سەباح هەورامی: لەقۆناغی مەترسیداین

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هۆشداری دەدات و دەڵێت لە قۆناغی مەترسیدارداین، بەڵام پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: دوو رۆژە هیچ كەسێك لە سلێمانی بە كۆرۆنا گیانی لەدەستنەداوە.
ئەمڕۆ شەممە 27ی ئازاری 2021، سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند:" ئێستا لەقۆناغی مەترسیداین و بەپێی ئەنجامی پشكینیەكانیان جگە لەكۆرۆنا كۆنەكە سێ جۆری تری كۆرۆنای گۆڕاومان دیاریكردوە"
هەروەها راشیگەیاند:" حكومەتی هەرێمیش نەیتوانیوە وەك وڵاتان رێكاری زانستی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا بگرێتەبەر، زۆر شوێنیش بەهێندەی خوێندنگەكان گرنگ نین و كراونەتەوە كە چی خوێندنگەكان تاكو ئێستا داخراون".
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەوەش رووندەكاتەوە كە دوای ئەوەی ژمارەیەك كیتی تایبەت بە پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاویان هێناوەو پشكنینیان كردووە، توانیواینە سێ جۆری ڤایرۆسی گۆڕاو و جۆرە كۆنەكە دەستنیشان بكەن لەنێوان ئەو كەسانەی پشكنینەكەیان بۆ ئەنجامداون.
پێشتر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە ماوەی دوو رۆژە هیچ كەسێك بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی گیانیلەدەستنەداوەو وتیشی:" بە خۆپارێزییەوە بەردەوام دەبین و پێویست بە داخستنی هیچ شوێنێك ناكات".
