وەزارەتی پەروەردە: تا پانزە ڕۆژی دیکە قوتابخانەکان ناکرێنەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەوامی خوێندنگەکان جگە لە قۆناغی 12ی ئامادەیی و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، سەرجەم قۆناغەکانی دیکەی خوێندن تاوەکو 08-04-2021 رادەگیرێت.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاکان ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-03-2021، کۆبوونەوە و لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دەوامی قوتابخانەکان بۆ پۆلەکانی 1ی بنەڕەتی تاوەکو 12ی ئامادەیی بڕیاریاندا:

1. جگە لە قۆناغی 12ی ئامادەیی و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی- ناحکومی) ، سەرجەم قۆناغەکانی دیکەی خوێندن دەوام تاوەکو 08-04-2021، تەنها بۆ ئەنجامدانی  هەڵسەنگاندنی بازنەی یەکەم و تاقیکردنەوەکانی 20 نمرەی نووسینەکی لە قوتابخانە حکومییەکان و تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز لە قوتابخانە ناحکومییەکان دەبێت. 

2. هەموو ئەو قوتابخانە حکومیانەی هەڵسەنگاندنی بازنەی یەکەم و تاقیکردنەوەی 20 نمرەی نووسینەکیان کردووە، دەوامیان تاوەکو 08-04-2021 رادەگیرێت. 

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات، ئەو بڕیارانە پاڵپشتن بەو دەسەڵاتەی پێماندراوە لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کە لە رۆژی 01-03-2021 کرا.

رۆژی 24-03-2021 عەبدولسەلام دۆلەمەری، سەرۆكی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرمانی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بەر مەبنای راپۆرتە تەندروستییەکان و هەڵسەنگاندنی تەندروستی پۆلی 12ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە بەردەوام دەبن لە پرۆسەی خوێندن، بۆ قۆناخەکانی دیکە لە 1ی بنەڕەتی تاوەکو 11 ئامادەیی دەرگای قوتابخانەکان بە داخراوی دەمێننەوە و پشووەکە درێژ دەکرێتەوە بۆ ماوەیەک تاوەکو کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ئەنجام دەدرێت."

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵای کۆرۆنا هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ دۆخی تەندروستی دەکرێتەوە و دواتر بڕیاری دیکەی وەزارەتی پەروەردە لەبارەی قوتابخانەکانەوە دەدرێتەوە. 

 سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان هۆشداریی لە زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا دا و  راگەیاندبوو، کە تووشبوون بە کۆرۆنا بەرەو لووتکە دەڕوات.

دوایین راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، کە لە 24 کاژێری رابردوودا 601 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و 5 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. ئەمەش بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو نزیکەی 200 تووشبوو زیادیکردووە. 

ئێستا کۆی گشتیی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 117 هەزار و 412 کەس، لەو ژمارەیە 107 هەزار و 640 کەس چاکبوونەتەوە. هەروەها 3 هەزار و 622 کەس گیانیان لەدەستداوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار