حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانییه‌کان کارا ده‌کاته‌وه
رێکخراوه‌کان راسته‌وخۆ به‌شدار ده‌بن له‌ناو ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانییه‌کانى هه‌رێمى کوردستاندا

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى حکومه‌تى هه‌رێم ڕایگه‌یاند ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانییه‌کان سه‌رله‌نوێ پێک ده‌هێنێته‌وه و جه‌ختیشده‌کاته‌وه، که بۆ یه‌که‌مجار ڕێکخراوه‌کان ڕاسته‌وخۆ به‌شدارده‌بن له هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ى له به‌ڕێوه‌بردنیدا ده‌درێت
وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار له چوارچێوه‌ى پڕۆسه‌ى چاکسازى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و بۆ باشتر ڕاییکردنى کاروبارى شاره‌وانییه‌کان و خزمه‌تکردنى زیاترى هاووڵاتییان، ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانییه‌کان له پارێزگه و قه‌زا و ناحیه‌کان به‌شێوه‌یه‌کى تر و سه‌رله‌نوێ پێک ده‌هێنێته‌وه، ئه‌ویش به‌گوێره‌ى په‌یڕه‌وى ژماره (2)ى ساڵى 2019 تایبه‌ت به په‌یڕه‌وى پێکهێنانى ئه‌نجوومه‌نه‌کانى شاره‌وانى له هه‌رێمى کوردستان و به‌بڕیارى ژماره (32) که له کۆبوونه‌وه‌ى ژماره (12)ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران له 30/10/2019 په‌سه‌ندکرا، هه‌روه‌ها له ژماره‌ى 246 له 27/1/2020 له ڕۆژنامه‌ى وه‌قائعى کوردستان و بڵاوکراوه‌ته‌وه، تێیدا ژماره‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانییه‌کان دیاریکراون.
ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانییه‌کان ماوه‌ى 20 ساڵ بوو گۆڕانکارى به‌سه‌ردا نه‌هاتبوو، له‌کاتێکدا ده‌بوو هه‌ر چوار ساڵ جارێک له خولى نوێ‌دا ئه‌و ئه‌نجوومه‌نانه به‌ڕێوه ببرێن، ئه‌مه‌ش ببووه هۆى گله‌یى هاووڵاتییان له سستى کاره‌کانیان و ئه‌مه‌ش کاریگه‌رى له‌سه‌ر ئه‌داى کارکردنیان دروستکردبوو.
دووباره پێکهێنانه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانییه‌کان به‌رزترین ئاستى ده‌سه‌ڵاتییان له به‌ڕێوه‌بردنى شاره‌کاندا ده‌بێت و کاریگه‌رى له‌سه‌ر باشى کارکردنیان و له به‌رژه‌وه‌ندیى گشتیى هاووڵاتییاندا ده‌بێت، بۆیه وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار له‌ژێر رۆشنایى پرۆسه‌ى چاکسازى حکوومه‌ت، ئه‌و ئه‌نجوومه‌نانه به ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوه‌وه پێک ده‌هێنێته‌وه.
له سه‌رتاسه‌رى هه‌رێمى کوردستان 184 شاره‌وانى هه‌یه‌و وه‌زاره‌تى شاره‌وانى ئه‌نجوومه‌نه‌کانیان سه‌رله‌نوێ پێکده‌هێنێته‌وه و به‌گوێره‌ى مادده‌ى دووه‌میش له په‌یڕه‌وى ژماره (2)ى ساڵى 2019 ئه‌نجومه‌نى پارێزگه‌کان ڕاده‌سپێردرێن بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر کاندیده‌کان که له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى شاره‌وانییه‌وه دیارى ده‌کرێن، سه‌رۆک و ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانى به‌ڕێژه‌ى 75% له سه‌رۆکى فه‌رمانگه حکومییه‌کان ده‌بێت و 25%یش له نوێنه‌رى رێکخراوه پیشه‌یى و ناحکومییه‌کان ده‌بن.
دیاریکردنى نوێنه‌رى رێکخراوه پیشه‌یى و ناحکومییه‌کان وه‌رچه‌رخانێکى گرنگه له به‌شداریپێکردنى ڕاسته‌وخۆى ڕێکخراوه‌کان له بڕیاردان، ئه‌وه‌ش بۆ یه‌که‌مجاره له مێژووى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ڕێکخراوه‌کان ڕاسته‌وخۆ به‌شدار ده‌بن له بڕیاردان له هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ى که له به‌ڕێوه‌بردنى شاره‌وانییه‌کاندا ده‌درێن. به‌پێى په‌یڕه‌وى ژماره (2)ى ساڵى 2019 ژماره‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نه‌کانى شاره‌وانى له هه‌رێمى کوردستان، به‌و شێوه‌یه‌ى خواره‌وه پۆلێن کراون:
یه‌که‌م:
به‌گوێره‌ى یاساى به‌ڕێوه‌بردنى شاره‌وانییه‌کان ژماره (٦) ساڵى (١٩٩٣)ى هه‌موارکراو، سه‌رۆکایه‌تیى شاره‌وانیى هه‌ولێر(پله‌ى تایبه‌ت) و ژماره‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانیى هه‌ولێریش 17 ئه‌ندام ده‌بن، ڕێژه‌ى 75% بۆ سه‌رۆکى فه‌رمانگه‌کان ده‌بێت که ده‌کاته 13 که‌س و 25%یش بۆ نوێنه‌رى رێکخراوه پیشه‌یى و ناحکومییه‌کان ده‌بێت که ده‌کاته 4 ئه‌ندام. به‌مشێوه‌یه: سه‌رۆکى شاره‌وانیى هه‌ولێر سه‌رۆکایه‌تیى ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانى ده‌کات، ئه‌ندامه‌کانى تر له سه‌رۆکى فه‌رمانگه‌کان و نوێنه‌رى رێکخراوه پیشه‌یى و ناحکومییه‌کان ده‌بن.
دووه‌م:
سه‌رۆکایه‌تیى شاره‌وانییه‌کانى سلێمانی، دهۆک، هه‌ڵه‌بجه، که‌لار، رانیه و چه‌مچه‌ماڵ (پله‌ى نایابن) و کۆى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانى به سه‌رۆکى ئه‌نجوومه‌نه‌وه 13 که‌س ده‌بن، به هه‌مان شێوه رێژه‌ى 75% بۆ سه‌رۆکى فه‌رمانگه حکومییه‌کان که ده‌کاته 10 ئه‌ندام و 25%یش بۆ نوێنه‌رى رێکخراوه پیشه‌یى و ناحکومییه‌کانه ده‌کاته 3 ئه‌ندام و ئه‌نجوومه‌نه‌که، سه‌رۆکى شاره‌وانیى په‌یوه‌ندیدار ده‌بێته سه‌رۆکى ئه‌نجوومه‌نه‌که.
سێیه‌م:
شاره‌وانییه‌کانى (پله 1) له قه‌زاکان له هه‌رێمى کوردستان ژماره‌یان 14 شاره‌وانییه و کۆى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانییه‌کانیش به سه‌رۆکى شاره‌وانییه‌وه ده‌کاته 11 ئه‌ندام. ئه‌وانیش 8 ئه‌ندام بۆ سه‌رۆکى فه‌رمانگه‌کان و 3 ئه‌ندام له نوێنه‌رى رێکخراوه پیشه‌یى و ناحکومییه‌کان ده‌بێت. به‌هه‌مان شێوه سه‌رۆکى شاره‌وانیى په‌یوه‌ندیدار ده‌بێته سه‌رۆکى ئه‌نجوومه‌نه‌که.
چواره‌م:
شاره‌وانییه‌کانى (پله 2) له ناحیه‌کان له سه‌رتاسه‌رى کوردستان ژماره‌یان 33 شاره‌وانییه و کۆى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانییه‌کان به سه‌رۆکى شاره‌وانییه‌وه ده‌کاته 9 ئه‌ندام ، 7 ئه‌ندام بۆ سه‌رۆکى فه‌رمانگه‌کان و 2 ئه‌ندامیش بۆ نوێنه‌رى رێکخراوه پیشه‌ییه‌کان. به‌هه‌مان شێوه سه‌رۆکى شاره‌وانى په‌یوه‌ندیدار ده‌بێته سه‌رۆکى ئه‌نجوومه‌نه‌که.
پێنجه‌م:
شاره‌وانییه‌کانى (پله 3) ژماره‌یان 35 شاره‌وانییه و کۆى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانییه‌کانیش به سه‌رۆکى شاره‌وانییه‌وه 7 ئه‌ندامن، له‌و حه‌وت که‌سه، 5 ئه‌ندامیان بۆ سه‌رۆکى فه‌رمانگه حکومییه‌کان و 2 ئه‌ندامیش بۆ نوێنه‌رى رێکخراوه پیشه‌یى و ناحکومییه‌کان ده‌بێت.
شه‌شه‌م:
شاره‌وانییه‌کانى (پله 4) ژماره‌یان 95 شاره‌وانییه و کۆى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانییه‌کانیش به سه‌رۆکى شاره‌وانییه‌وه 5 ئه‌ندامن، 3 ئه‌ندام له سه‌رۆکى فه‌رمانگه حکومییه‌کان و 2 ئه‌ندامیش له نوێنه‌رى رێکخراوه‌کان ده‌بێت.
