عێراقیبوون لەئەمڕۆدا

4 ساڵ لەمەوپێش



 

سه‌ردار عه‌زیز

رۆژانی پێشوو، بەهاوکاری دوو رێکخراوی ئەوروپی، دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسا، گفتوگۆ لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی باکوری عێراقدا بکەم لەناوچەکانی موسڵ و کوردستان. خەڵکەکان تێکەڵبوون لەسوننەو ئێزیدی و شەبەک و تورکمان. هەروەها کۆمەڵێک کەسانی تر کە لەبەغداوە هاتبوون.

دیدارەکە گفتوگۆیانەبوو، لەمیانەی پرۆژەیەکی فراوندا لەئاستە جیاوازەکان، کە لەمانگەکانی داهاتودا بەردەوام دەبێت.  ئەم پرۆژەیە هاوتایە لەگەڵ پرۆژەیەک بۆ تێگەیشتن لەدیدی عێراقییەکان دەربارەی ململانێی ئێران و ئەمریکا لەعێراق. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم ئەو دیدە عێراقییەیە کە  لەچەندین ئاستی جیاوازدا، دەیەوێت خۆی بەرجەستە بکات. بەگشتی دەکرێت بوترێت هەموو پێکهاتەکانی عێراق؛ قوڵایی فراوانتریان لەعێراق هەیە. بۆ شیعە، ئێران و بەگشتی دونیای شیعە. بۆ سوننە لەئاستی قەومیی و سوننیگەراییدا، قوڵایی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی، بۆ کورد قوڵایی کوردی. هەموو ئەم قوڵاییانە بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدابوون کەعێراق لەقاڵب بدەن. بۆ نموونە کاتێک بیری قەومی عەرەبی، لێرەدا وشەی قەومی بەکاردەهێنم، بۆ ئەوەی لەوەتەنیەت جودای بکەمەوە، کە دوو شێوازی ناسیونالیزمن لای عەرەبی سوننەن، لەمێژوی عێراقدا هەمیشە لەململانێدا بووە لەگەڵ بیری عێراقێتی. لەخیتابی باوی پان-عەرەبیزمدا بەقوتریی و قەومی پۆلێن دەکرێن. لەسەرەتای هەشتاکان بیرمەندی عەرەبی مەسیحی جورج تەرابیشی کتێبێک بەناوی دەوڵەتی قوتری دەنووسێت، وەک گلەییەک لەقوتری بوون و پشتگوێخستنی قەومییەت، ئەوەی جێگای باسە کە پان-عەرەبیزم لای مەسیحییە عەرەبەکان زۆر بەهێند وەرگیراوە و ئەوان بەشی زۆری بیرمەندانین.

بەعێراقیبوونی عێراق لای سوننەکان چەسپاندنی پرۆژەی قوترییە لەبەرامبەر دابڕان لەپرۆژەی قەومیی. ئەم پرۆژەیە لەئاستی تردا هەست بەبەرجەستەبوونی دەکەین، بۆ نموونە لەڕێککەوتنی ئیماراتی ئیسرائیلیدا. یەکێک لەپارادایمە چەسپیوەکانی ململانێی عەرەبی ئیسرائیلی ئەوە بووە کە لەناوەوە بۆ دەرەوە: بەمانای ئەوەی کەئەگەر پرسی فەلەستین لەگەڵ ئیسرائیلدا چارەسەربکرێت، ئەوا لەگەڵ ئەوانی تردا بەئاسانی چارەسەر دەکرێت. بەڵام ئێستا دابڕانێک لەنێوان ناوەوەو دەرەوەدا دروست بووە، دەرەوە، مەبەست دەرەوەی فەلەستین، وڵاتانی عەرەبی، بەبێ گوێپێدانی راستەقینە بەپرسی فەلەستین، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دەوڵەتی خۆیان مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیلدا دەکەن. ئەمەش بوو کە ناتانیاهو دەیووت کەپێویست ناکات لەگەڵ فەلەستینییەکاندا ئاشتی بکەین بۆ ئەوەی لەگەڵ عەرەبەکاندا رێکبکەوین. بەکورتی چیدی وڵاتانی عەرەبی، ئامادەنین، پرۆژەی قەومی پان-عەرەبیزمیان هەبێت، بەڵکو هەریەک خەمی خۆی دەخوات. ئەگەر ئەم دابڕانە لای عەربی سوننەی قەومی و ئیسلامی کەخۆی لەبەعس و ئیخواندا دەبینێتەوە بەرجەستە بێت، ئەوا عێراقیبوون دێتە ئاراوە لەلایان. بەڵام هێشتا دیارنیە کە ئایا ئەمەی ئێستا وەک خیتابێک لەئارادایە کاتییەو دەرئەنجامی ئەو هەموو تاوان و ئازارو نائومێدی و کێشانەیە یان دابڕانێکی راستەقینەیە؟ بۆ ئەوەی ئەمە رووبدات دەبێت عەرەبە سوننەکان لەدوو خەسڵەتی گرنگ خۆیان دابڕن، یەکەم، تیورەی پیلانگێڕیی  لەگەڵ مەزنی عێراق. نەک تەنها سوننەکان، بەڵکو زۆربەی عێراقییەکان بڕوایان وەهایە کەعێراق مەزنە، بەڵام هەموان لەدەوروبەری دوژمنین و نایانەوێت عێراق جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ مەزنێتی. ئایا عێراق کەی مەزن بووە؟ ئەگەر رۆژێک لەڕۆژان مەزن بووبێت، بۆ هەموان مەزن بووە؟ ئایا خیتابی گەڕانەوە بۆ مەزنێتی بەشێک نیە لەخیتابی فاشیزمی نوێی جیهانی؛ کە یەکێک بەباشترین دەربڕەکانی دۆناڵد ترەمپە؟ دیارە دەکرێت زۆر بوترێت دەربارەی نۆستالیژیا و چەندێتی راستەقینەیی ئەو هەستە. بیرکردنەوە لەئێستایەکی پڕ لەقەیراندا دەربارەی رابردوو، هەرگیز بیرکردنەوەیەکی واقیعی نابێت، بەتایبەتی لای خەڵکانێک کەتیایدا نەژیاون. سوننەکان هەمیشە دەیانوت دەواعش، کەکۆی داعشە. لای ئەوان بەگشتی داعش پرۆژەیەکی پیلانگێڕیی نیودەوڵەتیە، کەپلانی هەندێک لەموخابەراتەکانی ناوچەکەیە و زۆربەیان عێراقی نین. بەڵام هەرزوو دانیان بەوەشدا دەنا کەداعش بیرو ئیمانە و بەئاسانی ناسڕێتەوە. بەداعشبوون، وەها دیاردەیەکی ئاڵۆزی پڕ لەنهێنی دەبینرا.

