قوباد تاڵه‌بانى پڕۆژه یاساى رێکخستنى میدیاى ئه‌لیکترۆنیی ره‌تده‌کاته‌وه
"به ته‌واوى دژى هه‌ر پڕۆژه یاسایه‌کم ئازادى راده‌ربڕین به‌رته‌سک بکاته‌وه"

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند که پڕۆژه یاساى رێکخستنى میدیاى ئه‌لیکترۆنیی ره‌تده‌کاته‌وه و ده‌شڵێت:" به ته‌واوى دژى هه‌ر پڕۆژه یاسایه‌کم ئازادى راده‌ربڕین به‌رته‌سک بکاته‌وه".
قوباد تاڵه‌بانى له لاپه‌رى تایبه‌تى خۆى له تۆرى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوک، روونکردنه‌وه له‌سه‌ر پڕۆژه یاساى رێکخستنى میدیاى ئه‌لیکترۆنى ده‌دات و ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر یاسایه‌ک هه‌بێ بۆ سزادانى میدیا و سۆشیال میدیا ئه‌وه له داهاتوودا به‌شێوه‌یه‌کى سه‌ره‌کى به‌رۆکى ده‌زگاى وه‌ک ئاوێنه و هاوڵاتى و سپى میدیا و شار پرێس و کوردستان تایمز و هاوشێوه‌کانیان و سۆشیال میدیا بێ پشت‌و په‌ناکان ده‌گرێته‌وه و که‌ناڵ و سۆشیال میدیاى به‌رپرسانى لێ پارێزراو ده‌بن، که‌سیش ده‌ستى به په‌یج و ئه‌کاونتى بێ ناونیشان و نهێنى ناگات".
ده‌قى بۆچونه‌که‌ى قوباد تاڵه‌بانى:
زۆر که‌س نیگه‌ران بوون له ناوه‌ڕۆکى پرۆژه یاساى میدیاى ئه‌له‌کترۆنی، به‌ڵام ئه‌وه‌ى مایه‌ى دڵخۆشى و گه‌شبینییه، کاردانه‌وه‌ى ئه‌و کۆمه‌ڵه زۆره‌ى هاوڵاتى و میدیا و نووسه‌ر و چالاکوانه‌کان بوو له‌سه‌ر ماف و ئازادییه‌کان، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ى کۆمه‌ڵگایه‌کى زیندووه که هاوڵاتیان ئاماده نین ده‌ستبه‌ردارى مافه بنه‌ڕه‌تى و گه‌ردونییه‌کانى خۆیان بن که ئازادى و ئازادى راده‌ربڕین له سه‌رووى هه‌موویانه‌وه‌یه.
زۆرێک له‌و رۆژنامه‌نووس و میدیاکارانه‌ى قسه‌م له‌گه‌ڵدا کردوون، ره‌خنه و نیگه‌رانى جدییان له پڕۆژه یاساکه هه‌بوو؛ هێشتا له هه‌رێمى کوردستان خاوه‌ن ده‌ستورى تایبه‌ت به‌خۆمان نین، هه‌روه‌ها له‌م خوله‌ى په‌رله‌مان و حکومه‌تیش بایى هێنده بارگرانى و کێشه‌ى ته‌ندروستى و ئابوورى هه‌یه که هه‌موو کاتى خۆمانى بۆ ته‌رخان بکه‌ین.
له لایه‌کیتر راستییه‌کى حاشا هه‌ڵنه‌گر هه‌یه ئه‌ویش هه‌بوونى دۆخێکى ئاژاوه و ژه‌هراوییه له‌ناو میدیا و سۆشیال میدیا، به‌جۆرێک ته‌شهیر و ناوزڕاندن و سوکایه‌تى کردن بووه‌ته دیارده‌یه‌کى رۆژانه، به‌ڵام له‌مه‌شدا سۆشیال میدیاى سپۆنسه‌رکراو به پاره و پولى سیاسی، به‌رپرسیارى سه‌ره‌کین له‌م دۆخه، ئه‌مه‌ش ده‌رگایه‌کیترى گه‌نده‌ڵییه.
