ئەمیر کێیە، مەئمور کێیە؟
4 ساڵ لەمەوپێش
سوارە محەمەد
رۆژی ٥ی ئەم مانگە لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا کۆبوونەوەیەک رێکخرا، پەرلەمانتارەکانی کوردستان لەبارەى بارودۆخی باشووری کوردستانەوە پرسیاریان لەسەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەى کردو سەرۆک وەزیران و جێگرەکەشی هەوڵیاندەدا بەناوی حکومەتەوە وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە، بەڵام زۆر تەنگاوبوون، چونکە کێشەکان زۆربوون و چارەسەریش نەبوو. سەرۆک وەزیران و حکومەتەکەى بۆ ئەوەى ئەو کێشانە چارەسەربکەن هاتنەسەر کار، بەڵام سەرباری تێپەڕینی ئەو ماوە زۆرەش، کێشەکان چارەسەر نەبوون و پەرلەمانیش ناڕەزایەتیی خۆی نیشاندان. ئەگەر پەرلەمان ئەوەندە سوودی هەبێت، باشە لەبری پەرلەمان گەل بۆ خۆی بیتوانیایە پرسیاری لەسەرۆک وەزیران بکردایە، چ پرسیارێک و پرسیاریان لێدەکرد؟ دەیانوت بەڕێز سەرۆک وەزیر، ئەم کێشانەى ئێمە بۆ چارەسەر ناکرێن؟ سەرباری دەوڵەمەندیی زۆری سەرزەوی و ژێرزەویمان، باشە بۆ ئێمە بەهەژاری دەژیین؟ سەرباری ئەوەى نەوتمان هەیەو نەوتەکەش دەفرۆشرێت، بەڵام پارەی ئەو نەوتە بۆ کوێ دەڕوات، بۆ ئەو پارەیە بۆ خزمەتگوزاری لەکۆمەڵگەدا بەشێوەیەکى دادپەرەوەرانە خەرج ناکرێت؟ چۆن دەبێت هەندێک کەس لەهەرێمی کوردستاندا بەو رادەیە دەوڵەمەندبن، بەڵام زۆرینەى کۆمەڵگە بەو ئەندازەیە هەژار بن؟ باشە ئەو هەژارییەی، کە لەکۆمەڵگەدا هەیە، ئێوەو دەوروبەرەکەتان تیایدا دەژین؟ باشە جگە لەداوای پارەی زیادە لەعێراق ئێوە هیچ پرۆژەیەکی ترتان هەیە یان نا؟ باشە ئێمە وەک گەلی کورد ئەوەندە بێغیرەت و بەکەڵک نەهاتووین، کە بەو رادەیە لەهەژاریدا بژین؟ باشە ئێوە بۆ زیندووکردنەوەى کشتوکاڵ و ئاژەڵداری چیتان کردووەو پلانتان چییە؟ باشە ئێوە مووچەى ئەو هەموو کارمەندو کرێکارە چۆن دەدەن؟ باشە، ئێوە چ پرۆژەیەکتان هەیە، کەگەنجانی کورد چاو نەبڕنە وڵاتانی ترو بیانەوێت لەوڵاتی خۆیاندا بمێننەوەو خزمەتى وڵات و گەلی خۆیان بکەن؟ ئێوە چۆن گرەنتی و زەمانی داهاتووی ئەم گەلە دەکەن؟ وڵاتەکەمان لەلایەن داگیرکەرانەوە رۆژ بەڕۆژ داگیردەکرێت، ئێوە لەبەرامبەر ئەو داگیرکەرییەدا چی دەکەن؟ ئێوە بۆ ناڕەزایەتیی بەهێز نیشان نادەن و دەوڵەتی عێراق و هەموو وڵاتانی دونیا ناخەنە سەرپێ تاوەکو لەدژی داگیرکەریی تورکیا بوەستنەوە؟ دەوڵەتێک، کە لەباکووری کوردستان پاکتاوکردن، لەڕۆژئاوا و باشووری کوردستان داگیرکەری دەکات، چۆن دەکرێت ببێت بەدۆستی ئێوە؟ چ بەرژەوەندییەکتان لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا هەیە؟ هەموو رۆژێک لەباکووری کوردستان سیاسەتمەداران دەستگیردەکرێن، مرۆڤ لەکۆپتەرەوە هەڵدەدرێنە خوارەوەو دەکوژرێن، ئێوە بۆ یەک رەخنەش لەدەوڵەتی تورک ناگرن؟ باشە ئێوە چۆن ئەو مافە بەخۆتان دەدەن، ئێمە وەک هاوبەشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا نیشان بدەن؟ ئێوە چۆن دەتوانن ئەو شتە شومە بەناوی ئێمەوە ئەنجامبدەن؟ باشە ئێوە لەبارەی یەکێتیی کوردانەوە بیر لەچی دەکەنەوە؟ ئاشکرایە مرۆڤ دەتوانێت ئەو پرسیارانەو چەندین پرسیاری تریش بکات، هەر خۆی پەرلەمانیش لەبارەى کێشە کۆمەڵایەتییەکان، ئابووری، خزمەتگوزاری و ئاسایشەوە بەئەندازەی پێویست پرسیاریان کرد، بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە، کە سەرۆک وەزیر خۆی بەبەرپرسیاری ئەو کێشانە نەزانی. ئێ کێ بەڕێوەی دەبات ئێوەن، بەڵام بەبڕوای ئەوان هۆکاری قەیرانی ئابووری، کۆرۆناو دابەزینی بەهای نەوتە. ئێ کێ بەڕێوەی دەبات ئێوەن، بەڵام بەبڕوای ئەوان هۆکاری نەدانی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندان، حکومەتی فیدراڵی عێراقە، ئێ کێ بەڕێوەی دەبات ئێوەن، بەڵام هۆکاری نەبوونی خزمەتگوزارییەکان بۆ حکومەتەکانی پێشوو دەگەڕێننەوە. ئێ کێ بەڕێوەی دەبات ئێوەن، بەڵام بەپێی ئەوان هۆکاری هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا پەکەکەیەو هێرشەکانیش رەوان... ئەوە درێژەى کێشاو درێژەى کێشا.
باشە، مادام بەرپرسیاری هەموو ئەو شتانە حکومەتەکانی ترن، کەواتە ئێوە لەچی بەرپرسیارن؟ باشە مەگەر ئەرک و بەرپرسیاریی ئێوە ئەوە نییە، کەئەو شتانە چارەسەربکەن؟ ئەگەر ئێوە ئەو کێشانە چارەسەر ناکەن، ئەی ئەو کاتە ئەرکی ئێوە چییە؟ بەهەرحاڵ ئێوە ئەو ئەرکەتان بۆ گـلەیی و بۆڵەبۆڵ وەرنەگرتووە؟ هەر خۆی داوای دەست لەکارکێشانەوە لەسەرۆک وەزیران کرا، بەڵام سەرۆک وەزیران ئەوەی قبوڵ نەکردو باسی ئەو متمانەیەی کرد، کە لەگەلەوە بەدەستهاتووە، بۆ حکومەتی نوێش باسی ئەو هەڵبژاردنەى کرد، کەبڕیارە لەپێشەڕۆژدا بکرێت، بەداخەوە ئەگەر دۆخێکی نائاسایی روونەدات، ئەو قسەیەى سەرۆک وەزیران راستە، چونکە سیستمەکە بەو شێوەیەیە، ئەوەش نەخۆشیى سیستمی دیموکراسی نوێنەرایەتییە.
لەسیستمی دیموکراسیی نوێنەرایەتیدا هەندێک کەس بەدەرفەت و توانای نایەکسانەوە دەچنە هەڵبژاردنەوەو لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێن و تاوەکو چوار بۆ پێنج ساڵیش هیچ کەسێک ناتوانێت بیانگۆڕێت، بۆ گۆڕینیان دەبێت چوار بۆ پێنج ساڵ تێپەڕێت، رۆڵی گەل تەنها بەکارهێنانی دەنگە، کە چوار بۆ پێنج ساڵ جارێک بەکاردەهێنرێت. تەنانەت ئێمە ئەوەش دەزانین، ئەو هەڵبژاردنانەى بەڕێوەدەچن زۆر گوماناوین، چونکە هەم لەکاتی ئامادەکاریدا شەرت و مەرجی یەکسان بوونی نییەو هەمیش لەکاتی ژماردنی دەنگەکاندا گەندەڵی و ساختەکارییەکی زۆر هەیە، گوایە ئەوە ناوی دیموکراسییە، بەڵام ئێمە هەموومان دەزانین ئەوەى هەیە دیموکراسی نییەو شتێکی ترە، سەرباری ئەوەش، وەک کارێکی رۆتین ئەو هەڵبژاردنانە بەڕێوەدەچن، ئێمەش وەک گەل ئەو شتە ئەنجامدەدەین، کەدەکەوێتە سەرشانمان و دەنگی خۆمان بەکاردەهێنین و هەندێک کەس هەڵدەبژێرین و ئەرکیان پێدەدەین و چاوەڕێ دەکەین، کەکێشەکانمان چارەسەربکەن و خزمەتمان بکەن، بەڵام ئەمڕۆ زۆر باش ئەوە دەبینرێت، ئەو کەسانەى کە لەلایەن ئێمەوە هەڵدەبژێردرێن بەئەندازەی پێویست کێشەکان چارەسەر ناکەن، ناجوڵێنەوەو کارناکەن، ئەو ئەرکەى لەئێمە وەریانگرتووە بۆ خزمەتی ئێمە بەکاری ناهێنن. تەنها ئێمە دەبینین تاوەکو دێت ئەوان دەوڵەمەندتر دەبن. لەوکاتەدا دەبێت ئێمە چی بکەین؟ پێمان دەوترێت چەند ساڵی تر چاوەڕێ بن. باشە ئاخۆ لەتواناماندا ماوە؟ باشە ئاخۆ ئێمە دەتوانین ژیانمان بسوڕێنین و بژێویی ژیانمان دابین بکەین؟ روون و ئاشکرایە، کە بەو شێوەیە نابێت و بەڕێوەناچێت، مادام حکومەت متمانەى لەئێمەوە وەرگرتووە، لەوکاتەدا با بەپێی خواستی ئێمە بجوڵێتەوە، مادام دەسەڵات بناغەکەى گەلە، گەل فەرماندەی حکومەتەو حکومەتیش فەرمانبەرە، لەوکاتەدا دەبێت هەموو کەسێک ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، کاری ئێمە تەنها بەکارهێنانی دەنگ نییە. ئێمە گەلین، یانی ئێمە ئەمیرو ئەو حکومەتەش مەئمورە. ئێمە متمانەمان بەحکومەت داوەو ئەوانیش هەموو کارەکان بەناوی ئێمەوە دەکەن، بەڵام بەپێی خواستی ئێمە نایکەن، لەوکاتەدا دەبێت ئێمە پێیان بڵێین، خۆتان لادەن، ئەگەر ئەوان خۆیان لانەدەن دەبێت ئێمە لایان بدەین..