ئەمریکا: هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانی ئێران باجەکەی قورس دەبێت

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

فەرماندەی هێزەکانی ناوچەی ناوەڕاستی سوپای ئەمریکا هۆشداری دایە ئێران لە ئەگەری هەر کردەوە و کارێکی دژ بە ئەمریکا "هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانی ئێران، باجەکەی قورس دەبێت".

ژەنەراڵ کینیس ماکینز،  فەرماندەی ناوچەی ناوەڕاستی سوپای ئەمریکا کە بە (سنتکۆم) ناسراوە، بۆچوونی حکومەتی ئەمریکای لەبارەی ژمارەیەک دۆسێی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە خستەڕوو، لە نێویاندا هەڕەشە لە ئێران ئەگەر هەنگاوی هەڵە دژی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بنێت.

ماکێنز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بوو، رەتیکردەوە قسە لەسەر ئەو رووداوانە بکات کە لە ماوەی رابردوودا لە ئێران روویاندا، بەتایبەت ئەو ئاگرە گەورەیەی لە وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز کەوتەوە. ئەوەشی پشتڕاستنەکردەوە کە فراوانبوونی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە و ئەو دەنگۆیانەی باس لە فراوانبوونی هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە باشووری عێراق دەکەن، وەڵامی ئێران بن بۆ ئەو کارانەی لە وڵاتەکەدا روودەدەن و پێیوایە دەستی ئەمریکایان لە پشتەوەیە.

فەرماندە سەربازییە ئەمریکییەکە، وتی: "ستراتیژیەتی ئێران بۆ دەستگرتن بەسەر ناوچەکەدا لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە نەگۆڕاوە"، ئاماژەی بەوەدا "دوای کوژرانی سولەیمانی، کەوتینە قۆناخی رێگرتنێکی نوێ، ئەمەش لە ئەنجامی ویست و تواناوە دروستبوو، من پێموایە ئێران هیچ گومانی لە تواناکانی ئێمە نییە، بەڵام هەندێکجار گومانیان لە ویستمان هەبوو".

ئەو دەڵێت "ئێران هێشتا هەوڵدەدات دەستبەسەر ناوچەکەدا بگرێت و ئەمریکای لێبکاتە دەرەوە، پێموایە هێشتا سوورن لەسەرئەوە، بەڵام بیر لەوە دەکەنەوە چۆن ئەو ئامانجە بەدیبهێنن بەبێئەوەی هێڵە سوورەکان ببەزێنن، چونکە ئێمە لە ماوەی رابردوودا چەندین هێڵی سوورمان بۆ ئێران دانا".

بەبڕوای ئەو فەرماندەیەی سوپای ئەمریکا، "واشنتن گۆڕەپانێکی تەواوی بۆ دەستوپێبەستنی ئێران بەڕێگەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دروستکردووە، هەر جوڵەیەک لە دژی هێزەکانی ئەمریکا بکات، وەڵامی توندی دەدرێتەوە، چونکە ئێران خۆی دەزانێت هێزەکانی ئەمریکا توانایان چەندە".

فەرماندەکە باسی لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و پەیوەندی نێوان حکومەتەکەی کازمی و ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە و دەڵێت "دۆخمان لەگەڵ کازمیدا باشە، ئەو هەوڵدەدات توانای میلیشیاکان سنووردار بکات و ئاسایش بۆ هێزەکانی ئەمریکا دابین بکات، لە گفتوگۆی ستراتیژیدا دۆخی باش لە نێوان هەردوولادا هەیە، ئێمە دەبێت ئارام بگرین و چاوەڕێی هەنگاوەکانی کازمی بکەین".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار