هه‌ڵمه‌تى کوتان به پێکوته‌ى کۆرۆنا له هه‌ولێر ده‌ستیپێکرد

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
دواى ئه‌وه‌ى 2ى ئازار قۆناغى یه‌که‌مى ڤاکسینى کۆرۆنا گه‌یشته هه‌رێمى کوردستان که رێژه‌که‌ى پێنج هه‌زار ژه‌مه ڤاکسینه، به‌کارهێنانى له‌شارى هه‌ولێر ده‌ستیپێکرد.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 4ى ئازارى 2021 به‌ئاماده‌بونى به‌رپرسانى ته‌ندروستى هه‌ڵمه‌تى کوتان به پێکوته‌ى کۆرۆنا له هه‌ولێر ده‌ستیپێکرد و یه‌که‌م که‌س به‌ناوى "گۆران عوسمان" که‌کارمه‌ندى ته‌ندروستییه ڤاکسینه‌که‌ى وه‌رگرت.
سامان به‌رزنجی، وه‌زیرى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رۆژنامه‌نوسانى راگه‌یاند، قۆناغى یه‌که‌مى ڤاکسینى کۆرۆنا له‌چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌ى کۆڤاکسى سه‌ر به رێکخراوى ته‌ندروستى جیهانى که وڵاتى چین دابینیکردووه گه‌یشته کوردستان و رێژه‌که‌ى پێنج هه‌زار ژه‌مه ڤاکسینه، "حکومه‌تى هه‌رێم سوپاسى کونسوڵخانه‌ى چین ده‌کات که له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى ڤایرۆسى کۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌کى به‌رده‌وام هاوکارییان کردوون".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، بڕیاره له‌چه‌ند رۆژى داهاتوودا قۆناغى دووه‌مى ڤاکسینى کۆرۆناش بگاته هه‌رێمى کوردستان و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیش راهێنانى به‌کارمه‌ندانى ته‌ندروستى کردووه له‌سه‌ر چۆنیه‌تى به‌کارهێنانى ڤاکسینه‌که.
