یەکێتی ئەوروپا: پێویستە تورکیا "بەزووترین کات" دەست بە وەرگرتنی کۆچبەرانی یۆنان بکات

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کۆمسیاری کاروباری ناوخۆی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند پێویستە تورکیا "بەزووترین کات" دەست بە وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانە بکاتەوە کە لە یۆنانەوە بۆی دەنێردرێن.

رۆژی دووشەممە، یێلڤا جۆهانسن، کۆمسیاری کاروباری ناوخۆی یەکێتی ئەوروپا سەردانی دوورگەی لیزبۆسی یۆنانی کرد کە زیاتر لە هەشت هەزار پەناخواز تێیدا دەژین. جۆهانسن داوای لە تورکیا کرد ئەو کۆچبەرانە وەربگرێتەوە کە لە یۆنان دەگەڕێنەوە.

هاوکات یۆنان داوا لە ئەنقەرە دەکات کە بە شێوەیەکی باشتر چاودێریی رێگرەیکانی کۆچبەری بکات و سەدان لەو کۆچبەرانەشی کە داوای پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە، دووبارە لە ئەسینا وەربگرێتەوە.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئورسۆلا ڤۆندەر لاین و چارلس میشێڵ، سەرۆکەکانی کۆمسیۆن و ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا سەردانی تورکیا بکەن و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ تاوتوێکردنی پرسی کۆچبەران و پرسە هەرێمییەکانی دیکە کۆببنەوە.

یێلڤا جۆهانسن، کۆمسیاری کاروباری نێوخۆی یەکێتیی ئەوروپا بەڵێنی دا بە تەرخانکردنی 326 ملیۆن دۆلار لە پارەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کەمپە نوێیەکانی سەر دوورگەکانی لیزبۆس، خیۆس، ساموس، کۆس و لیرۆس کە نزیکەی 14 هەزار کەس تێیاندا نیشتەجێ بوون.

هەروەها گوتیشی، پێویستە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا بگەنە چارەسەری سیاسی بۆئەوەی ئەو ئەرکە لەنێوان خۆیاندا دابەشبکەن. جۆهانسن دەڵێت، "سێ ساڵە هیچ بەرەوپێشچوونێک لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیدا نەبووە".

نۆتیس میتۆراچی، وەزیری کۆچی یۆنان بە هەمان شێوەی جۆهانسن، داوای لە ئەنقەرە کرد، ئەو 1450 کۆچبەرە وەربگرێتەوە کە مافی پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار