پارێزەری دەستگیركراوانی بادینان: بەبیانوی جیاجیا ئازادكردنی دەستگیركراوان راگیراوە

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

ماوەی نزیكەی دوو هەفتەیە 53 زیندانی لەچاكسازی گەورانی هەولێر كە 10یان سزادراوانی بادینان و شیلادزێن، لەبەرامبەر ئەوەی بڕیاری ئازادكردنیان بۆ دەركراوە بەڵام  تائێستا ئازاد نەكراون، دەستیان بەمانگرتن لەخواردن كردووە، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت دۆخی دەستگیركراوە مانگرتوەكان باشەو لەهەوڵەكانیشیان بەردەوامن بۆ ئازادكردنیان، پارێزەری گیراوانی بادینان ئاشكرایدەكات ئازادكردنی پێنج گیراوی بادینان جارێكی دیكە بەپاساوی تەواونەبوونی رێكارەكانیان دواخراوە.

بەشدار حەسەن پارێزەری گیراوانی بادینان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بەداخەوە هەواڵی دڵخۆشكەر نییە، یەك مانگە ئیدارەی زیندان بەبیانووی تەواونەبوونی پەنجەمۆرو راپۆرتی توێژەری كۆمەڵایەتی ئازادكردنی ئەو پێنج كەسە راگیراوە، لەكاتێكدا داواكاری گشتی داوای ئازادكردنی كردوون، ئەوانەی شیلادزێ پێنج كەسن كە دەبوو دوێنێ سێشەممە 9-8-2022ئازاد بكرێن».

پارێزەری گیراوانی بادینان وتیشی :»ئەو گیراوانەی شیلادزێ كە دەبوو ئازاد بكرێن هەریەك لە یوسف شەریف لەدایكبووی 2001 و مەحمود نادر لەدایكبووی 1996 و كۆڤان تاریق لەدایكبووی 1996 و ئەمجەد یوسف رێكانی لەدایكبووی 1989 و نێچیرڤان بەدیع لەدایكبووی 1993 ە».

بەوتەی بەشدار حەسەن «ئەوانەی زیندانیكراوی بادینانن ژمارەیان 10 كەسە كەچالاكوان و رۆژنامەنووسن و كۆی گشتی ئەوانەشی لەچاكسازی گەورانی هەولێرن ژمارەیان 53 كەسن، ئەوانەی ئازادكردنی بەمەرج دەیانگرێتەوە 19 كەسە، هیچ وادەیەكیش دیارینەكراوە بۆ ئازادكردنیان».

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ: دۆخی زیندانیان باشە

مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»سەبارەت بە زیندانیانی بادینان هەموویانم بینی دوو هەفتەیە لەسەر یەك سەردانیان دەكەم جگە لە تیمەكانی دەستە كە هەموو كاتێك سەردانیان دەكەن، بەڵام خۆم دووجار چووم و ویستم بزانم بەردەوامن لەمانگرتن یاخود نا، بینیم هەموو ئەو كەسانە ئاو و شەربەت و شیر دەخۆن بەڵام نان ناخۆن و مانیان گرتووە، وتیشیان تا بڕیاری ئازادكردنمان بەمەرج دەرنەچێت ئێمە ماندەگرین».

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ وتیشی:»دۆخی تەندروستییان باش بوو ئەوەی كە نەخۆش بووە یاخود فشاری دابەزیبوو بردوویانن بۆ نەخۆشخانە و چارەسەریان وەرگرتووە.

بەوتەی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم «ئاگاداری ئەوە نیە هیچ كەسێك لەهەرێم بەبێ دادگایی دەستگیركرابێت، بەڵام ئەگەر كەسێك بەبێ بەڵگە گیرابێت و دواتر ئازاد بكرێت دەبێت بەپێی یاسا قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بگرێتەوە».

كامەران عوسمان ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بڕیاربوو رۆژی سێشەممە 9-8-2022 داواكاری گشتی هەولێر رای خۆی بڵێ و دۆسیەكە بگوازرێتەوە بۆلای، بەڵام بەبیانووی ئەوەی رێكارەكان تەواونەبووە، بڕیارە رۆژی چوارشەممە 10-8-2022 بچێتە بەردەم دادوەری زیندانی چاكسازی گەوران و دۆسیەكەیان بجوڵێت».

وتیشی:»بەدەر لە دەستگیركراوانی بادینان و چاكسازی گەورانی هەولێر، چەندین كەسی تر دەستگیركراون كە لەزیندانەكانی ئاسایشی سنوری هەولێرو دهۆكن و ژمارەیان 11 كەسە، ئەوان لە 2021 ەوە بێ دادگایی كردن دەستگیركراون «.

ئەو ئەندامەی رێكخراوی سی پی تی ئەوەشی ئاشكراكرد :» چەندین كەس لەشارەكانی سلێمانی و هەولێرو دهۆك كە پەیوەندی بەناكۆكی سیاسی نێوان حزبەكانەوە هەیە بێ دادگایی كردن دەستگیركراون ، كەسی وای تێدایە سێ بۆ چوار ساڵە لەزیندانەو كەسی واش هەیە 10 ساڵە لەزیندانە و دادگایی نەكراوە، كە ژمارەیان بە هەموویان 20 كەسە».

ماوەی نزیكەی دوو هەفتەیە 53 زیندانی لەچاكسازی گەورانی هەولێر كە 10یان سزادراوانی بادینان و شیلادزێن، دەستیان بەمانگرتن لەخواردن كردووە، پاش ئەوەی دادگای هەولێر بڕیاری ئازادكردنی بەشێك لە دەستگیركراوانی بادینانی دەركردو بەپێی بریارەكە دەبوایە یەكەم رۆژی جەژنی قوربانی رابردوو ئازاد بكرێن، بەڵام بڕیارەكە راگیراوە، لە بەرامبەردا لەڕۆژی 22ی تەمموزەوە ئەو گیراوانە مانیان لەخواردن گرتووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار