نالیو چین
سهردار عزیز
4 ساڵ لەمەوپێش
سهردار عزیز
نالی شاعیر لەشیعرێکدا باس لەچین دەکات، لەم شیعرەدا نالی دەربڕی ئەو ئاگاییە کە لەو سەردەمەدا لەئارادبوە دەربارەی وڵاتی چین، هەرچەندە شیعرەکە دەربارەی وڵاتی چین نیە بەتایبەتی، بەڵکو یارییەکی زمانەوانییە بەوشەو ناوی چین.
نالی دەنووسێت: خەتات فەرموو کە خۆشە چین و ماچین، کە ناچین، لێرە خۆشە چینی ماچین. برۆت ھەر چین و پەرچەم چین لەسەر چین. ئەمەندە چینە، قوربان، پێم بڵێ چین؟! ، ئەم دێرە بۆ من چەند ئاڵۆزییەک لەخۆی دەگرێت دەربارەی ئاگایی ئێمە لە مێژوودا، دەربارەی وڵاتێک بەناوی چین، لەشیعرەکەدا چین و ماچین پێکەوە هاتوون. هەتا ئەم دواییەش وەهام دەزانی ئەم چین و ماچینە، بەشێکە لەو تەکنیکی زمانی نەنوسراو، وەک شیعرو میعرو بزن و مزن و ژن و من و زۆری تر. ئەم تەکنیکە بۆ ئەوە داهێنراوە هەتا بەئاسانی ئەزبەر بکرێت، چونکە نووسین بەشێک نەبووە لە کەلتور. بەڵام پاش کارکردن لەسەر چین بۆم دەرکەوت ماچین مێژووییەکی تایبەتی هەیە.
لەشیعرەکەدا چین وەک جێگایەکی خۆش دەردەکەوێت، بەڵام لەشیعری سۆفیگەری تایبەت بەمەحبوبەدا هیچ جێگایەک خۆش نیە بەبێ ئەو. شیعری سۆفیگەریی و خۆشەویستی کوردی بەگشتی دەربڕی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتی و دەروونیە نەخۆشەیە کەڕێگە بەگەیشتن بەخۆشەویست نادات، بەڵام ئەمە بوارو باسی ئێمە نیە ئەمڕۆ.
چین لەئەدەبیاتی گشتی ناوچەکەدا وەک شوێنێکی دوور دەبینرێت، شوێنێک کەگەیشتن پێی سەخت یان مەحاڵ بێت. ئەمە لەکاتێکدا سەردەمێکی زۆرە رێگاو جوڵە لەنێوان چین و ناوچەکەدا بوونی هەیە، ئەوەی کەپێی دەڵێن رێگا یان رێگاکانی ئاوریشم، چین ناوێکی سەیرە، وەها دەردەکەوێت یان وەها ناسراوە کەناوێکی دێرین بێت، بەڵام بەگشتی ناوێکی نوێیە، ئەوەی باوە ئەوەیە کەناوی چین دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بنەماڵەی چین، لەڕاستیدا چینگیەکان چینی نەبوون، لەناوەوەی ئاسیاوە هاتبوون و ئەو سەرزەمینەی کە بەچین ناسراوە بەشێک بوو لەئیمپراتۆریەتەکەیان.
بڵ هەیتۆن لەکتێبە نوێکەیدا بەناوی داهێنانی چین، دەڵێت هەتا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەش چین وەک ناوی شوێنێک تەنها لەئاگایی بیانییەکاندا هەبوو، نەک چینیەکان خۆیان. ئەم پرۆسەی داهێنانە تەنها چینیەکان نەیانکردووە، بەڵکو هەموو ئەو وڵاتانەی کە لەئیمپراتۆریەتەوە گۆڕاون بۆ دەوڵەت نەتەوە هەوڵی ئەم فێڵەیان داوە.
ئەو ماچینەی کە نالی بەکاریدەهێنێت لەمانجیەوە هاتووە، وشەکە لەزمانی چینیدا مانزییە، کە مانایەکی ناشیرینی هەیەو بەمانای بەربەرییە باشوورییەکان دێت. ئەم وەسفە لەلایەن هانەکانەوە بۆ ئەوانە بەکاردەهێنرا کە هان نەبوون. هانەکان زۆرینەی خەڵکی چینن، کەنزیکەی (٩٠٠) ملیۆن کەسن.
تورکیا یەکێکە لە نموونە دیارەکانی وەک چیناسی تورکی مارکسی عارف دیرلیک باسی دەکا، ناوی چین یەکەمجار لەپورتوگالییەکانەوە داڕێژراوە، دورات باربۆسا لەساڵی ١٥١٦ وشەی چینی بەکارهێناو لەساڵی ١٥٥٥ ریتچارد ئیدن ئەم کارە وەردەگێڕێت بۆ ئینگلیزی، ئەم کارەی باربۆسا (١١١) ساڵ پێش باڵادەستی بنەماڵەی چینگ دێت بەسەر چیندا.
ئەو ماچینەی کە نالی بەکاریدەهێنێت لەمانجیەوە هاتووە، وشەکە لەزمانی چینیدا مانزییە، کە مانایەکی ناشیرینی هەیەو بەمانای بەربەرییە باشوورییەکان دێت. ئەم وەسفە لەلایەن هانەکانەوە بۆ ئەوانە بەکاردەهێنرا کە هان نەبوون. هانەکان زۆرینەی خەڵکی چینن، کەنزیکەی (٩٠٠) ملیۆن کەسن. ئەمە لەئەو سەردەمەدا کەچین دابەشبووبوو لەنێوان بنەماڵەی جین و بنەماڵەی سۆنگ لەباشور. مارکۆپۆلو مانزی کردووە بە مانجی و لەڕێگەی ئەوەوە گەیشتووەتە ئەوروپا، وەها دیارە ئەم ناوە لەئەوروپاوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووە، وەک زۆر ناوی تر. مێژوی ئەم ناوە چەند خەسڵەتێکی مێژوو کەلتورو جوڵەی مرۆیی و مەعریفیمان بۆ دەردەخات.
یەکەم، بەکارهێنانی نالی مانای ئەوەیە ئەو وەک کەسێکی بەئاگای سەردەمی خۆی بەئاگا بووە لەبوونی ئەم ناوە. ئەمە بەئەو مانایە دێت کەئەم ناوە بوونی هەبووە لەکەلتورەکانی ناوچەکە وەک عەرەبی و فارسی بەتایبەت. دەزانین کە ئیبن بەتوتە بەکاریهێناوە.
دووەم، پرۆسەی ناونان و ناسینەوە چۆن بەرهەمهاتوە لەمیانەی کەسەکان و کەلتورەکان و زمانەکانەوە.
سێیەم، چۆن ئەم مێژووە ئەمڕۆ لەمیانەی هەڵکشانی چیندا وەک هێزێکی گەردوونی جارێکی تر بەرهەم دێتەوە.
لەمیانەی کارکردنم لەگەڵ هاوەڵە چینیەکەمدا ئەوەم بۆ روون بوەوە کەچۆن چین لەپانتاییەکی ئەفسانەییەوە دەگۆڕێت بۆ یەکەیەکی ئایدۆلۆجی و پاشان بۆ خەسڵەتی جۆرێک لەکاڵاو لەداهاتودا دەبێتە یەکەیەکی سیاسی، بەڵام ئایا ئێمە دەتوانین دەستبەرداری فەنتازیا و ئایدۆلۆجیا ببین لەتێگەیشتن لەچین لەقۆناغی سیاسی و ئابوریدا، بۆ ئەوەی بتوانین باشتر لەزلهێزەکانی تر مامەڵەی لەگەڵدا بکەین؟؟ ناو راستەوخۆ پەیوەستە بەشوناسەوە. ناوی چین ئەمڕۆ وەها بەرهەم دێت کەدەربڕی خەڵک و وڵات و مێژوو و شارستانی و گەلێک بێت کەچەندین هەزار ساڵە وەک شارستانیەتێک پێکەوە دەژین، ئەمە کرۆکی پرۆژەی ناسیونالیزمی چینیە، لەبیرمەندی مارکسی ئیریک هۆبسباومەوە فێردەبین کەڕابردوو بەپێی پێداویستی ئێستا بەرهەم دەهێنرێتەوە. ئەم دیاردەیە لەسەدەی هەژدە دادەهێنرێت، ئەمە لەمیانەی هەوڵی تێگەیشتنی ئێمە بۆ تێگەیشتن لەچین وەک زلهێزێک گرنگە، چونکە ئەگەر بەئاسانی تەسلیمی بین ئەوا ئەو تراژیدیایە دووبارە دەکەینەوە کەهەتا ئەمڕۆ لەگەڵ زلهێزێکی وەک ئەمریکادا هەمانە.
کیسنجەر لەحەفتاکان لەدانیشتنێکدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لەئێران دەڵێت دەمەوێت پرسی کورد وەک برینێکی ساڕێژنەبوو بمێنێتەوە. برینی سارێژنەبوو دەربڕینێکی شاعیرانەی ناو دونیای پڕ لەناڵە و بۆڵەی کوردییە، بەڵام لەئاستی جیوپۆلەتیکیدا هێندە شاعیرانە نیە، بەداخەوە.
لێرەدا گەر بەخێرایی ئاماژەی پێبدەم، بیرکردنەوەی شیعری کە بەسەر دونیای ئێمەدا زاڵە بیرکردنەوەیەکی مناڵانەیە. ماچین لەمیانەی تێگەیشتنی ئێمەدا بۆ چین تەنها ناوێکی تر نیە، یان دەربڕینێک نیە بۆ خەڵکانێک، یان خۆ بەباڵازانینی هانەکان نیە بەسەر ئەوانی تردا. بنەمای دیدی مەملەکەت ناوەند یان ناوەندی دونیا نیە، بەڵکو بەشێکە لەپرۆسەی ناونان و جیاکاریی و خودبینین و پەیوەندی بەئەوانی ترەوە، ئێمە جۆرێکین لەماچین بۆ چینی ئەمڕۆ، لە بەزلهێزبوونی چین دەبێت ئێمە بەمێژوو و پرۆسەی مێژووگەرێتی و ناسیونالیزمی ئەو وڵاتەدا بڕۆینەوە، بەبێ ئەنجامدانی کارێکی وەها ناتوانین لەڕەفتاری ئەو وڵاتە تێبگەین.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ شیعرەکەی نالی، ئێمە چیدی بژاردەی ئەوەمان نیە نەچین بۆ چین. ئەگەر نەشچین، ئەوا چین دێت بۆ لای ئێمە، لەهەمانکاتدا ئێمە بژاردەی ئەوەمان نیە کە مەحبوبە بگۆڕینەوە بۆ چین، چین لەپرۆسەی پەلهاویشتنیدا خۆی لەهەناوو دەوری ئێمە دەپێچێت، چیدی بیرکردنەوەی سۆفیانەو عاشقانەو سێکسییانە دەردی ئێمە دەوا ناکات. ئێمە بەڕەجاڵی لەدونیاداین، دەکرێت ئەم پاشخانە بەکاربێت بۆ ئێستاو داهاتوو، وەک بنەمایەک بۆ دەسەڵاتی نەرم، بەڵام ئەمیش کوڕی خۆی دەوێت، دەکرێت نالی وەها لێبکەین لەئەمڕۆدا خەتا نیە بفەرمووی خۆشە چین و ماچین، کە ناچارین بچین چیدی لێرە خۆشە نیە، چینی بێ چین. کراست ھەر چین، دەرپێت هەر چین و چین لەسەر چین. ئەمەندە چینیە، قوربان، پێم بڵێ چیە چین؟!