و کەلا دێرێ لە سنووری شارۆچکەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ. 

وەزارەتی بەرگری تورکیا لە رۆژی 15-06-2020، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی لەژێر ناوی (چڕنووکی هەڵۆ) بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان دەستپێکرد، لە رۆژی 17ـی هەمان مانگیش ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی بەناوی (چنگی پڵنگ) لە ناوچەی حەفتانین لە سنووری زاخۆ دەستپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار