كارەبای هەرێم: لە نەورۆزدا 19 كاتژمێر کارەبامان داوەتە هاونیشتمانیان

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمی کوردستان سەر بە وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: لە جەژنی نەورۆز لە رۆژێکدا بە تێکڕا زیاتر لە 19كاتژمێر کارەبامان داوەتە هاونیشتمانیان.
پێش جەژنی نەورۆز وەزارەتی کارەبا بڕیاریدا رۆژانە 18كاتژمێر کارەبا بە هاونیشتمانیان بدات، لە رونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبا هاتووە، لە ماوەی یەك هەفتەی رابردوودا وەزارەتی كارەبا توانیی بە سەركەوتووانە ئەو بەرنامەیەی كە رایگەیاندبوو جێبەجێی بكات و بەتێكڕا لە سەرووی 19 كاژێرەوە كارەبا بدات.
بەپێی پلانەکانی وەزارەتی کارەبا بە سوودوەرگرتن لە بەرهەمهێنانی سێ هەزار و 400 مێگاوات كارەبا، كە بەشێوەیەكی رێكوپێک بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا دابەش دەكرێت، هەروەها لە رێگەی حەوت هەزار فەرمانبەری ئیشكگرەوە ئەو بڕە کارەبایە بۆ هاونیشتمانیان دابین بکات.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا لەبارەی شێوازی کارکردنی تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبا ئەوەی روونکردووەتەوە، تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەبا بەپاڵپشتی و هاوكاریی تیمەكانی وێستگەكان و كرێكارانی سیانەكان 24 كاتژمێر لەخزمەتی هاوڵاتیاندا بوون.
