راوێژکارى کازمی: بەرزکردنەوەى نرخی دۆلار بەردەوام نابێت

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
راوێژکارى ئابوری سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاشکرایکرد، لێدوانی بەرپرس و لایەنە سیاسییەکان لەبارەی گۆڕینی نرخی دۆلار هۆکاری دروستبونی پشێوییە لە بازاڕدا و کاریگەرى لەسەر خواست و خستنەڕوو درووستکردووە. دەشڵێت، "بەرزکردنەوەى نرخ بۆ یەکجارە و بەردەوام نابێت".
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکارى ئابوری مەستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانى عێراق بە رۆژنامەی فەرمی سەباحی راگەیاند، لێدوانی بەردەوامی بەرپرس و لایەنە سیاسییەکان لەبارەی گۆڕینی نرخی دۆلارناجێگیری لە جموجۆڵى بازاڕدا دروستدەکات.
دەشڵێت، ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی کاریگەرى لەسەر خواست و خستنەڕووبکات، بەتایبەت لە ئێستادا هیچ کام لە پێشبینییەکان لەوبارەیەوە یەکلایینەکراونەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، یەکجار نرخی دۆلار بەرزکراوەتەوە و بەردەوامنابێت، هەر هەواڵ و زانیاریەکیش لەوبارەوە بڵاوبکرێتەوە دوورە لە راستییەوە.
هاوکات، ئاماژەی بەوەشدا، پێشبینی دەکەن لە داهاتوودا نرخەکان جێگیربن و لەو دۆخەی لە ئێستادا تێیدایە لە ناجێگیری و بەرز و نزمی نرخی دۆلار بەردەوام نابێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکە بەهۆی هەوڵەکانی پەرلەمان بۆ تێپەڕاندنی بودجە و بە مەرجگرتنی دابەزاندنی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دەنگدان لەسەری لەلایەن چەند لایەنێکی سیاسیەوە، بازاڕی دراو ناجێگیریەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەردەوام نرخی دۆلار لە هەڵکشان و داکشاندایە.
