خالید شوانی ورده‌کارى رێککه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا روونده‌کاته‌وه
"رێککه‌وتنه‌که تا په‌سه‌ندکردنى یاساى بودجه‌ى 2021 به‌رده‌وام ده‌بێت"

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
خالید شوانی، ئه‌ندامى وه‌فدى دانوستانکارى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا، رایگه‌یاند: ئه‌و رێککه‌وتنه‌ى دوێنێ که له‌نێوان سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم و سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق راگه‌یه‌ندرا، دواى چه‌ندین کۆبونه‌وه‌و 12 جار گۆڕینه‌وه‌ى پێشنیار بوه له‌نێوان وه‌فدى هه‌ردولا، ده‌شڵێت: رێککه‌وتنه‌که تا په‌سه‌ندکردنى یاساى بودجه‌ى 2021 به‌رده‌وام ده‌بێت.
خالید شوانی، که هاوکات وه‌زیرى هه‌رێمه بۆ کاروبارى دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا، پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێکدا وتی"له‌دواى زنجیره‌یه‌ک سه‌ردانى شاندى باڵاى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به سه‌رۆکایه‌تى کاک قوباد تاڵه‌بانى بۆ به‌غدا به‌مه‌به‌ستى ده‌سته‌به‌رکردنى شایسته داراییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و دواى ئه‌نجامدانى چه‌ندین کۆبونه‌وه‌و ۱۲ جار گۆڕینه‌وه‌ى پێشنیار‌و تێبینى دوێنێ له‌نێوان به‌رێزان سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێم و حکومه‌تى فیدرالى گه‌یشتنه دوا قۆناغ و رێککه‌وتنه‌که راگه‌یاندرا."
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕو پڕۆسه‌ى دانوسانه‌که هه‌ڵکشان و داکشانى زۆرى به‌خۆوه بینیووه‌و دانوسانێکى قورس و ئاڵۆز بو و ، ده‌شڵێت:"له‌یه‌ککاتدا هه‌وڵه‌کانمان هه‌م بۆ دابینکردنى مافه داراییه‌کانى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم و هه‌م بۆ پاراستنى مافه ده‌ستورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بوو."
به‌پێى قسه‌ى خالید شوانى "رێکه‌وتنه‌که تاکو ئیقرارکردنى یاساى بودجه‌ى ۲۰۲۱ به‌رده‌وام ده‌بێت و قۆناغێکى نوێى دانوسان له‌سه‌ر بودجه‌ى ۲۰۲۱ ده‌ستپێده‌که‌ینه‌وه."
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى وه‌فدى دانوستانکارى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه که به‌پێى رێککه‌وتنه‌که مانگانه ۳۲۰ ملیار دینار ره‌وانه‌ى هه‌رێم ده‌کرێت .
ئاشکراشیکردوه که "رێککه‌وتنه‌که کۆمه‌ڵێ مه‌له‌فى تر‌ى وه‌ک بابه‌تى چاودێرى و وردبینى و میکانیزمى چاره‌سه‌رکردنى کۆمه‌ڵێک مه‌له‌فاتى تر‌ى دارایى و ئابورى له‌خۆده‌گرێت."
هه‌روه‌ها هێماى بۆ ئه‌وه‌ش کردوه که "رێککه‌وتنه‌که میکانیزمى مامه‌ڵه‌کردنى له‌گه‌ڵ داهاتى خاڵه سنورییه‌کان له‌خۆگرتوه که به‌پێى یاساى ئیداره‌ى دارایى فیدرالى ژماره ٦ ساڵى ۲۰۱۹ ده‌بێت."
خالید شوانى سوپاسى هه‌مو ئه‌و لایه‌ن و که‌سایه‌تیانه‌ى کردوه که هاوکارو پشتیوانیان بون و هه‌روه‌ها سوپاسى هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستانى کردوه که سه‌ره‌ڕاى زۆرى موعاناته‌کانیان پشودرێژ بون له‌گه‌ڵیان .
