وەزارەتی دارایی زانیاری لەسەر مووچەی مانگی چوار نادات
لیژنەی دارایی پەرلەمان: سەردانی کازمی بۆ مەرزەکانی هەرێم پەیامێکی سیاسی بوو
4 ساڵ لەمەوپێش
ماردین نورەدین
وەزارەتی دارایی حەکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی دەدزێتەوە لەپێدانی زانیاریی سەبارەت بەمووچەی مانگی چواری فەرمانبەران کەبڕیارە لەمانگی نۆدا دابەشبکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی نافەرمی زانیاری بڵاودەکاتەوە کەئەو مووچەیە بۆ مانگی هەشت هەژماردەکرێت و چوار مانگی رابردوو پاشەکەوت دەکات.
رۆژنامەی هاوڵاتى بۆ چەندین جار پەیوەندی کرد بە ئەحمەد عەبدولڕەحمان وتەبێژی وەزارەتی دارایی سەبارەت بە وردەکاریەکانی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەران، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە. ئەوە یەکەمین جار نیە کەوتەبێژی وەزارەتی دارایی وەڵام ناداتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە بەپێی یاسای پێدانی مافی زانیاریی هەموو وەزارەت و فەرمانگەیەک پابەندکراون بەپێدانی زانیاریی.
هەندێ میدیاکار واناسراون نزیکن لەحکومەت و وەزارەتی دارایی، هەندێ زانیارییان بڵاوکردۆتەوە باس لەوە دەکەن مووچەی داهاتوو بەمووچەی مانگی هەشت هەژماردەکرێت و مووچەی مانگەکانی (4.5.6.7) پاشکەوت دەکرێت.
زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی کوردستان لەوبارەیەوە بە هاوڵاتى وت «هیچ شتێکی رەسمی لەو بارەیەوە نییە، مووچەکە هی مانگی چوارە، بەڵام وەزارەتی دارایی و حکومەت ئەگەر شتێکی وا هەبێت شتی رەسمی بڵاو دەکەنەوە، بەڵام ئەمە دەنگۆیە هیچ شتێکی رەسمی نییە لەو بارەیەوە، دەبێ وەزارەتی دارایی خۆی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە».
وەزارەتی دارایی دەیەوێت ئەم مانگەش بە لێبڕینی 21% مووچەی فەرمانبەران دابەش بکات، زیاد جەبار وتی «لێبڕینی موچە لێبڕینێکی نایاساییە ئێمە لەپەرلەمان ئەوەمان وتووە ئەم لێبڕینە نایاساییە پشتی بەهیچ یاسایەک نەبەستوەو رای پەرلەمانیش وەرنەگیراوە بۆ ئەم لێبڕینە نایاساییە، بۆ ئەم مانگەش ئەکید دەیکەن، ئەمە سێیەم مانگە کەحکومەتی هەرێم بەنایاسایی موچە دەدات».
ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژە یاسای بودجەی ئامادە نەکردووەو نەیناردووەتە پەرلەمان و هێشتا هیچ ئاسۆیەکی روون دیار نیە کە بۆ ساڵی داهاتووش حکومەت یاسای بودجەی هەبێت.
سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی کوردستان وتی «حکومەت بوجەی نەناردۆتە پەرلەمانی کوردستان، لەڕووی یاساییەوە حکومەتێ ئەگەر خاوەنی یەک دۆلار بێت پێویستە ئەم دۆلارە سەرچاوەی داهاتەکەی و خەرجییەکەشی بنێرێتە پەرلەمان، بۆ ئەوەی ببێتە یاسا».
وتیشی «ئێستا ئێمە فشارێکمان هەیە، هەموو لایەکمان هەوڵدەدەین، بۆ ئەم وەرزەی یاسادانان فشارێکی جددی بکەینە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پڕۆژەی بودجە بنێرێتە پەرلەمانی کوردستان، لەکاتێکدا لەئێستادا بەرەو ئەوە ئەچێت رێکەوتن بکرێت لەگەڵ ناوەند و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021 دیاری بکرێت، هیچ بیانویەک نامێنێت بۆ حکومەت تا کۆتایی ساڵ پڕۆژەی بودجە نەنێرێتە پەرلەمان».
هەفتەی رابردوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چوو بۆ بەغدا بۆ ریکەوتن لەسەر پرسی بودجەو نەوت، بەرپرسانی هەرێم دەڵێن لە رێکەوتن نزیکبوونەتەوە بەبێ ئەوەی وردەکاریەکەی ئاشکرابکەن.
لەدوای سەردانەکەی هەرێمیش مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان و دوو دەروازەی نێودەوڵەتی لەسنوری هەرێم کرد. مەرجی حکومەتی عێراق بۆ پێدانی بەشە بودجە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانە.
زیاد جەبار وتی «ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگ بووە پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی 2021ی عێراق جێگە بکرێتەوە و پشکی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، بەڵام لەسەردانەکەی کازمی بڕواناکەم ئاوا بەوردی چوبێتە تەفاسیلی ئەو مەوزوعە».
وتیشی «کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقە، هەرێمی کوردستان بەپێی دەستور لەچوارچێوەی حکومەتی فیدراڵییەو مەرزەکان و خاڵە سنورییەکانیش هەر دیسان لەڕووی دەستورییەوە هەر مەرزی سنوورین و سەر بەناوەندن، سەردانکردنی ئەو شتێکی نا ئاسایی نییە بۆ خاڵە سنورییەکان، ئەمە تەنیا سوودیکی ئابووری نیە، رەنگە پەیامێکی سیاسیش بێت بۆ شەخسی کازمی. هەروەها پەیامێک بێت بۆ هەموو عێراقیەکان و کوردستانیش».
«هەتا ئەوکاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاکسازییەکی راستەقینە لەسەرچاوەکانی داهات ئەنجامنەدات، بارودۆخی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە دەبێت کەهەیە، مەگەر ئەوەی لەدوای سەری ساڵ لە بودجەی عێراق ئەو پارەیەی کە دێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوەی کەئێستا هەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم وەزعەی کەئێستا هەیەتی موچەی پێ دابین ناکرێت»، سەرۆکی لیژنەی دارایی وا دەڵێت.