ته‌ندروستى هه‌رێم له‌باره‌ى ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆوه روونکردنه‌وه ده‌دات

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بریکارى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند، بڕیاره رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو لیژنه‌ى باڵاى روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى کۆرۆنا له هه‌رێم کۆببێته‌وه و به‌پێى دۆخه‌که بڕیار له رێکاره‌کان بدات، ده‌شڵێت: "ئێمه پێشنیازى که‌ره‌نتینه‌کردنه‌وه‌ى هاوڵاتیانمان نه‌کردووه".
ره‌هێڵ فه‌ره‌یدون، بریکارى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم له فه‌یسبووک بڵاویکرده‌وه: "تا ئێستا هیچ حاڵه‌تێکى زنجیره‌ى نوێى ڤایرۆسى کۆرۆنا تۆمارنه‌کراوه و ئێمه بۆ دڵنیابوونه‌وه له رێگه‌ى رێکخراوى ته‌ندروستى جیهانییه‌وه تێسته‌کان ده‌نێرینه ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بزانین ئایا زنجیره‌ى نوێى کۆرۆنایه یاخود نه‌خێر".
بڕیاره رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو لیژنه‌ى باڵاى روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى کۆرۆنا له هه‌رێم کۆببێته‌وه.
هه‌روه‌ها ره‌هێڵ فه‌ره‌یدون، ده‌شڵێت: "ئێمه پێشنیازى که‌ره‌نتینه‌کردنه‌وه‌ى هاوڵاتیانمان نه‌کردوه، به‌ڵام پێشنیازمان کردووه یان سنووره‌کان دابخرێن یان هاتنى گه‌شتیار و هاوڵاتیانى پارێزگاکانى دیکه‌ى عیراق سنوردار بکرێت و له‌کاتى هاتنیشیان تێستى خێراى کۆرۆنایان بۆ بکرێت و سامپڵیشیان لێوه‌ربگیرێت بۆ پشکنینى PCR".
له‌باره‌ى ئه‌گه‌رى داخستنه‌وه‌ى قوتابخانه‌کان و زانکۆکان و فه‌رمانگه‌کان ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه، "تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییه بۆ داخستنیان، به‌ڵام به‌پێى بارودۆخه‌که لیژنه‌ى باڵاى روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى کۆرۆنا بڕیار ده‌دات".
