یه‌کێتى بۆ عه‌مار حه‌کیم: له‌هه‌وڵه‌کانت بۆ چاره‌سه‌رى بودجه به‌رده‌وامبه

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى داوا له عه‌مار حه‌کیم، سه‌رۆکى ره‌وتى حیکمه ده‌که‌ن له هه‌وڵه‌کانى به‌رده‌وام بێت بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان و به‌تایبه‌ت چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى بودحه‌و دابینکردنى موچه‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێم.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 20ى شوباتى 2021، به‌پێى راگه‌یه‌ندراوێکى نوسینگه‌ى هاوسه‌رۆکایه‌تى یه‌کێتی، بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى له ده‌باشان پێشوازییان کرد له وه‌فدێکى باڵاى هاوپه‌یمانیى عێراقییون به سه‌رۆکایه‌تى عه‌مار حه‌کیم، سه‌رۆکى ره‌وتى حیکمه‌ى نیشتیمانیى و سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى عێراقییون.
له‌دیدارێکدا له‌ژێر رۆشنایى پێشهات و گۆڕانکارییه سیاسییه‌کانى ئێستاى عێراق و هه‌رێمى کوردستان و رێوشوێنه‌کانى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه مێژویى و دۆستایه‌تییه‌کانى نێوان هه‌ردولا، بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا و پێویستى خێراکرنى هه‌نگاوه‌کان بۆ تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌کان و دانانى پلان و به‌رنامه‌ى گونجاو بۆ داهاتو گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌کرا.
هه‌روه‌ها هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگى به‌شدارى هه‌مو لایه‌نه‌کان به کورد، شیعه‌و سونه‌وه کرده‌وه که رۆڵى کارایان هه‌یه له پرۆسه‌ى سیاسى و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندى راسته‌قینه‌ن له به‌ره‌وپێشبردنى کاروانى دیموکراسى له وڵات‌دا.
هاوسه‌رۆکان ئاماژه‌شیان به رۆڵ و هه‌ڵوێستى نیشتمانى عه‌مار حه‌کیم کرد بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان و لێکنزیککردنه‌وه‌ى بیروبۆچونه جیاوازه‌کان و داواشیانکرد که هه‌وڵه‌کانى له‌و پێناوه‌دا به‌رده‌وامبێت به تایبه‌ت له چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى بودجه‌و دابینکردنى موچه‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێمدا.
هاوکات، له به‌شێکى تر‌ى دیداره‌که‌دا هاوسه‌رۆکان ئاماژه‌یان به رۆڵى یه‌کێتى کرد بۆ به‌رده‌وامى هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌کان له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه کوردى و عێراقییه‌کان له پێناو ره‌خساندنى دیالۆگێکى بنیاتنه‌رانه له نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى فیدراڵ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان و دابینکردنى موچه‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێم و لابردنى کۆسپه‌کانى به‌رده‌میان به ئامانجى رێککه‌وتنى یه‌کلاکه‌ره‌وه له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستور.
