مه‌لا به‌ختیار: بێباکى حکومه‌تى هه‌رێم له‌م دۆخه‌ى ئێستادا ترسناکه
"مه‌رگى خۆمم پێ خۆشتره، له روخاندنى حکومه‌تى هه‌رێم... نه‌ک ده‌سته‌پاچه بێ به‌رامبه‌ر کێشه‌کان"

مه‌لا به‌ختیار، جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندیى یه‌کێتى
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
مه‌لا به‌ختیار، جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندیى یه‌کێتى ده‌ڵێت:" بێباکى حکومه‌تى هه‌رێم له‌م دۆخه‌ى ئێستادا ترسناکه‌و سه‌ره‌تاکانى مه‌ترسى له‌سه‌ر چاره‌نوسى هه‌رێم ده‌رکه‌وتون و ده‌شڵێت"مه‌رگى خۆمم پێ خۆشتره، له روخاندنى حکومه‌تى هه‌رێم...نه‌ک ده‌سته‌پاچه بێ به‌رامبه‌ر کێشه‌کان".
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 13ى ئابى 2020 مه‌لا به‌ختیار، له نوسینێکدا له‌لاپه‌ڕه‌ى خۆى له فه‌یسبوک، رایگه‌یاند:"یه‌کێتیو پارتى رۆژى 11ى ئاب راگه‌یه‌ندراوى هاوبه‌شیان ده‌رکردو دورونزیک، دڵنیاییان بۆ چاره‌سه‌رکردنى قه‌یرانى دارایی، له‌پێشه‌وه‌دا، گێڕانه‌وه‌ى پاره‌ى دزراوى گومرگه‌کان‌و شیرینى نه‌وت‌و نه‌وتى قاچاخ، نه‌دایه خه‌ڵک".
هه‌روه‌ک ئاماژه‌ى به‌وه راگه‌یه‌ندراوى دوێنێى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌باره‌ت به گفتوگۆى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا کردوه ده‌رباره‌ى شایسته داراییه‌کان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ده‌ستبه‌جێى به‌غدا که تێیدا به‌رپرسیارێتییه‌که‌ى خستۆته سه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم به‌تایبه‌ت له راده‌ستنه‌کردنى گومرگه‌کاندا.
مه‌لا به‌ختیار وتوشیه‌تی"له کۆبونه‌وه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمیشدا، بگره‌و به‌رده له‌سه‌ر دابینکردنى موچه، که‌مکردنه‌وه‌ى موچه، چۆنیه‌تى دابینکردنى موچه هه‌یه‌و ئاسۆ.. تاریکه!"
هه‌روه‌ک له به‌شێکى دیکه‌ى نوسینه‌که‌یدا هێماى بۆ ئه‌وه کردوه که جگه له‌و راستیانه، دۆخى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌که‌دا، سه‌ره‌تاکانى مه‌ترسیان له‌سه‌ر چاره‌نوسى هه‌رێمى کوردستان ده‌رکه‌وتوه‌و وتوشیه‌تی"ئه‌گه‌رى ئه‌وه له‌ئارادا هه‌یه، که سه‌ره‌نجامى ئه‌م قه‌یرانه دارایی‌و سیاسی‌و ئاساییشه‌ى دنیا‌و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى گرتۆته‌وه، بۆ جۆرێک له چاره‌سه‌رى سیاسی-ئابوری-ئاساییشى ئه‌وتۆ له‌پشتى په‌رده‌ى به‌رژه‌وه‌ندیه‌کاندا، بگه‌ڕێن‌و تیایدا.. زلهێزه‌کان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته ئیقلیمیه‌کان له‌نێوان خۆیاندا رێکبکه‌ون.. که مێژو پێمانده‌ڵێ، رێکه‌وتنى گه‌رمه‌ى قه‌یران‌و مه‌ترسیه‌کان، سه‌ره‌نجامه‌که‌ی، حکومه‌ته دیکتاتۆره‌کان له‌سه‌ر حسابى ماف‌و خه‌باتى گه‌لان، ده‌پارێزرێن‌و ده‌سه‌پێنرێن".
جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندیى یه‌کێتى ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕوو"له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و روداوانه‌دا.. ده‌بێ له‌خۆمان بپرسین: ئایا، ده‌سته‌به‌رێک له‌عێراقدا هه‌یه، پیلانێک دژى هه‌رێم، له‌ئارادا نه‌بێ، ئه‌گه‌ر دوچارى روداوى نه‌خوازراویش نه‌کرێ.. به‌ڵام ئایا مه‌ترسى ئه‌وه نییه ناچارى پاشه‌کشه‌ى چاوه‌ڕوانه‌کراو، بکرێ!!"
مه‌لا به‌خیتار جه‌ختى کردۆته‌وه که "له‌م دۆخه‌ى ناوچه‌که، عێراق، کوردستان، هێزه سیاسیه‌کان، حکومه‌تى هه‌رێم‌و توڕه‌یى له‌ڕاده‌به‌ده‌رى جه‌ماوه‌ردا، حکومه‌ت به‌م بێباکیه به‌رامبه‌ر تاڵانکردنى گومرگه‌کان‌و نادیارى داهاتى شیرینى نه‌وت‌و نه‌وتى دزراو، هاوکات سه‌رسه‌ختى حکومه‌تى کازمى بۆ چاره‌سه‌رکردنى شایسته داراییه‌کان (که ئه‌وان حکومه‌تى هه‌رێم.. به راست‌و درۆ ده‌که‌نه پاساو) ئایا، ئه‌م دۆخه سیاسی-ئابورییه.. نیشانه‌ى سه‌ره‌تاکانى له گرێژنه ده‌رچونى هه‌لومه‌رجى بابه‌تى نییه؟"
هاوکات، جه‌ختى له‌وه‌شکردووه‌ته‌وه که "هه‌لومه‌رجى بابه‌تی.. ماناکه‌ى رون‌و رۆشنه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که حکومه‌ت تواناى چاره‌سه‌رکردنى قه‌یرانى نه‌مابێ‌و خه‌ڵکیش به چاره‌سه‌ره نیوه‌چڵه‌کانى حکومه‌ت رازى نه‌بێ.. که حکومه‌ت تواناى چاره‌سه‌رکردنى قه‌یرانى نه‌ماو خه‌ڵکیش پشوى بگاته کۆتایی.. ئیتر دۆخى شۆرشگێڕانه‌ى گۆڕانکارى ده‌خوڵقێ.. له‌م سه‌رده‌مه‌شدا، ده‌رکه‌وت به‌بێ حیزبێکى مێژویى به‌هێزیش.. حکومه‌ته‌کان ده‌گۆڕدرێن."
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش وتویه‌تی"به‌نده.. مه‌رگى خۆمم پێ خۆشتره، له روخاندنى حکومه‌تى هه‌رێم.. وه‌کو حکومه‌تى خه‌ڵک.. حکومه‌تێک، به‌ڕاستى بتوانێ ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌کان چاره‌سه‌ر بکات‌و ژیانى مه‌ده‌نى پێشبخات.. نه‌ک ده‌سته‌پاچه بێ به‌رامبه‌ر کێشه‌کان، ته‌نانه‌ت نه‌توانێ گه‌نده‌ڵکاره رسواکانیش سزا بدات، بێباکى له‌م دۆخه مه‌ترسیداره‌دا، ترسناکه."
مه‌لا به‌ختیار پێى وایه له‌م دۆخه‌دا ته‌نها مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆکى پارتى ده‌توانێت کۆنگره‌یه‌کى کوردستانى بۆ: حیزبه‌کان، رێکخراوه‌کان، پسپۆڕه‌کان، سازبدات‌و به‌رپرسیارێتى چاره‌سه‌رکردنى قه‌یرانه‌کان، له‌ناو کۆنگره‌که‌دا، دیارى بکرێن به‌ڵام "به‌مه‌رجێ ته‌واوى بڕیاره‌کانى جێبه‌جێ بکرێ. نه‌ک کۆنگره بۆ ده‌ستخه‌ڕۆکردنى رایگشتی!!"
مه‌لا به‌ختیار ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه که ئه‌گه‌ر مه‌سعود بارزانى به‌و داوایه‌ى رازى نه‌بێت، ئه‌وا داوا ده‌کات "حکومه‌تى هه‌رێم رێگاى شیاوتر بۆ رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بدۆزێته‌وه. یاخود، رادیکاڵانه.. داهاتى گومرگه‌کان‌و نه‌وتى دزراو.. کۆنترۆڵ بکات‌و بۆ حکومه‌تى بگێڕێته‌وه.. هه‌تا فریاى موچه‌ى خه‌ڵک بکه‌ون."
ئه‌وه‌شى دووپاتکردووه‌ته‌وه که "بێباکی.. ناکاته ئه‌ستۆپاکی. به‌ڵکو بێباکى لاى خه‌ڵک وا لێکده‌درێته‌وه، که تاڵانی‌و گه‌نده‌ڵی.. داده‌پۆشرێ.. شۆڕه‌سواره‌کانى گه‌نده‌ڵیش.. یه‌ک به یه‌ک، له ویژدانى خه‌ڵکدا ناسراون. ته‌نها هه‌لپه‌رست‌و مشه‌خۆره‌کان، پاره‌یان بۆ داده‌دۆشن‌و داده‌پۆشن!!"
