عه‌لى حه‌مه‌ساڵح: به‌ویژدانه‌وه ده‌ڵێم سه‌رجه‌م تۆمه‌ته‌کانى سه‌ر شێروان شێروانى به‌ڵگه‌ى له‌سه‌ر نه‌بووه
"شێروان شێروانى وه‌ڵامى سه‌رجه‌م تۆمه‌ته‌کانى له دادگا دایه‌وه‌و سه‌ره‌راى ئه‌وه شه‌ش ساڵ حکومدرا

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
عه‌لى حه‌مه ساڵح ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان له‌فراکسیۆنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ناوه‌رۆکى دادگایکردنى ئه‌مڕۆى رۆژنامه‌نوس شیروان شیروان بڵاوکرده‌وه.
عه‌لى حه‌مه‌ساڵح به‌مجۆره ناوه‌رۆکى دادگایکردنه‌که‌ى گێڕاوه‌ته‌وه:
ئه‌مه چیرۆکى شیروان بوو
کاتژمێر نزیک ده‌بوه‌و له 2:30 ، گوته‌ى داواکارى گشتى و نوێنه‌رى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و پارێزه‌رانى به‌رگریکارو تۆمه‌تباران وه‌رگیرابوو.. چاوڕێ بوین ده‌سته‌ى دادوه‌رى بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕاگه‌یاندنى حوکمى دادگا.
چه‌ند خوله‌کێک له‌گه‌ڵ شیروان و ئه‌و چوار که‌سه‌ى دیکه قسه‌م کرد..
من و شیروان چه‌ندین جار یه‌کمان دیوه، ھاتوه‌ته ماڵم و ڕۆشتومه‌ته ماڵی، ساڵى ٢٠١٨ که له زاخۆ په‌لاماردرام شیروانم له‌گه‌ڵ بوو.. واته دۆستایه‌تى و ناسراویمان ھه‌بوو...
شیروان له قه‌فه‌زى تۆمتبوو، زۆر لاوازبوو، باسى شوێنێ زیندانى بۆ ده‌کردم که ھۆڵێکى بچوکه جێگاى ٣٠ که‌سه‌و نزیکه‌ى ١٠٠ که‌سى تێدایه!! له نێو باسى بێتاوانى خۆى له پێ وتی: عه‌لى ته‌کلیفێکم لێت ھه‌یه ده‌توانى شتێکم بۆ بکه‌یت.. وتم: چی؟
وتی: عه‌لى گرنگ نیه چه‌ند سزا ده‌درێم، به‌س تکات لێده‌که‌م ئه‌وه‌ى له دادگا بینیت وه‌ک خۆى بیگه‌یه‌نه، باخه‌ڵک وانه‌زانێ من تیرۆرستم یان سیخوڕ‌ى بۆلایه‌نێکى ده‌ره‌کى ده‌که‌م. چیت دیوه له‌م دادگا وه‌ک خۆى بیگێڕه‌وه..
وتم: بیخه‌مبه‌و ھه‌مویم نوسیوه‌و ده‌یگه‌یه‌نم..
ئه‌و به‌ڵێنه‌ى دام، لێره جێبه‌جێى ده‌که‌م..
وه‌ک خۆى چیرۆکى دادگایى کردنه‌که ده‌گێڕمه‌وه..
شیروان تۆمه‌تبارکرا به‌وه‌ى داواى زانیارى ده‌کات له‌سه‌ر به‌رپرسێکى ئه‌منى سمێل، شیروان ڕه‌تیکرده‌وه ئه‌و ده‌نگه ده‌نگى ئه‌و بێت!
ئه‌و ده‌نگه ھى ھه‌ر که‌س بێت ( شیروان له‌به‌رده‌م دادوه‌ر وتى : ھى من نیه) ته‌نیا پرسیارى ئه‌وه‌ى کردبوو ئه‌و به‌رپرسه کێیه‌و چیه... ھیچ شتێکى تێدا نه‌بوو تاوانى به‌رامبه‌ر ئه‌نجام بدرێت و ڕۆژانه ڕۆژنامه‌نوس ئه‌و پرسیارانه ده‌که‌ن..
یه‌کێک له‌و تۆمه‌تانه‌ى ئاراسته‌ى شیروان کرا، وێنه‌ى باره‌گاى ده‌زگاى ئه‌منى گرتوه‌و ئه‌مه کارى سیخوڕیه...
شیروان وتی: من ڕۆژنامه‌نوسم و سه‌رنوسه‌رى گۆڤارى باشوربوم، ئه‌و وێنانه‌ى گرتومه وێنه‌ى زیندانى نھێنین نه‌ک ده‌زگاى ئه‌منى و پێش ساڵى ٢٠١٥ له گۆڤارى باشور بڵاومکرده‌وه، بۆ ئێستا له‌سه‌رى دادگایى ده‌کرێم ؟
پلانى عه‌سکه‌ریم ئاشکرانه‌کردوه، شاھید قسه‌ى کردوه سجنه‌و که‌سیش سکاڵاى نه‌کرد له‌سه‌رم ئه‌وکات..
داواکارى گشتی، که زۆر توندبوو له‌سه‌ر سزادانى شیروان و وتی: تۆ ئه‌ندامى سه‌ندیکاى ڕۆژنانوسان نیت، چۆن کارى ڕۆژنامه‌وانى ده‌که‌یت! پێوابوو ئه‌مه تاوانه؟ چه‌ندین جار پێداگیرى له‌سه‌ر ئه‌مه کرد..
شیروان وتی: ئه‌و گۆڤاره‌ى من سه‌رنوسه‌رى بوم مۆڵه‌تى ھه‌بوه، ھیچ مه‌رجێکى یاسایى نیه، که ڕۆژنامه‌نوس ئه‌ندامى سه‌ندیکا بێت..
تۆمه‌تێکى دیکه ئاراسته‌ى شیروان کرا، ئه‌وه‌بوو به‌شدارى خۆپیشاندانى دھۆک له ٥ى ٢ى ٢٠٢٠ کردوه ئایا مۆڵه‌ت ى ھه‌بوو؟
شیروان وتی: به‌شدار نه‌بوم.
تۆمه‌تێکى دیکه ئاراسته‌ى شیروان کرا، دروستکردنى گروپ بوه؟
وتی: ته‌نیا گروپى چاتمان ھه‌بوه‌و بۆ ئاڵوگۆڕى زانیارى و کۆکردنه‌وه‌ى زانیارى له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى و خراپى خزمه‌تگوزاری، و به‌نیازى نوسینى په‌رتوکێک بوم له‌سه‌ر تیرۆرى سیاسى له ساڵى ١٩٩١ بۆ ٢٠٢٠، ئه‌مه‌ش پێویستى به کۆکردنه‌وه‌ى زانیارى و به‌ڵگه ھه‌بوه..
شیروان ڕه‌تیکرده‌وه له ھیچ گروپێکى چه‌کداریدا به‌شدار بوبێت، وتی: من دژى چه‌کم و دژى کوشتنم، نه‌ک چه‌کم نه‌بوه‌و له ماڵیشمدا ھیچ جۆره چه‌کو ته‌قه‌مه‌نیه‌ک نه‌گیراوه، ھه‌ر نازانم چه‌کیش به‌کاربێنم..
ھیچ به‌ڵگه‌یه‌ک نه‌خرایه‌ڕوو که شیروان به‌شێک بێت له ھیچ گروپێکى چه‌کدارى یان ھیچ چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیه‌ک له ماڵیدا گیرابێت..
شیروان، تۆمتبارکرا ئه‌ندام بوه له ڕێکخراوێک به‌ناوى ١٧ى شوبات، ئه‌م ڕێکخراوه‌ش مۆڵه‌تى نیه
شیروان، وتی: له به‌لجیکا مۆڵه‌تمان ھه‌یه، ڕێکخراوه‌که‌ى ئێمه سیاسى و چه‌کدارى نیه‌و ھه‌ر کارێکم کردوه له چوارچێوه‌ى مافى مرۆڤ و کارى ڕۆژنامه‌وانى بوه.
شیروان، تۆمتبارکرا به‌وه‌ى وێنه‌ى فڕۆکه‌یه‌کى له دوره‌وه له فڕۆکه‌خانه‌ى ھه‌ولێر گرتوه له کاتى ھه‌ستاندا، شیروان ڕه‌تیکرده‌وه‌و وتی: ئه‌و وێنه ھى ٢٠١٢ له‌گه‌ڵ دوو ڕۆژنامه‌نووسى فه‌ڕه‌نسى چومه سه‌رى کانى و له‌وێ وێنه‌گیراوه نه‌ک ھه‌ولێر..
له‌باره‌ى په‌یوه‌ندى به په‌که‌که‌وه، شیروان وتی: ھیچ په‌یوه‌ندیه‌کم به په‌که‌که نیه‌و خیلافیشم ھه‌یه له‌گه‌ڵیان..
تۆمه‌تبارکرا به‌وه‌ی، وێنه‌ى ھه‌ندێک ئه‌فسه‌ر له میسنجه‌ره‌که‌یدا ھه‌بوه...
شیروان، وتی: ئه‌و وێنانه من بۆ که‌سم نه‌ناردوه، به‌ڵکو ئه‌و که‌سه بۆ منى ناردوه"سیخوڕ"ى به‌سه‌ره‌وه کردوم، که‌واته: ئه‌و که‌سه بۆ ده‌ستگیر نه‌کراوه‌و تاوانى من چیه؟
یه‌کێکى دیکه له‌و تۆمتانه‌ى ئاراسته‌ى شیروان کرابوو په‌یوه‌ندیه به‌لایه‌نى ده‌ره‌کى و پێدانى زانیاریه دژ به ھه‌رێمى کوردستان...
داواکارى گشتى وتی: مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌بوه له سومعه‌ى ھه‌رێم بده‌ن له نێوه‌نده جیھانیه‌کان..
شیروان، ره‌تیکرده‌وه‌و وتی: په‌یوه‌ندیم به ھیچ لایه‌نێکى ده‌ره‌کیه‌وه نیه له شته‌کانیان پێچه‌وانه‌ى ھه‌یه جارێک ده‌ڵێن به ئه‌مریکاوه‌و جارێک ده‌ڵێن به ئێران..
به‌ڵێ پێشتر له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى سه‌ندیکاى پارێزه‌رانى پارێزه‌رانى ئه‌مریکا دانیشتوم، ئه‌ویش دواى ده‌ستگیکردنم..
منیش چۆن گیروام پێم وتن... وتیان: ده‌توانین له‌ڕێگاى گه‌وره پارێزه‌رانى جیھانى و دۆسیه‌که‌شت ده‌نێرین بۆ به‌شى ئازادى راده‌ربڕین له نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان..
به‌شدارى خولى ڕۆژنامه‌وانیم کردوه نه‌ک سیاسی..
به‌ھیچ شێوه‌یه‌ک مه‌به‌ستم له‌که‌دارکردنى ناوبانگى ھه‌رێم نه‌بووه، ئه‌وه ئیشى من نیه، وه‌ک ڕۆژنامه‌نوسێک زانیاریم بڵاوکردوه‌ته‌وه..
تۆمه‌تێکى دیکه ئه‌وه‌بوو.. بۆچى له فنلنداوه پاره بۆ خێزانى ته‌حویلکراوه.
شیروان وتی: من یه‌که‌م جاره شتى وا ببستم .
تۆمه‌تێکى دیکه ئه‌وه‌بوه داواى زانیارى کردوه له‌سه‌ر دادوه‌رێک ، شیروان ره‌تیکرده‌وه..
شیروان وتی: دوو لاپ‌تۆپ و موبایلێکم گیراوه، پاسۆردى یه‌کیانم له ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا کرده‌وه‌و ئه‌وانى دیکه نازانم چۆن کراوه‌ته‌وه..
دادوه‌ر وتى دواقسه‌ت چیه..
وتی: من بۆ ئازادى ژیاوم باوه‌ڕم به توندوتیژى و کوشتن و سیخوڕ‌ى نیه... ره‌تى ده‌که‌مه‌وه‌و باوه‌رم به مرۆڤ کوشتن نیه، ئه‌گه‌ر من به‌شێکم له گروپێکى چه‌کدارى بۆچى یه‌کێک له‌و چه‌کدارانه نه‌گیراوه، ئه‌مه گرتنه‌م سیاسیه..
من چى تێگه‌شتم..
به وردى گوێم ده‌گرت و ھه‌مویم نوسی... به ویژدانه‌وه ده‌یگوازمه‌وه‌و ده‌یڵێم.. چوار په‌رله‌مانتارو چه‌ندین پارێزه‌ر شاھیدن..
ھیچ به‌ڵگه‌یه‌کم نه‌بینى شیروان به‌شێک بێت له گروپى چه‌کداری، یان ھانى که‌سێک بدات بۆ کوشتنى که‌سێکى دیکه یان پلانى کوشتن دابنێ یان جێبه‌جێى بکات، ھیچ به‌ڵگه‌یه‌کى به‌ھێزیشم نه‌دى بیسه‌لمێنێت سیخوڕ‌ى بۆ وڵاتێک کردوه.. چه‌ند جارێکیش وتی: به خێزانم ته‌ھدید کراوم و ھاوارى ده‌کرد کێ ئه‌مه قبوڵ ده‌کات...
ئه‌گه‌ر شیروان وێنه‌ى زیندان یان ده‌زگاى ئه‌منى گرتووه‌و بڵاوى کردوه‌ته‌وه، ده‌بوو شه‌ش ساڵ پێش ئێستا‌و له‌سه‌ر ئه‌وه دادگاى بکرایه، نه‌ک ئێستا که گۆڤاره‌که‌ى له ٢٠١٥ه‌وه داخراوه..
تێبینی: ده‌نگێک به کۆمپیوته‌ر لێدرا، شیروان وتى ھى من نیه، دادوه‌ر وتی: دواتر له تاقیگه له‌ره‌له‌رى ئه‌م ده‌نگه به‌راورد ده‌که‌ین بزانین تۆیت.. داوه‌ر پێش ئه‌وه‌ى ئه‌مکاره بکات حوکمى شیروانیدا به‌شه‌ش ساڵ...
ھیواموایه دادگاى ته‌میز باشتر له‌م دۆسیه بکۆڵێته‌وه پێش حوکمى کۆتایی...
گواستنه‌وه‌ى ئه‌م ڕاستیانه‌م له دادگایه‌کى کراوه به ئه‌رکى سه‌رشانى خۆم زانی...
عه‌لى حه‌مه ساڵح
