كۆبونەوەی پەرلەمان دواخرا

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کە بۆ دەنگدان بوو لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە و بڕیاربوو لە کاژێر 03:00ـی پاشنیوەڕۆ بەڕێوەبچێت، بۆ کاتژمێر 07:00ـی ئێوارە دواخرا.
کۆبوونەوەکە بۆ کاتژمێر 07:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە دواخراوە و لەوانەیە ئەمڕۆ هەر ئەنجامنەدرێت و دوابخرێت بۆ رۆژی سێشەممە.
بەپێ بەدواداچونی هاوڵاتی سائیروون و حیکمە داوا دەکەن بودجە تێپەڕێت و هەڵبژاردن بکرێت، لە بەرامبەردا لایەنی دیکە هەن کە دەیانەوێت بودجە تێنەپەڕێت و هەڵبژاردن دوابخرێت.
فراکسیۆنە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەدان و لیژنەی دارایی لە کۆبوونەوەدا، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن، بەڵام "هیوایەک نابینرێت بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بودجە تێپەڕێندرێت."
لەلایەکی دیکەوە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدان و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکان بەردەوامن لە دانوستاندن و کۆبوونەوە.
بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، هێشتا لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی کۆنکرێتی لەنێوان لایەنەکاندا نییە. بەشێک لە فراکسیۆنە شیعییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر پرۆژەیاساکە بەمشێوەیە بێت، دەنگی پێنادەن و بایکۆتی دەکەن.
