مەزڵوم كۆبانێ داوا لەهەموو وڵاتانی جیهان دەکات هاوڵاتیە داعشەکانیان لەناو كەمپی هۆل ببەنەوە

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەزڵوم كۆبانێ رایگەیاند: هێزەكانیان ئۆپراسیۆنێكی ئەمنی و مرۆییان لەناو كەمپی هۆل بەمەبەستی دەستگیركردنی تیرۆرستانی داعش و پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل ئەنجامداوە.
مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات عەبدی لەتویتێكدا كە لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردوەتەوە سەرلەنوێ داوای لەوڵاتانی جیهان كردوە هاووڵاتییەكانیان كەلەناو كەمپی هۆلدان و چەكداری سەر بەگروپی تیرۆرستی داعش بوون، بیانگەڕێننەوە وڵاتەكانیان.
فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات داواش لەو وڵاتانە كردووە لەپێناو باشتركردنی رەوشی كەمپی ئەلهۆل و دەستەبەركردنی سەقامگیری، هاوكاری و پاڵپشتی پێشكەشی كەمپی ئەلهۆل بكەن.
بەیانی دوێنێ 28ی 3ی 2021، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لەرۆژئاوای كوردستان هەڵمەتێكیان لەدژی شانەكانی داعش لەناو كەمپی هۆل دەستپێكرد، توانییان ژمارەیەك تیرۆرستی داعش دەستگیربكەن كە ژمارەیەكیان پلە باڵایان لەناو ئەو گروپەدا هەیە.
هۆڵی ئەلهۆل بەگەورەترین كەمپ دادەنرێت لەجیهانداو زیاتر لە 40 هەزار كەسی تێدایە كە زۆربەیان كەسوكارو خێزانی ئەندام و چەكدارانی داعش بوون و ژمارەیەكی زۆریان هاووڵاتی بیانین و وڵاتەكانیان ئامادە نەبوون وەریانبگرنەوە.
