‌ئه‌مریکا: 300 ملیۆن دانه‌ له‌ ڤاکسین به‌رهه‌مده‌هێنین

5 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

تاقیکردنەوەی ڤاکسین لەسەر هەشت خۆبەخش لە ئەمریکا ئەنجامی ئەرێنی هەبووە، پزیشکه‌که‌ى تره‌مپ ده‌ڵێت" سەرەتای ساڵی 2021 ڤاکسینێکی سەرکەوتوو بەرهەهێنین کە کاریگەری خۆی دەبێت 300 ملیۆن دانەی لێ بەرهەمدەهێنرێت".

ئەنتۆنۆ فاوچی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی نەخۆشییە هەستیار و گوازراوەکان دەڵێت، گەشبینن کە تاوەکو سەرەتای ساڵی 2021 ڤاکسینێکی سەرکەوتوو بەرهەمدێنن کە کاریگەری خۆی دەبێت.

دکتۆر ئەنتۆنیۆ فاوچی، پزیشکە ناودارەکەی ئیدارەی ترەمپ دەڵێت: گەشبینن بە ئەنجامی ڤاکسینەکان، بەڵام بە هۆشیارییەوە چاودێریی ڤاکسینەکان دەکات، "چونکە لەم قۆناخانەدا نابێت هەرگیز دڵنیابیت کە ڤاکسینەکە سەلامەت و کاریگەردەبێت تاوەکو دەگاتە قۆناخی کۆتایی".

لە کۆبوونەوەیەکی نەتەوەیەکگرتووەکان کە بە ئۆنلاین کرابوو، دکتۆر ئەنتۆنیۆ فاوچی گوتی، تاقیکردنەوەی ڤاکسینێک لەلایەن کۆمپانیای مۆدێرنا لە کۆتایی مانگی تەممووز دەچێتە قۆناخی سێیەم، ڤاکسینی کۆمپانیاکانی دیکەش لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوول و ئۆکتۆبەر ئەو قۆناخانە دەبڕن.

فاوچی ئاماژەی بەوەشکرد کە پێنج تاوەکو حەوت ڤاکسین ئێستا لە تاقیگەکاندا لەژێر چاودێریدان، لەکاتی جیاوازدا بەرەو قۆناخی دیکە هەنگاو دەنێن.

ئەم لێدوانەی ئەنتۆنیۆ فاوچی دوو رۆژ دوای راگەیاندنێک لەلایەن چینەوە دێت کە دەڵێت: لە بەرهەمهێنانی ڤاکسین نزیکبوونەتەوە. 

چین لە کێبڕکێی دروستکردنی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆڤید-19 لە ریزی پێشەوەیە و دووەم ڤاکسینی چووەتە قۆناخی سێیەم و کۆتایی تاقیکردنەوەکانەوە.

جگە لە ڤاکیسنی یەکەمی دژە کۆرۆنا کە پێی ناوەتە قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوەکان، چین توانیویەتی ڤاکسینێکی دیکە بەناوی ساڤ-ئۆ کە سەر بە کۆمپانیای سینۆڤاک بایۆتێکە بە دوو قۆناخی دیکەدا تێپەڕێنێت و ئێستا لە قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوەکانە لەسەر مرۆڤ کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بکرێت.

لەگەڵ ئەوەی چین و ئەمریکا یەکدی بە بڵاوکردنەوەی کۆرۆنا تۆمەتباردەکەن، هەردوو وڵاتەکە لە کێبڕکێی توونددان بۆ ئەوەی بە خەڵکی بڵێن کە ئەوان لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.

هێشتا کۆرۆنا کۆتایی پێنەهاتووە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بۆ دوای دۆزینەوەی ڤاکسین دەکات. بەشێک لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان داوادەکەن وەبەرهێنانی دیجیتاڵی پەرەی پێبدرێت، هاوئاهەنگی نێوان وڵاتان بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی جیهان زیاتر بکرێت، هۆشداری دەدەن و دەڵێن، "ئەگەر کار لەکار بترازێت، هەوڵ و کاتێکی زۆرتری دەوێت تاوەکو جارێکی دیکە وای لێدێتەوە وڵاتان بتوانن پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ یەکدی زیاتر بکەن".

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە جیهان 12 ملیۆن و 170 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، لەو ژمارەیە 552 هەزار و 114 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە حەوت ملیۆن و 70 هەزار کەس چاکبوونەتەوە. 

رۆژی 2-07-2020 فڕانسز کۆڵنز، بەڕێوەبەری پەیمانگەی نیشتمانی تەندروستی ئەمریکا رایگەیاند تەواو گەشبینن کە ئیدارەی ترەمپ پێکوتەیەکی سەلامەت و کاریگەر لە کۆتایی ئەمساڵ دژی کۆرۆنا بەردەستدەخات و لە سەرەتای ساڵی 2021 دا 300 ملیۆن دانەی لێ بەرهەمدەهێنرێت.

ئێستا ئەمریکا زۆرترین تووشبووی کۆرۆنای لەسەر ئاستی جیهان هەیە و ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 158 هەزار و 900 کەس. لەو ژمارەیەش 134 هەزار و 862 کەس تاوەکو رۆژی پێنجشەممە گیانیان لەدەستداوە.  هەروەها ملیۆنێک و 392 هەزار و زیاتر لە 600 کەس چاکبوونەتەوە. 

هەروەها بەشێک لە پزیشکانی بەریتانی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد رایانگەیاندبوو، پەرەیان بە پێکوتەیەکی دژی کۆرۆنا داوە کە دەتوانێت بۆماوەیەکی درێژخایەن بەرگریی جەستە دژی ڤایرۆسەکە چالاک بکات.

د. سارا گیلبێرت، پرۆفیسۆر و یەکێک لە داهێنەرانی پێکوتەکە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت، زۆربەی پێکوتەکانی دژی کۆرۆنا کە تاوەکو ئێستا دروستکراون دەتوانن بۆماوەی چەند ساڵێک سیستەمی بەرگریی جەستە دژی ڤایرۆسەکە چالاک بکەن، "بەڵام ئێمە گەشبینین بەوەی ئەو پێکوتەیەی دروستمانکردووە، دەتوانێت بۆماوەیەکی درێژخایەن بەرگریی جەستە دژی ڤایرۆسەکە چالاک بکات".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار