مه‌سرور بارزانی: پرۆژه‌ى شه‌قامى 100 مه‌ترى یه‌کێکه له پرۆژه گه‌وره‌کانى حکومه‌ت
"چه‌ند حزبێکى هاوپه‌یمان حکومه‌تمان پێکهێناوه، خۆم و جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زیره‌کان که‌سى حزبیمان نییه"

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
مه‌سرور بارزانى له دانانى به‌ردى بناغه‌ى شه‌قامى 100 مه‌ترى سلێمانى رایگه‌یاند:" پرۆژه‌که یه‌کێکه له پرۆژه گه‌وره‌کانى حکومه‌ت" و ده‌شڵێت:"چه‌ند حزبێکى هاوپه‌یمان حکومه‌تمان پێکهێناوه، خۆم و جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زیره‌کان که‌سى حزبیمان نییه".
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 11ى ته‌موزى 2020 مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆکى حکومه‌ت و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت و چه‌ند وه‌زیرێکى دیکه به‌ردى بناغه‌ى شه‌قامى 100 مه‌ترى له سلێمانى دانرا.
مه‌سرور بارزانى له‌وتارێکدا رایگه‌یاند:" خۆم به به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم و خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێوه به‌شدارم بۆ دانانى به‌ردى بناغه‌ى شه‌قامى 100 مه‌ترى سلێمانی. بێگومان یه‌کێکه له پرۆژه هه‌ره گه‌وره و ستراتیژیه‌کانى حکومه‌ت بۆ شارى خۆشه‌ویستى سلێمانی".
سه‌رۆک وه‌زیران راشیگه‌یاند:" خۆشه‌ویستانى سلێمانى شایه‌نى ئه‌و پرۆژه‌یه و پرۆژه‌ى گه‌وره‌ترن، ئێمه له حکومه‌ت به‌ڵێنمان داوه خزمه‌تکارى هه‌مووان بین.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، له‌م حکومه‌ته گرنگى به هه‌موو ژێرخانه‌کان ده‌ده‌ین، رێگه‌وبانیش به‌شێکى سه‌ره‌کییه، لێره‌وه پرۆزبایى له خه‌ڵکى سلێمانى ده‌که‌م.
مه‌سرور بارزانى دووپاتیکرده‌وه، راسته ئه‌و پرۆژه‌یه ده‌مێکه قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌کرێت، له‌م کابینه‌یه‌دا" ئێمه به‌ڵێنه‌که‌مان برده سه‌ر"، دواى ئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌یه‌کى زانستیانه بۆ پرۆژه‌که کرا به دیزاینێک و بودجه‌یه‌کى باشتر. ئه‌مه‌ش ده‌بێته ده‌ستکه‌وتێکى گه‌وره بۆ خه‌ڵکى سلێمانى و ته‌واوى هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان.
سه‌رۆکى حکومه‌ت له سلێمانى رایگه‌یاند، " حکومه‌ت بێ جیاوازى گرنگی به هه‌موو ناوچه‌کان داوه، به‌ڵام دواى ده‌ستپێکردنى کاره‌کان هه‌ندێک قه‌یران هاتنه پێش، که رێگرى له زۆر پرۆژه‌ى حکومه‌ت کرد، به‌ڵام ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى ئه‌م پرۆژه‌یه نیشانه‌یه‌که بۆ به‌رده‌وامیى و ناهێڵین هیچ قه‌یران و ئاسته‌نگێک بمانوه‌ستێنێت و کابینه‌که‌شمان خزمه‌تگوزار ده‌بێت بۆ هه‌موو لایه‌ک".
راشیگه‌یاند، سوپاسى قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت ده‌که‌م و به‌رده‌وام ده‌بین له خزمه‌تگوزاری" ئێمه حکومه‌تێکى فره‌لایه‌نین و هاوپه‌یمانین له چه‌ند حزبێکى جیاواز پێکهاتووین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى لێمان دیاره هیچ هه‌ست به‌وه ناکه‌ین که له حزبى جیاواز بین، ئه‌مه‌ش وایکردووه تیمه‌که گونجاوتر به‌یه‌که‌وه کاربکه‌ین. ئێمه، به‌خۆم و جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زیره‌کانه‌وه، که‌سى حزبیمان نییه".
مه‌سرور بارزانى جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که"پرۆسه‌ى چاکسازى به‌رده‌وامه له حکومه‌ت، به‌ڵام به شه‌و و رۆژێک ناکرێت ئه‌نجامه‌کانى به‌دیار بکه‌ون، به‌ڵام شتى باشمان کردووه و به‌شێک له‌و چاکسازییانه ئه‌نجامه‌که‌یان دیاره".
سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که نه‌ناردنى ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ى که بۆ مووچه له لایه‌ن به‌غدا دیاریکرابوو، وایکردووه تووشى گرفت له دابه‌شکردنى مووچه له‌کاتى خۆیدا ببینه‌وه" ئه‌و خوێندنه‌وانه‌ى باس ده‌کرێن که ده‌ستکارى مووچه به‌شێکه له چاکسازی، وا نییه، چونکه ئێمه به ناچارییه‌وه ده‌ستکارى مووچه‌مان کردووه، به‌ڵام له چاکسازیش به‌رده‌وام ده‌بین و پرۆسه‌یه‌کى دوور و درێژه و به شه‌و و رۆژێک کۆتایى نایه‌ت".
