حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى رێکخراوى (CPJ) ده‌داته‌وه

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
نوسینگه‌ى هه‌ماهه‌نگى نێوده‌وڵه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌وه‌ڵامى رێکخراوێکى نێوده‌وڵه‌تیدا که داواى ئازادکردنى سزادراوانى بادینانى کردبو، ده‌ڵێت" ده‌ستگیرکراوانى بادینان پلانیان بۆ تێکدانى سه‌قامگیریى هه‌رێمى کوردستان هه‌بووه".
ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌که:
له وه‌ڵامى لیژنه‌ى پاراستنى رۆژنامه‌نوسان، سى پى جه‌ی، تۆمه‌تباران دادگایى کراون له‌سه‌ر بنه‌ماى یاساى سزادانى عێراقى که له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه په‌سه‌ند کراوه.
دادگاى تاوانى هه‌ولێر بڕیارى له‌سه‌ر سزادانى پێنج داواکراودا. بڕیاره‌که له لایه‌ن سى پى جى ره‌خنه‌ى لێ‌گیرا و داواى له دادگا کرد، بڕیاره‌کان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و سزاى سه‌ر سزادراوان به‌بێ گوێدانه به‌ڵگه و دانپێدانانه‌کان هه‌ڵبگرێت.
به‌م بۆنه‌وه، نوسینگه‌ى هه‌ماهه‌نگى نێوده‌وڵه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه بڵاوده‌کاته‌وه:
به‌گوێره‌ى مادده‌ى 125 له یاساى رێکاره‌کانى دادگا ژماره 23 ساڵى 1971، بڕیاره‌که مایه‌ى تانه لێدانه جا له رێگاى راسته‌وخۆ گواستنه‌وه‌ى دۆسییه له رێگاى دادوه‌ره‌وه بۆ دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه یاخود له رێگاى تانه‌ى خێزان یان پارێزه‌رى سزاداراو له ماوه‌ى سێ رۆژ دواى بڕیاره‌که. ئه‌و دادوه‌ره‌ى بڕیاره‌که‌ى داوه، دۆسییه‌که‌ى ره‌وانه‌ى دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه کردوه که دۆسییه‌که یه‌کلا ده‌کاته‌وه له رێگاى پێداچونه‌وه و دڵنیابونه‌وه له به‌ڵگه و لێدوانى تۆمه‌تباران.
داواکراوان به‌گوێره‌ى مادده‌ى 165 و به‌گوێره‌ى یاساى سزادانى عێراقى ژماره 111 ساڵى 1969 که له لایه‌ن په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه به ژماره 23 له ساڵى 2003 په‌سه‌ندکراوه، دادگایى کراون.
به‌ڵگه‌کان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن، تۆمه‌تباران له رێگاى سۆشیاڵ میدیا و گروپى دانوستان، پلانیان بۆ تێکدانى سه‌قامگیریى هه‌رێمى کوردستان هه‌بوه. به‌ڵگه‌کان بریتین له گرتنى وێنه‌ى ناوچه‌ى قه‌ده‌غه‌کراوى ئه‌منى و ده‌نگه نامه که تێیدا باس له هه‌ڵگرتنى چه‌ک ده‌کرێت دژى حکومه‌ت. تۆمه‌تباران ئۆتۆمبێلى بێ به‌ڵگه‌یان به‌کارهێناوه که چوار مه‌غزه‌نى کڵاشینکۆڤ، تاپێ و دوربینى سه‌ربازیى تێدابوه.
یه‌کێک له تۆمه‌تباران هه‌وڵى وه‌رگرتنى زانیارى له‌باره‌ى شوێنى بۆردومانى فڕۆکه جه‌نگییه‌کانى سه‌ر سنور و تاکتیکى سه‌ربازى پێشمه‌رگه له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى تیرۆر داوه. هه‌روه‌ها چاودێرى چالاکییه‌کانى به‌رپرسانى سه‌ربازییان کردوه. ئه‌م زانیارییانه که له رێکخراوه ناحکومییه‌کان و هاوبه‌شه ده‌ره‌کییه‌کانیان وه‌ریانگرتوه بڵاوکردوه‌ته‌وه. ئه‌م به‌ڵگانه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن که ئه‌و که‌سانه رۆژنامه‌نوسیان بۆ مه‌به‌ستى سیاسى خۆیان به‌کارهێناوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش، تۆمه‌تباران له سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسانى هه‌رێمى کوردستان ناویان تۆمار نه‌کردوه و کاریشیان بۆ هیچ دامه‌زراوه‌یه‌کى میدیایى نه‌کردوه. تایبه‌تمه‌ندى رۆژنامه‌نوسیان نییه، تا وه‌ک رۆژنامه‌نوسێک به‌رگریان لێ بکرێت.
یه‌کێک له تاوانباران دانى به‌وه‌دا ناوه، له گروپێکى دانوستان ''چات'' ده‌رکراوه چونکه چالاک نه‌بوه و ئاماده نه‌بوه کاره‌کان ئه‌نجام بدات، دواتریش له دادگا دانى به هه‌ڵه‌ى خۆى بۆ چونه ناو ئه‌و گروپه ناوه.
هه‌ندێک تۆمه‌تکراوه به‌وه‌ى ئه‌م که‌سانه له ژێر فشار دانیان به تاوانه‌کان ناوه، بۆ نه‌هێشتنى ئه‌م گومانه، لیژنه‌ى نێوده‌وڵه‌تى خاچى سور و یۆنامی، مافى سه‌ردانکردنى زیندانه‌کانیان هه‌بوه. پێشتر ئه‌وان رایانگه‌یاندبو، ژینگه و دۆخى ده‌ستگیرکراوان له ئاست بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه.