ره‌نگه هه‌ندێک که‌س و لایه‌ن پشتگیرى یاسایه‌ک بکه‌ن که کۆتایى به‌و پاشاگه‌ردانییه بهێنێت، به‌ڵام به‌نده له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یه‌کێکم له قوربانییه‌کانى دیارده‌ى ته‌شهیر و ناوزڕاندن و له‌هه‌موو بۆنه‌یه‌کدا به‌راست و چه‌پدا هه‌ر ئامانجم، به‌ڵام به ته‌واوى دژى هه‌ر پڕۆژه یاسایه‌کم ئازادى راده‌ربڕین به‌رته‌سک بکاته‌وه، پێشموایه بۆشایى یاسایى باشتره له دانانى یاسایه‌ک که ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى تێدا به‌دى بکرێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسانه‌وه خراپ به‌کاربهێنرێت.
یه‌کێک له کێشه‌کانى پرۆژه یاساى نیوه‌چڵ، ده‌رفه‌ت ره‌خساندنه بۆ خراپ به‌کارهێنانی، هه‌روه‌ها دروستکردنى مه‌ترسییه له‌سه‌ر هاوڵاتیان که زۆریان ته‌نها ئه‌کاونته‌کانى خۆیان شک ده‌به‌ن بۆ ده‌رده‌دڵی، من که خۆشبه‌ختانه جگه له په‌یجى فه‌رمى خۆم، هیچ په‌یج و ئه‌کاونت و میدیاکم نییه و هه‌موو میدیاى کوردیش به‌هى خۆم ده‌زانم، پێموایه ئه‌گه‌ر یاسایه‌ک هه‌بێ بۆ سزادانى میدیا و سۆشیال میدیا ئه‌وه له داهاتوودا به‌شێوه‌یه‌کى سه‌ره‌کى به‌رۆکى ده‌زگاى وه‌ک ئاوێنه و هاوڵاتى و سپى میدیا و شار پرێس و کوردستان تایمز و هاوشێوه‌کانیان و سۆشیال میدیا بێ پشت‌و په‌ناکان ده‌گرێته‌وه و که‌ناڵ و سۆشیال میدیاى به‌رپرسانى لێ پارێزراو ده‌بن، که‌سیش ده‌ستى به په‌یج و ئه‌کاونتى بێ ناونیشان و نهێنى ناگات.
له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه ده‌ستخۆشى له کشاندنه‌وه‌ى پرۆژه یاساکه ده‌که‌م تا ئه‌گه‌ینه قۆناغى ده‌ستوریى تایبه‌ت به‌هه‌رێمى کوردستان. با له‌برى یاساى میدیاى ئه‌له‌کترۆنی، پێکه‌وه کار له‌سه‌ر پڕکردنه‌وه‌ى که‌لێن و درزه‌کانى یاسا به‌رکاره‌کانیتر بکه‌ین وه‌ک یاساى رۆژنامه‌گه‌رى و یاساى قه‌ده‌غه‌کردنى خراپ به‌کارهێنان ئامێره‌کانى په‌یوه‌ندیکردن، که ئه‌وه‌ى دووه‌میان زۆرجار بووه‌ته کێشه و بارگرانى بۆ نوسه‌ر و میدیاکاران و له‌برى یاساى رۆژنامه‌گه‌رى به‌و یاسایه زیندانى کراون، ئه‌گه‌ر بۆشاییه‌کیش هه‌یه له‌باره‌ى میدیاى ئه‌له‌کترۆنى ده‌کرێت له‌ئێستادا له‌و دوو یاسایه‌دا به‌پێى ستاندارده‌کانى دنیاى کراوه چاره‌سه‌ر بکرێت و جێگه‌یان بکرێته‌وه.
