یه‌که‌م حاڵه‌تى کۆرۆناى گۆڕاو له‌ عێراق تۆمارکرا

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاند، بۆ یەکەمجار چەند تووشبوویەکی کۆرۆنای گۆڕاو لەنێو منداڵاندا لە عێراق دەستنیشانکران.

ئەمڕۆ دووشەممە 15-02-2021، د. حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا  رایگەیاند "چەند تووشبوویەکی کۆرۆنای گۆڕاو لەنێو منداڵاندا دەستنیشانکراون" ، بەڵام ئاماژەی بە ژمارەی تووشبووەکان نەکردووە. 

وەزیری تەندروستی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند، تیمە تەندروستییەکان لە شەقامەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بڵاوبوونەتەوە و هەرکەسێک سەرپێچی لە جێبەجێکردنی رێنمانییە تەندروستییەکان بکات، سزا دەدرێت. گوتیشی "پێویستە هاووڵاتیان رێکارەکان بەباشی جێبەجێ بکەن و پابەندی رێنمایی و بڕیارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بن."

پێشتر د. حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری نەجەف رایگەیاند بوو، بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا نیگەرانیکردوون، لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەی تووشبووان دوو بەرامبەر زیادیکردووە و لە رۆژانی داهاتوودا پێشبینی زیاتری تووشبووانیش دەکەن. وەزیری تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، کۆتایی مانگی شووبات، ڤاکسینی کۆرۆنا دەگات و دەست بە دابەشکردنی دەکەن و دەشڵێت، "زیاتر لە 30 هەزار کارمەندی وەزارەتی تەندروستی تووشی کۆرۆنا بوون و 83 کەسیان بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە."

هەروەها وەزارەتی تەندروستی عێراق رایدەگەیێنێت، تەکنینکی تاقیگەیی نوێیان هێناوە بۆ دیاریکردنی ڤایرۆس و وەچەکەی. ڤایرۆسە گۆڕاوەکە گەیشتووەتە عێراق و وڵاتانی دراوسێش.

بەپێی ئامارەی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، تاوەکو ئێستا 643 هەزار و 852 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 607 هەزار و 59 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 13 هەزار و 179 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار