حه‌شدی شه‌عبی: سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەناوچەی بۆشایی ئەمنییەوە کراونەتە ئامانج
.jpg)
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
میحوه‌ری باكوری حه‌شدی شه‌عبی رایگەیاند، هیچ زانیارییەکیان لەبارەی موشەکبارانکردنی میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگە نیە کەشەوی رابردو لەسەر رێگای كه‌ركوك- هه‌ولێر کراوەتە ئامانج و حه‌شدی شه‌عبیش هیچ پەیوەندییەکی بەو بۆردومانەوە نیە, بەڵام باوەڕیان وایە "سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەناوچەی بۆشایی ئەمنییەوە کراونەتە ئامانج".
عه‌لی حسێنی، وته‌بێژی میحوه‌ری باكوری حه‌شدی شه‌عبی لەراگەیەنراوێکدا دەنگۆی تۆمەتبارکردنیان بە کردنەئامانجی میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگە رەتدەکاتەوە و رایگەیاند، "نازانین بۆردومانه‌كه لەلایەن چ لایه‌نێك یان لە کام شوێنەوە ئه‌نجامدراوه".
ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزەکانیان په‌یوه‌ندییان به‌و موشه‌كانه‌وه نیه، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت موشەکەکان لەو ناوچانەوە ئاڕاستەکرابن كه بۆشایی ئه‌منی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەکانی و هێزەکانی عێراقدا هەیە.
وته‌بێژی میحوه‌ری باكوری حه‌شدی شه‌عبی جەختیش دەکاتەوە هێزەکانیان لێکۆڵینەوە دەکەن لەشوێن و ئەو لایەنانەی موشەکەکانیان ئاڕاستەی سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه کردوە.
شەوی رابردوو سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەوێستگەنیوزی راگەیاند، سێ موشەک ئاڕاستەی بازگەی شێراوە و میحوەری پردێی هێزەکانی پێشمەرگە لەرۆژئاوای پارێزگای کەرکوک کراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لەئەنجامی کردنەئامانجی سەنگەرەکانی پێشمەرگە هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە و بەمەبەستی زانینی هۆکاری رووداوەکەش، بەرپرسانی میحوەری پردێی هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردوە.
کردنەئامانجی سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەکاتێکدایە 15ی شوباتی ئەمساڵیش چەند موشەکێک بەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کەوتن، لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاوڵاتی مردن و ژمارەیەکی زیاتریش برینداربوون.
