دەمیرتاش: ئهردۆغان لە یەکەم هەڵبژاردندا دەدۆڕێت

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان HDP داوا لە ئۆپۆزیسیۆن، میدیا، کەسانی ئەکادیمی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات تێکەڵ بە خەڵک بن و دهڵێت" "ئاکپارتی لە یەکەم هەڵبژاردندا دەدۆڕێت، لەم نێوەندەدا کۆبوونەوە لەسەر بنەماکانی دیموکراسییەت و پێکهێنانی ئەلتەرناتیڤێکی بەهێز کە جێگەی متمانەی کۆمەڵگە بێت، ئەرکێکی مێژوویی ئۆپۆزیسیۆنە".
دەمیرتاش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر پەیامێكی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە ئۆپۆزسیۆن، میدیا، کەسانی ئەکادیمی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات تێکەڵ بە خەڵک بن.
دەمیرتاش کە لە 4ی تشرینی دووەمی 2016 ـەوە لە گرتووخانەی ئەدیرنە بەندکراوە، لە توویتەکەیدا نووسیویەتی، "لەپێناو گەیشتن بە دیموکراسی، مەرجە لەنێو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان خەباتێکی کاریگەر ئەنجامبدرێت، بەبێ جیاوازیکردن لەنێوان، تورک و کورد ، عەلەوی و سووننی، عەلمانی و کۆنسەرڤاتیڤ، نابێت خۆمان بەدووربگرین لەوەی لەپاڵ یەکدی بووەستین و پێکەوە ببینرێین".
دەمیرتاش دەڵێت "تورکیا بۆ هەموومانە، هەموومان پێکەوە تورکیاین، پێویستە پێکەوە وڵات بەڕێوەببەین و پێکەوە بونیادی بنێین، لە رێگەی دژایەتیکردنی ئاکپارتییەوە ناتوانین داهاتوو بونیادبنێین، لە شوێنی قسەکردن لەسەر ئاکپارتی، کاتی ئەوە هاتووە قسە لەسەر داهاتوو بکەن". هەروەها دەڵێت: "ئاکپارتی لە یەکەم هەڵبژاردندا دەدۆڕێت، لەم نێوەندەدا کۆبوونەوە لەسەر بنەماکانی دیموکراسییەت و پێکهێنانی ئەلتەرناتیڤێکی بەهێز کە جێگەی متمانەی کۆمەڵگە بێت، ئەرکێکی مێژوویی ئۆپۆزیسیۆنە."
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2020 بەرات ئاڵبایراک لە توویتێکدا ئاماژەی بە لەدایکبوونی چوارەم منداڵی کرد، کە لە هەمانکاتدا هەشتەمین نەوەی ئەردۆغانە، کەسێک کۆمێنتی نەشیاوی لەبارەی ئەسرا ئاڵبایراک، هاوژینی بەرات ئاڵبایراک نووسی. ئەم کۆمێنتە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەخێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتیش لە توویتەردا بڵاوبووەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەم جۆرە کۆمێنتانەی بە "دوور لە رەوشت" ناوبرد و وتی هێزەکانی ئاسایش ئەو کەسانەیان دەستگیرکردووە کە ئەم جۆرە کۆمێنتانەیان نووسیوە. هەروەها ژمارەیەک لە وەزیران و بەرپرسانی سیاسیی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیش ئەو کۆمێنتەیان سەرکۆنەکرد. لەوانە باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە. باشاک دەمیرتاش لە ئەکاونتی خۆی نووسی "ئەو کۆمێنتە چەپەڵانە سەرکۆنە دەکەم کە لەبارەی ئیسرا ئاڵبایراک نووسراون. پێویستە هەموومان بەیەکەوە بەرەنگاری هێرشەکانی دژی ژنان بووەستینەوە". هاوژینی دەمیرتاش لە بەشی دووەمی توویتەکەیدا پیرۆزبایی لە ئیسرا ئاڵبایراک کردووە بەبۆنەی هاتنەدونیای کۆرپە تازەکەیان.
رۆژی 15ی حوزەیرانی 2020 ئەندامێکی ئاکپارتی بەناوی ڤەدات یازیجی لە توویتێکدا قسەی نەشیاوی لەبارەی باشاک دەمیرتاش نووسیبوو. دواتر ئەو کەسە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکرا. ئەوکاتەش ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان کۆمێنتەکەی یازیجییان سەرکۆنەکرد و پشتیوانییان لە باشاک کرد. لەسەرووی هەموویانەوە عەبدولحەمید گیول، وەزیری دادی تورکیا توویتێکی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی ئەو کارەی کرد.
دوای توویتهكه وهزیری دادی توركیا رایگەیاند ههژماری ڤەدات یازیجی له توویتهر بلۆککرا و بە راسپاردەی داواكاری گشتیی كۆماریی پارێزگای ساكاریا ڤەدات لەگەڵ زڕمامەکەی دهستبهسهرکران. دوای رۆژێک مانەوە لە گرتووخانە دوای لێکۆڵینەوە ئازادکران. دوای کاردانەوەکان باشاک دەمیرتاش لە توویتێکدا سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە پاڵپشتیان کردووە.
