مەهەپە داوای بەپەلە داخستنی هەدەپە دەکات و دەمیرتاشیش پێشنیازێکی نوێی بۆ هەدەپە هەیە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەهەپە داوای بەپەلە داخستنی هەدەپە دەکات و دەمیرتاشیش پێشنیازێکی نوێی بۆ هەدەپە هەیە
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەست (مەهەپە) رایدەگەیەنێت، بە زوترین کات پێویستە هەدەپە دابخرێت و ئەمڕۆش هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بە سەرۆکایەتی هەدەپە کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر کاندیدی هاوبەش لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن دەدەن.
لەلایەکی دیکەوە سەلاحەدین دەمیرتاش داوا دەکات پارتەکانی نێو هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیشدا بە یەک لیست بەشداری بکەن. دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە کە هاوبەشی ئاکەپەیە لە دەسەڵاتدا و وەک هاوبەشە بچووکەکە دەناسرێت و دوای هەدەپە چوارەم پارتی تورکیایە لە رووی جەماوەرەوە، لە کۆبونەوەی حەفتانەی پارتەکەیدا، پارتی دیموکراتی گەلانی بە ئامانج گرت و داوای لە دادگای دەستووری تورکیا کرد کە بە زوترین کات، ئەو پارتە دابخات.
باخچەلی دەڵێت، هەدەپە داوای کردووە کە دانیشتنی دادگای دەستووری لەسەر پرسی داخستنی پارتەکە، بخرێتە دوای هەڵبژاردن و نارەزایی بەرامبەر ئەو هەنگاوە دەربڕی و وتی، دەبێت بە زوترین کات ئەو پارتە کە هاوکاری پەکەکە دەکات دابخرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە ٢٦ی ئەم مانگە دادگای دەستووری تورکیا، بڕیار لەسەر داواکاریەکی هەدەپە بدات کە داوای کردبوو، دانیشتنی دادگا لەسەر پرسی داخستنی پارتەکەیان بخرێتە دوای هەڵبژاردنەکانەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لەگەڵ هاوبەشەکانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی رەنج و ئازادیدا کۆدەبنەوە و بڕیار لەسەر کاندیدی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن دەدەن.
کەمال ئاڤجی کە رۆژنامەنووسێکی نزیکە لە سەرکردەکانی هەدەپە لە نوسینێکدا باسی ئەوە دەکات کە لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی هاوپەیمانی رەنج و ئازادیدا، کاندیدێکیش دیار دەکرێت و پیێدەچێت، ئەگەر لەگەڵ شەش لایەنەکەی دیکەی ئۆپۆزسیۆن رێکنەکەوتن، ئەوا لە مانگی شوباتدا، کاندیدەکەیان ئاشکرا دەکەن. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە شەش ساڵە لە زینداندایە، ئەمڕۆ تویتێکی بڵاوکردەوە.
دەمیرتاش نووسیویەتی، " کێشەی نییە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لەسەر ناوی کام لە پارتەکانی هاوپەیمان بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات، گرنگ ئەوەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا یەک لیستیان هەبێت." واتە یەکگرتنەکە تەنیا بۆ کاندیدی هاوبەشی سەرۆکایەتی نەبێت.