ئەحمەد داودئۆغڵو: تورکیا رێز لەمافی مرۆڤ ناگرێت و بڕیارهکانى یاسایى نین

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی پارتی ئایندە، رایگەیاند، تورکیا رێز لە مافەکانی مرۆڤ ناگیرێت یەکەم وڵاتی جیهانە لە زیندانیکردنی رۆژنامەواناندا، لەبارەی لێسەندنەوەی پارێزبەندیش لە پەرلەمانتارانی هەدەپە دەڵێت "بڕیارەکان هێندەی سیاسین، هێندە یاسایی نین".
ئەحمەد داودئۆغڵو ئهمرۆ پێنج شهممه، 4ى ئازارى 2021 رایگهیاند لە تورکیا رێز لە مافەکانی مرۆڤ ناگیرێت "بە پێچەوانەوە، چاو سوور دەکرێتەوە لەو کەس و لایەنانەی باس لە ئازادی و مافی مرۆڤ دەکەن. تورکیا یەکەم وڵاتی جیهانە لە زیندانیکردنی رۆژنامەوانان، مافیا و چەتەکان لە دەرەوەن و بەوپەڕی ئازادییەوە چەتەگەری دەکەن. لە تورکیا هاووڵاتییان بەهۆی تویتێکەوە دەستبەسەر دەکرێن، شەرمەزارییە باس لە مافی مرۆڤ بکرێت".
لەبارەی لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە پەرلەمانتارانی هەدەپە، سەرۆکی پارتی ئاییندە ئەوەی خستووەتەڕوو، بڕیارەکان هێندە سیاسین، هێندە یاسایی نین "ئێمە دژی ئەو بڕیارەین، نابێت ویستی گەل ژێرپێ بخرێت".
ئەحمەد داودئۆغڵو لەبارەی هەوڵی دووبارە داڕشتنەوەی دەستووری تورکیا رایگەیاند، ئاکپارتی و مەهەپەی هاوبەشی باس لە هەمواری دەستووری دەکەن، "بەڵام هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان بە پارت و لایەنە سیاسییەکان نەکردووە. من بایەخ بەو بابەتە نادەم، بەر لە هەموو شتێک پێویستە رێز لە یاسا کارپێکراوەکان بگیرێت".
کارنامەی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا خوێندرایەوە و لە 11 ماددەی سەرەکی پێکهاتووە، کە مەبەست لێی ئەنجامدانی ریفۆرمە لە بواری مافەکانی مرۆڤ، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە رایگەیاندووە، بۆ ئەنجامدانی کارێک پێویستە نیازپاکی و کرداری دروست هەبێت، "ئەوەی لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیا بڵاوکرایەوە، نە نیازپاکیی هەیە و نە کرداری دروست. پێموانییە ئەم کارنامەیە گونجاوبێت لەکاتێکدا لە رواڵەتدا پێچەوانەی ئەو بنەمایانەی راگەیێندراون، جێبەجێ دەکرێن. دەبێت ترس و تۆقاندنی خەڵک کۆتایی پێبێت و دواتر گۆڕانکاریی گەورە بکرێت".
