راوێژکاری ئەڵمانیا: لەتورکیا بەڕونی مافی مرۆڤ پێشێلدەکرێت

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا رەخنە لە دۆخی مافی مرۆڤ لە تورکیا دەگرێت و پێیوایە لەو وڵاتە پیشێلی بەرچاوی مافی مرۆڤ دەکرێت یەکێک لەو پرسانەی سەرکردەکانی ئەوروپا لەو لوتکەیەدا تاوتوێی دەکەن پرسی پێداچوونەوەیە بە پەیوەندییەکانی ئەوروپا لەگەڵ تورکیا. 

مێرکڵ پێش بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتیی ئەوروپا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی لە بەرلین وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا باسی لە ئەجێندای کۆبوونەوەی لوتکەی بلۆکی ئەوروپا کرد. ئاماژەی بەوە کرد یەکێک لەو پرسانەی سەرکردەکانی ئەوروپا لەو لوتکەیەدا تاوتوێی دەکەن پرسی پێداچوونەوەیە بە پەیوەندییەکانی ئەوروپا لەگەڵ تورکیا، هەروەها قسەکردن لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ بە گشتی لەو وڵاتە.

مێرکڵ لە وتارەکەیدا رەخنەی تووندی لە ئەنقەرە گرت و وتی: "سەرباری ئەوەی تورکیا هاوپەیمان و دراوسێی یەکێتی ئەوروپایە، بەڵام ئەوروپا نیگەرانیی زۆری سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە هەیە".

راوێژکاری ئەڵمانیا چوونە دەرەوەی تورکیا لە پەیماننامەی ئیستانبووڵ بە نموونە هێنایەوە و گوتی: "ئاماژەیەکی خراپە و وادەکات نەتوانرێت لەو وڵاتە رێز لە مافی مرۆڤ و مافی ژنان بگیرێت".

رۆژی 20-3-2021 تورکیا بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، لە پەیماننامەی ئیستانبووڵ تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان کشایەوە.

لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی یەکێتری ئەوروپا پرسی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا دەبێتە یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان و لەو بارەیەەوە جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتییەکە راپۆرتی تایبەتی لەسەر تورکیا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا ئامادە کردووە و دەیخاتە بەردەم سەرکردەکانی ئەوروپا. 

رۆژی چوارشەممە 24-3-2021 رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ  (‌HRW) لە نوێترین راپۆرتیدا سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، مافی چەندین گرووپ و پێکهاتەی جیاوازی لە تورکیا پێشێلکردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار