بەرەو پەنجاو سێیەمین ساڵیادی شۆڕشی خوێندکاران
شوان ئەحمەد كردویەتی بە كوردی
4 ساڵ لەمەوپێش
ئایدیای نوێی ٦٨
- گفتوگۆ لەگەڵ ژان پۆڵ سارتەر-
بەشی یەکەم
٭سەركەوتن لەم هەفتەیەدا بۆ كۆنزێر ڤاتیڤەكان بوو، ئاخر مانگرتوان كەم تا زۆر دەستیان بە كارەكانیان كردەوەو سۆربۆنیش وەك سیمبولی ئاشوب و بێسەروبەری خوێندكاریی، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە كۆنتڕۆڵكراو فەرەنسیەكانیش زۆر بەبێدەنگی لەخولی یەكەمدا ، دەنگیان بەهەمان كارەكتەرەكانی پێشوو دایەوە(١). دەستكەوتی مادی لێبەدەر كە كرێكاران لێی بەهرەمەندبوون -هەرچەندە دڵخۆشكەر نییە، چونكە بێگومان كاتیەو بۆماوەیەكی دیاریكراوە -، پێدەچێت شتێكی وا لەو بزاوتە گەورەیەی بەدرێژایی مانگێكی ڕەبەق فەرەنسای هەژاند جێنەمابێت، شایەنی باسكردن بێت. ئایا ئەوە وایە؟ شۆڕشی (ئایار)لە دوای خۆی سەرباری سەرنەكەوتنی، هەندێ ڕەگەزی ئەرێنی بەجێنەهێشت؟
- چەند ڕۆژێك بەر لەئێستا لەكەمپی زانكۆ ئامادەی مشتومڕی نێوان خوێندكارانبووم، سەبارەت بەو گۆڕانكاریانەی دەشێت لە زانكۆدا ئەنجام بدرێت. یەكێك لە خوێندكارەكان قسەكانی ئاوا دەست پێكرد: (هاوڕێیان پێویستە دان بەوەدا بنێین كەهەوڵی ئێمە، لە مانگی ئایاردا سەركەوتوو نەبوو ...).
گەر پانزە ڕۆژ پێشتر ئەو قسانەی لە سۆربۆن دا بكردایە، ئەوا تەنانەت ڕێگەشیان نەدەدا قسەكەی تەواو بكات و دەبوو لەنێو گاڵتەجاری و سوكایەتی پێكردن دا، لەسەر ستەیجەكە بهاتبایەتە خوارێ. وەلێ ئێستا نەهوهایان لێكێشاو نەبەڕویدا هەڵشاخان، بەڵكو بواریان پێدا تا قسەكانی تەواوبكات. ئەوەی ڕاستی بێت لەخاڵێكدا بزاوتەكە شكستی خوارد. تەنها بۆ ئەوانەش شكستی خوارد و سەركەوتوو نەبوو كە بڕوادار بوون بەوەی سەركەوتن مسۆگەرەو لەكۆتایدا كرێكاران، شوێنپێی خوێندكاران هەڵدەگرن و ئەو پرۆسەیەی لە(نانتێر و سۆربۆن)ەوە بڵێسەی دا، سەرەنجام بەحەشرو هەڵڵایەكی كۆمەڵایەتی و ئابوری دەگات و نەك هەر ڕژێمی پێ سەرنگوم دەبێت، بەڵكو لەبەر یەكهەڵوەشانی سیستەمی سەرمایەدا ریشی بەدوادادێت.
ئەڵبەت ئەوە خەونێك بوو، (كۆهین – باندێتیش - بۆنمونە)، هەرگیز بەوجۆرە بیری نەكردۆتەوە، بگرە پێچەوانەی ئەوەشی وتووە:( لە یەك ڕۆژدا شۆڕش بە ئەنجام ناگات و فیدراسیۆنی نێوان خوێندكاران وكرێكارانیش لە شەو و ڕۆژێكدا دروست نابێت.ئێمە تەنها یەكەم هەنگاومان ناوەو هەنگاوی دیكەشی بەدوادادێت).
ژمارەیەكی زۆر لەگەنجان لەو هەقیقەتە تێدەگەن و دەزانن دەسەڵاتی حوكمڕانی، بەسەد هەزارخوێندكاری بێ چەك-ئیدی چەندیش ئازاو بوێربن-، ژێرەو ژور ناكرێت. ئەوانە بزاوتێكی مەزنیان بەگەڕخست و ڕەنگە لەداهاتوشدا، سەرلەنوێ بەگەڕی بخەنەوە. ئەوە ڕاستە، بەڵام لەئێستادا پێویستە خەباتكردن بەفۆڕمی تر درێژەی پێبدرێت.
وتوێژ و مشتومڕی ئەو ئێوارەیە سەیرو سەرنج ڕاكێشبوو، لەبەر ئەوەی تایبەتبوو بەباسكردنی ئەو ئامرازە ئەرێنیانەی دەبوونە مایەی درێژەپێدان و بەردەوامبونی یاخیبوونی ئایار. لەوێدا دوو بۆچوون گەڵاڵە بوو. هەندێكیان دەیانووت:(پێویستە كۆڵنەدەین تا ئەو كاتەی زانكۆیەكی ڕەخنەگرانە و سەربەخۆ دەسەپێنین، بەجۆرێك گۆڕانكاری ڕادیكالانە لە پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندكار، هەروەها لە پەیوەندی هەمووان بە كلتورەوە، بێتە ئارا).
بۆنمونە هەندێ لە گروپی خوێندكاران هەوڵیاندا لەبواری خوێندنی پزیشكیدا، پڕۆژەی ڕون و ڕەوان و دیاریكراو ئامادەبكەن
كەتەنها ڕەچاوی بڕێكی دیاریكراو لە زانست و زانیاری نەكات، بەڵكو لەهەمان كاتیش دا كێشەی پەیوەندی لەنێوان پزیشك و نەخۆش، كێشەی پەیوەندی لەنێوان پزیشكان خۆیان و دواجاریش كێشەی ڕۆڵ و پێگەی بواری پزیشكی لەكۆمەڵگەدا، بێنێتە بەرباس و قسەیان لە بارەوە بكرێت. هەندێ لەو پڕۆژەو پێشنیارانە باس لەوەدەكەن، ئەوە خوێندكارانن دەبێت خۆیان پیشەی دڵخوازی خۆیان دیاری بكەن و هەروەها خۆشیان بڕیار بدەن لەوەی، پێویستە پزیشك پسپۆڕ بێت لەبوارێكی تایبەت و خزمەت بە چینێكی دیاریكراوبکات، یاخود مرۆڤبێت و سەر بە جەماوەربێت و چارەسەری ئەوان بکات بەبێ جیاوازی.
ئەڵبەتە شێوازی خوێندن و ناوەۆكی زانست و زانین بەتایبەت، بەحوكمی گۆڕینی پێناسەكەیان گۆڕانكارییان بەسەردادێت، ئەو خوێندكارەشی لێرەبەدوا پزیشكی دەخوێنێ و كاتێک دەبێتە پزیشك، وەك ئەو پزیشكە نابێت كەئێستا هەیە. لەزانستەكانی دیكەشدا، هەربەو شێوەیە دەبێت. ئاخر بەدەستهێنانی مەعریفەو بەهرەمەندبوون لەزانین، لەهەموو جێیەك شان بەشان لەگەڵ بەرهەمی هزری ڕەخنەیی ڕێ دەكات، زانینێك كە سوود و قازانجی كۆمەڵایەتی هەبێت. بەجۆرێك زانكۆ خەڵكانی تاك ڕەهەند دروست ناكات، تاببنە فەرمانبەر و خزمەتگوزار بۆ سیستەمی سەرمایەداری و ملكەچ و گوێڕایەڵ و بێ ئیرادەبن لە ئاستیدا، بەڵكو كەسانێك پێدەگەیەنێت سەرلەنوێ هەردوو ڕەهەندەكەی ئازادییان بەدەست هێنابێتەوە. تێكەڵبونەوە بەكۆمەڵگەو ڕەتكردنەوەی ئەو كۆمەڵگەیەش لەهەمانكاتدا.
لە وەڵامی ئەوانەی داوای ئەونمونە بەرز و باڵایەی زانكۆ دەكەن، هەندێكی دیكە هەن دەڵێن: (زانكۆی ڕەخنەگر كارێك نییە، بواری جێبەجێكردنی هەبێت. سەیری زانكۆی بەرلین بكەن چۆن كەوتۆتە پەراوێزەوەو لە كۆمەلگەی ئەڵمانی دابڕاوە. كام دەوڵەتی سەرمایەداری ڕازی دەبێت بەوەی كۆمەك بە زانكۆیەك بكات، ئامانجی ئاشكرای ئەوەبێت بیسەلمێنێ، كولتوور دژ بە كەپیتالیزمە؟ دەی با لەبری زانكۆی ڕەخنەیی، دەست بەڕەخنەگرتن لەزانكۆ بكەین. ئەو زانكۆیە هەروەك پێشتر ڕێكدەخرێتەوە بۆمان. ئێمەش دەستبەرداری نابین و بگرە لەسەر ڕەخنە گرتن لێی بەتۆندی بەردەوام دەبین و – گەر پێویستیش بكات ڕەخنەیەكی توندوتیژ -، ئاڕاستەی ئەو زانین و شێوازی وانەوتنەوە و فێركردنە دەكەین كە پێمان دەدرێت و تێیدا پەیڕەودەكرێت).
پێموایە هەردوو هەڵوێستەكە یەكدی ڕەتناكەنەوە و بەمەزەندەی خۆشم، دەشێت لە زانكۆدا هێز و گروپی ڕەخنەگر هەبن. ناكرێت ڕێ لە خوێندكارانی كۆلێژی پزیشكی بگیرێت، گەر بیانەوێت و سووربن لەسەرئەوەی دەستبە توێژینەوەیەكی قوڵ بكەن، سەبارەت بەوەی پزیشكی كۆمەڵایەتی ڕاستەقینە دەبێت چۆن بێت، بەڵكو لەوانەیە بۆ ئەومەبەستە ببنە خاوەنی هۆڵی دیكەو گۆڕانكاریی لە ئانوساتی وانەكانیش دابكرێت.
خۆڕاستە كۆلێژێكی لەو جۆرە نابێتە كۆلێژێكی پزیشكی ڕەخنەیی، وەلێ بوار بۆ ئەوە دەڕەخسێ تا توێژینەوەی ئەرێنی تێدا ئەنجام بدرێت.
ئەڵبەتە هەڵوێستی ئەوانە بە مەترسی دادەنێم كە دەڵێن: (حكومەت بەلایەنێكی دانوستانكاری گونجاو نازانین و مكوڕین لەسەرئەوەی هەرچی پێشنیار بكات، ڕەتیبكەینەوە). لەبەرئەوەی حكومەت لەوەها بارودۆخێكدا دەتوانێت بڵێت: (مادامەكی كارەكە بەوجۆرەیە، ئەوا چیم بوێت وادەكەم).
لەم هەڵوێستە باشتر، هەوڵدانە بۆسەپاندنی ئەو ڕیفۆرمانەی بەرەبەرە دەبنە مایەی كەلوكۆمكردنی پایەگاكانی زانكۆی بۆرژوازی و لاوازكردنی سیستەمەكە بەگشتی، پاشان بەگەڕخستنی ئەو ڕیفۆرمانە وەك پردێك بۆ گەیشتن بەشتەكانی دیكە. ئاخر تیۆریای گۆرز(٢) سەبارەت بە (چاكسازی شۆڕشگێڕانە)، دەبێتەباعیسی ئەوەی بتوانین پارێزگاریی لەبەرەوپێشچونی بەردەوام بكەین و هێدی هێدیش خواستەكانی بەدەست بێنین.
من وەك خۆم گەشبینم بە گەشەكردن و بەرەو پێشچونی زانكۆكانی فەرەنسا، بەپێچەوانەی ئەوانەی لەئێستاوە باس لە دابەشبوونی دەكەن بە شێوازە كۆنگۆلییەكەی، چونكە گەورەترین متمانەم بەوەیە كە خوێندكاران پێكەوە لەگەڵ سێكتەری پەروەردە و فێركردنی فەڕەنسیدا، ئەنجامی دەدەن و ئەوسێكتەرەش ناوەندێكی گرنگە و لە ڕووی نرخ و پایەیەوە، هیچی لە ناوەندی خوێندنی وڵاتانی دیكە كەمتر نییە.
پێموانییە شتێك هەبێت هۆكاربێت بۆئەوەی، نەهێڵێت بگەنە چارەسەر. ئاخر ئەوەی خوێندكاران داوای دەكەن ئەوەیە، بەجۆرێك لەجۆرەكان مافی ڤیتۆكردنیان پارێزراو بێت. ئیدی بەزۆری زۆردارەكی بێت، یاخود پێیان بدرێت. لەو باوەڕەشدام ژمارەیەكی زۆری مامۆستایان ئامادەن، ئەو مافە بۆ خوێندكاران بسەلمێنن. من بۆخۆم لەو ئێوارەی پێشتر باسمكرد، لەگەڵ خوێندكاراندابووم و مشتومڕێك دەربارەی(زانكۆی ڕەخنەیی) لەنێوانماندا دروستبوو. لەوێدا پرسیار دەكراو وەڵام دەدرامەوەو منیش لای خۆمەوە وەڵامم هەبوو.
هەندێكیش ئەو شتانەیان ڕەتكردەوە كە باسمكردن. هەموو ئەوانە لەكەشێكی بێدەنگ و بە شێوەیەكی نمونەیی بەڕێوەچوو. دڵنیات دەكەمەوە ئەوەی لەنێوانماندا ڕوویدا، لەپۆلێكدا ڕویبدایە كەمن مامۆستا بوومایە، ئەوا تەواو خۆشحاڵ دەبووم. ئەڵبەتە لەوێدا دەسەڵاتم هەرئەوەندە هەبوو كەئەوان پێیان ڕەوادەبینم. گەر بهاتبایە پێیان بوتمایە: (بۆ دەرەوە) ، جگە لەچوونەدەرەوە چارەیەكی دیكەم نەدەبوو. لەكاتیكدا ئەوە من بووم فەرمانم بەكردنەدەرەوەی خوێندكاران دەدا، لەسایەی زانكۆی كۆندا گەر بمویستایە.
وەلێ لەبەرامبەردا ئەو دەسەڵاتەی بەمن درابوو - دەسەڵاتی نێوەندگیرێك كە دەبوایە بایی ئەوە ڕەنجی بكێشایە تاخۆی بسەپنێ، ئەویش لەڕێی ڕاكێشانی سەرەنجی ئەوانەی قسەیان بۆ دەكات و لەمیانەی حاڵی كردنیان لەوشتانەی دەیەوێت تێیان بگەیەنێت -، دەڵێم ئەو دەسەڵاتەی پێم بەخشرابوو زۆر پێی دڵخۆشترو ئاسوودەتر دەبووم، بەراورد بەهە ردەسەڵاتێكی تر بەشێوەی یاسایی شایستەی بوومایە.
سەروەوەختێك بێدەنگ دەبووم، هەستمدەكرد سەروەر و خودانی خۆمم، زۆر زیاتر لەوەی گەر وتارێكم لەئاهەنگی خەڵات دابەشكردن لەبەردەم قوتابیانێكی وەك بەرد چەقیودا پێشكەش بكردایەو لەشانی چەپمەوە پارێزگارو لەشانی ڕاستیشمەوە بەڕێوەبەری دوا ئامادەییەكە دابنیشتنایە.
گەر هاتوو خۆت لە دۆخی ڕەتكردنەوەدا بینی(بەتوندوتیژیش بێت) و لەهەمانكاتدا گوێت لێبگیرێت، ئەوا هەست بە ڕەزامەندی دەكەیت(نەك هەر لەخۆت ڕەزامەندبیت)، بەڵكو لە خوێندكارەكانیشت و زۆر زیاتر ئاسودە دەبیت لەوەی، گەر بەناچاری گوێت بۆبگرن... بەهەرحاڵ جۆش و خرۆشێكی زیاترت دەبێت.
خوێندكاران بە پێچەوانەی ئەوەی ئێمە پێمان وایە، ڕەتی ناكەنەوە شت فێرببن،، وەلێ تەنها ئەوەیان دەوێت لەكاتی فێركردنیاندا مافی گفتوگۆ و پرسیاركردنیان پێبدرێت، تا دڵنیابن لەو شتانەی وەریدەگرن بەسوودن و بزانن كاتەكەیان بەهەوانتە ناڕوات. تۆ نازانیت سەروەختێ خوێندكاربووم، چیها شتی بێسەروبەریان كرد بەمێشکمدا.