دەستەى ژینگەى هەرێم: پێویستە هێزێكی ژینگەیی دروست بكرێت
لەهەرێمدا هەفتەی ژینگەی كوردستان ڕاگەیاندرا

4 ساڵ لەمەوپێش
لە ڕؤژى ژینگەى کوردستاندا، دەستەى ژینگەى هەرێمى کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بە پێی بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکان و دواتریش بە بڕیارى پەرلەمانى کوردستان، ڕۆژى ١٦/٤ى هەموو ساڵێک بە ڕۆژى ژینگەى کوردستان دیاری کردووە و دەڵێت" هێزێکى ژینگەیی دروست بکرێت و هەموو تەکنیک و هونەرەکانى ژینگەیی لەبەرچاو بگرێت".
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا وتى: لەمڕۆوە هەفتەى ژینگەى کوردستان رادەگەیەنین، کە هۆشیاریی ژینگەیی و کارکردن و هەڵمەتەکانى ژینگەیی ساز دەکەین، لەلایەکى دیکەشەوە دەزگاکانى ڕاگەیاندن بابەتەکانى ژینگەیان کردووە بە پرسی میدیایی.
وتیشی: لەم هەفتەیەوە کاردەکەین بۆ کردنەوەى فەرمانگەى ژینگەى پارێزگاى هەڵەبجە، ئەوەش ئەرک و فەرمانى تایبەت بەخۆی دەبێت و ئەنجامدانى چالاکییە ژینگەییەکان لە ئەستۆ دەگرێت.
لە بەشیکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى دەستەى ژینگە بە پێویستى زانى رایەڵەیەکى هاوبەشی نێوان دەستەى ژینگە و ڕێکخراوەکان و دەزگاکانى ڕاگەیاندن دروست بکرێت.
ڕوونیشى کردەوە: کە پۆلیس و پێشمەرگە و ڕێکخراوەکانى بووارى ژینگە هەیە، بەڵام "ئێمە وەکوو دەستەى ژینگە بەباشی دەزانین وەک لەبڕگەى یاساى ژمارە ٢٥ى تایبەت بە یاساى ژینگەى تەندروستى و ژینگەى عیراقى دیاری کراوە، هێزێکى ژینگەیی دروست بکرێت و هەموو تەکنیک و هونەرەکانى ژینگەیی لەبەرچاو بگرێت.
لەبارەى پارەى ژینگە و ڕێگاوبان کە لە شۆفێرانى کوردستان وەردەگیرێت، سەرۆکى دەستەى ژینگە ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە لە هەوڵدان بەشێک لەوپارەیە بخرێتە سندوقى دەستەى ژینگە و "بۆ چالاکییەکانمان خەرجى بکەین".
