ئازاد حه‌مه‌ئه‌مین: پابه‌ندى ئه‌و بڕیارانه نابین که دژى لامه‌رکه‌زین
"سلێمانى نوسراوێکى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندیه‌کان ره‌تده‌کاته‌وه"

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى رایگه‌یاند، فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان چه‌ند نوسراوێکى ئاڕاسته کردوون که له‌مه‌ودوا هه‌موو نوسراوه‌کانى راساندن له ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى بچێته‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر و له‌وێ جارێکى تر راساندنیان بۆ بکرێت، "به‌ڵام ئێمه ته‌واوى ئه‌و بابه‌ته ره‌تده‌که‌ینه‌وه که دژى لامه‌رکه‌زیه".
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 3ى ئازارى 2021، ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین، سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "نوسینگه‌ى راساندنى سلێمانى هه‌ندێک بڕیارى به نوسراو له فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان پێگه‌یشتووه، داوایان کردووه بۆ راساندنى هه‌موو ئه‌و نوسراو و به‌ڵگانه‌ى که په‌یوه‌ندى به ئه‌نجومه‌نى پارێزگا و ژورى بارزگانى سلێمانى و لایه‌نه‌کانى دیکه‌وه هه‌یه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌سه‌ڵاتیان لێوه‌رگرتوینه‌ته‌وه که جێگه‌ى سه‌رسوڕمانه".
ناوبراو راشیگه‌یاند:" ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ولێر یه‌ک یاسایان هه‌یه و یه‌ک ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه و ده‌سه‌ڵاتى هیچ یه‌کێکیان له ئه‌نجومه‌نه‌که‌ى تر زۆرترنیه، به‌ڵام فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه ئه‌وه ره‌تیده‌که‌ینه‌وه و قبوڵى ناکه‌ین".
هاوکات، سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ئه‌وه‌شى خسته‌روو ئه‌و نوسراوه بێمتمانه‌یى حکومه‌ت و دامه‌زراوه‌کانه به تایبه‌ت به‌رامبه‌ر به ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانی، وتیشى "ته‌نانه‌ت له نوسراوه‌که‌دا هاتووه، ئه‌گه‌ر ژورى بازرگانى سلێمانى راساندن بکات بۆ کردنه‌وه‌ى وه‌کاله‌تێک، ده‌بێت جارێکى تر بچێته‌وه بۆ ژورى بازرگانى هه‌ولێر و جارێکى تر راساندنى بۆ بکرێت".
سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌و دڵنیایى به هه‌موو لایه‌ک ده‌دات که ئه‌و نوسراوانه دژى لامه‌رکه‌زیه‌تى کارگێڕى دارایییه‌وه و وه‌کو ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ته‌واوى ئه‌و بابه‌ته ره‌تده‌که‌نه‌وه.