بەڵام پاش دواندن هەموو دانیان بە ئەوەدا دەنا کەچۆن زەمینەی داعش  لەموسڵ لەباربوو، چ لەئاستی مامەڵەو هەست و ئابوری و بەرجەستەبوونی عێراقی جیاواز لەعێراقی پێشوو. سوننەکان هێشتا ناتوانن بەئاسانی واز لەناسیونالیزم بهێنن، بەڵام ئەم ناسیونالیزمە لە پان-ناسیونالیزمەوە دەگۆڕن بۆ ئەوەی لەخیتابی عێراقیدا پێی دەوترێت وەتەنیەت. دیارە وەتەنیەت و قەومیەت لەزۆر خەسڵەتدا وەک یەکن، بەڵام جیاوازی گەورەیان ئەوەیە کە وەتەنیەت ناسیونالیزمێکی سنوردارە بەعێراق و قەومیەت ناسیونالیزمێکی بان-سنورییە و ئامانجی یەکخستنی دونیای عەرەبی یان لەمۆدێلی ئیخواندا یەکخستنی دونیای ئیسلامی سونییە.

قەیرانی بیری وەتەنیەت لەئەوەدایە کەهەر گروپێک لەعێراق بەجۆرێک عێراق دەبینێت و چەمکی وەتەن، هێندە مانای بۆ پەیدا دەبێت کە لەئەنجامدا بێمانا دەبێت. وەتەن کە لەخیتابی کوردیدا بەنیشتمان وەرگێڕاوە، وەها دەبینرێت کەچەمکێکی بێلایەنە. بەڵام لەڕاستیدا وەها نیە. چ وەتەن و چ نیشتمان دەربڕی پرۆژەیەکی مرۆیی دەستکردن. نیشتەجێبونی مرۆڤ هەمیشە نیشتەجێبونە لەهەنا و بەها و کەلتور و یاسا و یادوەریی و مێژوو و بەرژەوەندی و ئاسایش و چەندین خەسڵەتی تر. لەساڵانی رابردودا نیشتمان چەمک و پانتاییەکی نەفرەتلێکراوە لای کورد. شێرکۆ بێکەس یەکێکە لەو کەسانەی کە لەسۆزێکی ئەفسانەییەوە دەگۆڕێت بۆ توڕەییەکی ئەفسانەیی. ئەمە بەهەمانشێوە لای زۆرینەی خەڵکی بەرجەستە بوە. لەکاتێکدا هەرگیز پرۆژەی بونیاندنانی نیشتمان نە ئاستی فیزیکی، نە فیکریی، نە بەرژەوەندی لەئارادا نەبوە. لێرەدا دۆخێکی دۆنکیشۆتەیی سەیر لەئارادایە، خەڵک توڕەن لەوەی کە نە دەیانەوێت دروستی بکەن و نە هەوڵیانداوە دروستی بکەن. نیشتمان لەدەقێکی شیعرییەوە لەدایک نابێت. بەختیار عەلی-ش بەکاریگەریی رۆماننوسی نەمساوی توڕە، تۆماس بێرنارد هەمان دیدی بۆ نیشتمان هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار