وەزیری پێشمەرگە: دەمانەوێ پێشمەرگە هاوتابێت لەگەڵ خواستی ئێمە و هاوپەیمانان
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، "هەنگاوەکانمان بە ئاراستەی دروستکردنی هێزێکی بەتوانا و تۆکمەی یەکگرتوی سەردەمیانەیە، کە هاوتابێت لەگەڵ خواستی ئێمە و هاوپەیمانان"، دەشڵێت، "هەنگاو بە هەنگاو دەچینە پێشەوە و سبەی لە ئەمڕۆ باشتر دەبێت".
ئەمڕۆ 12ی ئەیلوول، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ فەرماندەی لیواکانی 1 و 9 و 16ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبۆتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە وتارێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ئێوە هێزێکی قارەمان و کۆڵنەدەرن، شایەنی باشترن، سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام لە هەوڵی چارەسەکردنی کەموکوڕی و گرفتەکانتانن و دڵنیابن، هەنگاو بە هەنگاو دەچینە پێشەوەو سبەی لە ئەمڕۆ باشتر دەبێت.
پەیوەست بە پەیوەندییەکانی هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراقی، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاندووە، پەیوەندیەکانمان لەگەڵ سوپای عێراقی بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆوە بینیوەو دەخوازین ئەو پەیوەندیانە فراوانتر بکرێت و بەردەوامی پێبدرێت، لەپێناو ئەوەی بەیەکەوه سەقامگیری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەهەموو پێکهاتەو نەتەوەکانیەوە بپارێزین.
لەسەر هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هاوپەیمانان، وەزیری پێشمەرگە رونیکردۆتەوە، هاوکاری و پشتیوانییە بەردەوامەکانی هاوپەیمانان جێگەی بایەخ و ستایشی زۆری وەزارەتی پێشمەرگەیە.
هاوکات، وەزیری پێشمەرگە ئەوەی خستۆتەڕوو، هەنگاوەکانمان بە ئاراستەی دروستکردنی هێزێکی بەتوانا و تۆکمەی یەکگرتوی سەردەمیانەیە، کە هاوتابێت لەگەڵ خواستی ئێمە و هاوپەیمانان.