رێککهوتنه 25 ساڵیهکهى ئێران و چین ئاشکرابوو

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
حکومەتی ئێران رهشنوسى ئهو رێککهوتنهیان بڵاوکردهوه که لهساڵى 2015 دا بۆ ماوهى 25 ساڵ لهگهڵ چین واژۆیان کردووه.
بە زۆربوونی رەخنەکان و دەنگۆکان لەسەر رێککەوتنەکە، حکومەتی ئێران رەشنووسی رێککەوتنەکەی بڵاوکردەوە، کە رێککەوتنێکی فرەڕەهەندی هەمەلایەنە.
سەرۆککۆماری چین لە سەردانیدا بۆ ئێران لە ساڵی 2015 لەگەڵ پلەبەرزترین بەرپرسانی ئێرانی چاوپێکەوتنی هەبوو، لەوانە رێبەری ئێران؛ بەردی بناخەی هاوکاری یان رێککەوتننامەی 25 ساڵی ئێران و چین لەوێوە دانرا.
لەم چەند ساڵەدا رێککەوتننامەکە جاروبار بەرپرسانی ئێران باسیان دەکرد، بەڵام زۆر جێی سەرنج نەبوو، تاوەکو ئەوەی کە ماوەیەک لەمەوبەر مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران باسی لە رێککەوتنێکی نهێنی و بە زەرەری ئێران کرد.
بەپێی رێککەوتننامەکە، چین لە بوارەکانی نەوت، ژێرخانەکانی نەوت، وزە، ئاو و ئاوەڕۆ، رێگاوبان، هێڵی ئاسن، فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان، دوورگەکان، کانگاکان، کشتوکاڵ، تەندروستی و دەرمان، وەبەرهێنان دەکات. دامەزراوەکانی کەشتیسازی و کەلوپەلی ناوماڵ پەرەپێدەدات؛ تەنانەت شوێنەوارە مێژووییەکان نۆژەندەکاتەوە. هەروەها چین لە بوارە سەربازی، ئەمنی و سیاسییەکان و هەروەها تەکنۆلۆژیا و ئینتەرنێت هاوکاریی ئێران دەکات.
بەڵام بەپێی راپۆرتی پترۆلیۆم ئیکۆنۆمیست، رێککەوتننامەکە هەندێک لایەنی شاراوەی هەیە کە بڵاونەکراوەتەوە، بەپێی ئەو راپۆرتە بڕی رێککەوتننامەکە 400 ملیار دۆلارە، 280 ملیاری بۆ سەرمایەگوزاری لە کەرتەکانی نەوت و گاز و 120 ملیاریشی بۆ ژێرخانەکان و گواستنەوە. چین بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران بە 32% داشکان دەکڕێت، دوو ساڵ دەرفەتی هەیە پارەکەی بداتەوە، ئەویش بە یوان؛ هەروەها چین بۆ پاراستنی پرۆژەکانی پێنج هەزار هێزی ئەمنی لە ئێراندا جێگیردەکات.
بەڵام ماڵپەڕی ئۆیل پرایس هەندێک وردەکاریی دیکەشی لێ بڵاوکردووەتەوە. لە گرێبەستە نەوت، گاز و پترۆکیمیاییەکاندا چین لە ئەولەوییەتدا دەبێت. چین دەتوانێت بەرهەمە نەوتییەکان و پترۆکیمیایی بە 12% داشکان لە ئێران بکڕێت، لەگەڵ 8% داشکانی دیکە بۆ ریسکی مەترسییەکانی کڕینی کاڵا لە ئێران. هەروەها ساڵانە 110 ئەندامی سوپای پاسداران بۆ راهێنان دەچنە رووسیا و چین و 110 هێزی سەربازیی چین و رووسیاش دەچنە ئێران بۆئەوەی راهێنان بە ئێرانییەکان بکەن.
بەرپرسانی ئێران راپۆرتەکانی پترۆلیۆم ئیکۆنۆمیست و ئۆیل پرایسیان رەتکردووەتەوە و رێککەوتنەکە بە قازانجی دوو وڵات دەزانن. بە گوتەی مەحموود واعزی، بەرپرسی نوسینگەی سەرۆککۆماری ئێران، هاوکارییەکان ئێران و چین ستراتیژین و لە پێگەیەکی یەکسانەوە سەرچاوە دەگرێت.
محەممەد رەزا سەباغیان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت "حکومەتی حەسەن رووحانی بەم رێککەوتنە دەیەوێت شکستەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی قەرەبوو بکاتەوە".
رەخنەگران دەڵێن، ئێران بەهۆی گوشارە ئابوورییەکانەوە ناچاربووە ئیمتیازی زۆر بە چین بدات و ئەمەش بە قازانجی ئێران نییە.
