راوێژكارێكی كازمی: بەرمیلێك نەوت بگاتە 70 دۆلار عێراق پێویستی بە قەرز نابێت

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

راوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر نرخی یەك بەرمیل نەوت بگاتە 70 دۆلار عێراق پێویستی بەوە نابێت پەنا بۆ قەرز ببات.

مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژكاری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی، "زۆر گرنگە سندووقی جێگیركردنی بودجە هەبێت، ئەوەش وەكو سندووقێكی سەروەرییە بۆ پاراستنی توانای دارایی لە مەترسی هەڵبەز و دابەزی داهات، بەو پێیەی نەوت 92%ی كۆی داهاتی گشتی لە بودجە پێكدێنێت".

لەبارەی کورتهێنانی بودجە و قەرزکردن لە ساڵی 2021 مەزهەر محەممەد ساڵح وتی: "ئەگەر نرخی یەك بەرمیل نەوت بگاتە 70 دۆلار، عێراق بودجەیەكی هاوسەنگی دەبێت، پێویستی بەوە نابێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی ساڵانە لە بودجەی گشتی پەنا بۆ قەرز ببات".

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق نرخی بەرمیلێک نەوتی لەپڕۆژەی بودجەدا بۆ 45 دۆلار بەرزکردوەتەوە، بەڵام لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 64.57 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

بڕیار بوو ئەمڕۆ کاژێر 15:00 پەرلەمانی عێراق لەبارەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021 کۆببێتەوە، بەڵام بۆ کاژێر 07:00ـی ئێوارە دواخرا. 

بەپێی زانیارییەکانی تاوەكو ئێستا لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی کۆنکرێتی لەنێوان لایەنەکاندا نییە. بەشێک لە فراکسیۆنە شیعەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر پرۆژەیاساکە بەمشێوەیە بێت، دەنگی پێنادەن و بایکۆتی دەکەن. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار