بافڵ تاڵەبانی: تێکدانی سەقامگیریی خاكەكەمان لەیادناكەین و خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە

12 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بافڵ جەلال تاڵەبانی سهرۆکی یهکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "ئەمە پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە كە قووڵایی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و داوای دەستبەجێ راگرتنی دەكەین".
دهقی ڕاگهیهندراوهکه:
بەنیگەرانییەكی زۆرەوە لە بۆردومانەكانی ئەمڕۆی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان دەڕوانین كە چەندین شەهید و برینداری لێكەوتووەتەوە و دەیان خێزانیش ئاوارەبوون. ئەمە پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە كە قووڵایی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و داوای دەستبەجێ راگرتنی دەكەین. هیچ پاساوێك بۆ ئەم سنووربەزاندنە نییە و مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێم و عیراق. داواكارین خاكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسی و سەربازییەكان بەكارنەهێنرێت و هاووڵاتییان نەكرێنە قوربانیی ململانێكان. داواكارین هەموولایەك خۆڕاگربن و گفتوگۆ بكەنە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان. داوا لە حكومەتی عیراق دەكەین ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی خاكی عیراق و هەرێم جێبەجێ بكات. سەروەری وڵات بپارێزێت و رێگری لە پێشێلكاری و چەندبارەبوونەوەی هێرشەكان بكات. پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین. وەك ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆمان، هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەكانمان راسپاردووە بە دڵسۆزییەوە ئەركەكانیان رابپەڕێنن و لەخزمەت هەموواندا بن. لە كۆتاییشدا دەمەوێت هەموولایەك دڵنیابكەمەوە بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و تێكدانی سەقامگیری خاكەكەمان هەرگیز لەیادناكەین و خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢
