ئەمریکا: ڕێککهوتنى ئهتۆمى لهگهڵ ئێران بهردهوامه

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێران و ئەمریکا دەستیان کردووە بە پەیوەندیی دیپلۆماسیی ناراستەوخۆ لەرێگەی ئەوروپییەکان و لایەنی دیکە، پەیامی چۆنێتی پابەندبوونەوە بە رێککەوتنی ئەتۆمی دەگۆرنەوە.
جەیک سۆلیان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دیپلۆماسیەت لەگەڵ ئێران بەردەوامە، بەڵام هێشتا بە رێگەی راستەوخۆ نییە، کەناڵی پەیوەندی لەڕێگەی ئەوروپییەکان و لایەنی دیکە هەیە و توانیومانە بۆ ئێرانییەکان روون بکەینەوە کە هەڵوێستمان پابەندبوونی ئەو وڵاتەیە بە رێککەوتنی ئەتۆمی، گوێشمان لە هەڵوێستی ئەوان گرتووە.
ئێران بەردەوام رەخنە ئاراستەی وڵاتانی ئەوروپا دەکات کە لە بەرامبەر گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا بێدەنگبوونیان هەڵبژاردووە و پابەندی رێککەوتنی ئەتۆمی نەبوون، بۆ ئەو مەبەستە سایمۆن کۆڤینی، وەزیری دەرەوەی ئیرلەندا هەفتەی رابردوو بە سەردانێکی کورت گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ حەسەن رۆحانی، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبۆوە.
سایمۆن کۆڤینی بە نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ئێران بوو، لە چوارچێوەی ئاسانکارییەکان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران.
لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە وڵاتەکان دەیانەوێت کۆسپ لە بەردەم رێککەوتنی ئەتۆمی دروستبکەن، ئیسرائیل یەکێکە لەو وڵاتانەی کە نایەوێت رێککەوتنی ئەتۆمی دووبارە بکرێتەوە.
دوای بردنەوەی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، پێشبینیدەکرا ئەمریکا بەخێرایی بگەڕێتەوە بۆ نێو رێککەوتنی ئەتۆمی، بەڵام نزیکەی دوو مانگ بەسەر دەستبەکاربوونی جۆ بایدن تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ ئەو مەبەستە نەنراوە.
رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەنێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 واژۆکرا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، لە بەرامبەریشدا ئێران پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکە کەمکردەوە.
