400 ملیاردینارەكە گەیشت .... !!!؟؟؟
2 ساڵ لەمەوپێش
د. كامەران مەنتك
دوای زیاتر لە سی ساڵ لە ئەزموونی پارتی ویەكێتی، دوای بەرزكردنەوەی كۆمەڵێك دروشمی گەورە، وەك مافی چارەی خۆنووسین ودامەزراندنی دەوڵەتی كوردی، ئێستا هەموو دەستكەوتێكی ئەو دوو حیزبە خۆی لە هاتن یاخود نەهاتنی 400 ملیار دینار چاپی ئێراقی دەدۆزێتەوە، لە فەلسەفەی مێژوو وتەیەكی بەناوبانگ هەیە، دەڵێت، ئەگەر مشك مێژووی خۆی بخوێندبوایەتەوە دووجار نەدەكەوتە هەمان تەڵەوە، كەچی لەماوەی ئەوەندە ساڵەدا هەست دەكەین، سروشتی ئەو دوو حیزبە زیاتر لەمشك دەچێت، لەبەرئەوەی دەیانجار دەكەونە هەمان تەڵەوە، كەچی هەستیشی پێناكەن!.
ئەوان لەرێگەی میدیاكانیانەوە هەمیشە جەخت لەسەر پێكهێنانی حكومەتی ئێراق دەكەنەوە، لە دواجار دەكەونە داوی ئەو بەڵێنانەی ئەو هێزولایەنانە پێیان دەدەن، كە دەیانەوێت حكومەت پێكدەهێنن، هەر كاتێكیش حكومەتیان پێكهێنا، بچووكترین بەڵێنیشیان نابەنە سەرو تەنانەت خودی ئەو حكومەتەش وەكو ئامڕازێك بەكاردەهێنن بۆ هەڕەشەكردن لەهەرێمی كوردستان! دركاندنی ئەو راستییە سادەیە پێویست بەوە ناكات حزبێكت هەبێت تەمەنی حەفتا یاخود پەنجا ساڵ بێت، بەڵكو خەڵكی سادەی كوردستان هەستی پێدەكات ودەیزانێت، بەڵام ئەی باشە بۆچی ئەو دوو بەناو حیزبە لەو هاوكێشەیە سادەیە تێناگەن؟! هۆكاری سەرەكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، یەكەم ئەوان هیچ ئیرادەیەكی سیاسیان لەدەست خۆیاندا نەماوە ولەدەرەوەی زەمەنی سیاسیدا دەژین، واتە مانەوەیان پەیوەستە بەو شەپۆڵە سەرسەختە هەرێمیانەی لە كام كەنار دەنیششێتەوە، دووەمیان ئەوەیە، لە هەستیارترین چركە ساتی مێژوویدا ئەوان خەریكی پاشقول لەیەكدانن ونە لەگەڵ یەك هەڵدەكەن نە بێ یەك دەتوانن! قوربانی یەكەمیش لەم یارییە قێزەونە خەڵكی كوردستانە!.
دۆخی سیاسی ئێراق ئێستا خەریكە بەرەو ئاقارێكی ترسناكتر دەڕوات، حكومەتی ئێراق هەوڵدەدات لەرێگەی دادگاوە، نەك لەرێگەی سیاسەتەوە، كێشەكانی لەگەڵ هەرێم چارەسەر بكات، هەرچەندە بەر لە پێكهێنانی حكومەت، پێكهاتنی سیاسی لەگەڵ ئەو دوو هێزەی هەرێم دەكەن، بەڵام نە حكومەتی ئێراق و نە هیچ هێزێكی سیاسی ناتوانن بەرامبەر بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی، كە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە ئێراق، هیچ رۆڵێك بگێڕن، بۆیە پەنا بردنە بەر بەیاننامەی توند ئامێزو بەرزكردنەوەی دروشمی بریقە دار هیچ لە بەهای بڕیارەكانی ئەو دادگایە كەم ناكاتەوە!.
مەترسییەكانی ئەم هەنگاوەی ئێراق، واتە بە یاسایكردنی مەسەلەكە، هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە لەسەر هەرێم وهاوكات هیچ گلەییەكیش ناهێنێتە سەر لایەنە بەناو هاوپەیمانەكانی ئەو دوو حیزبە، دەڵێم ئەو دوو حیزبە وناڵێم كورد، لەبەرئەوەی ئەوانە دوورو نزیك ئێستا پەیوەندیان بە مەسەلەی كوردەوە نەماوەو نوێنەرایەتی ناكەن، كاتێك بڕیاری دادگاش دەردەچێت، ئەو بڕیارە پێویستی بە جێبەجێكردن هەیە، لە هەر دەرفەتێكدا حكومەتی ئێراق دەتوانێت بەناوی جێبەجێكردنی یاساوە پەلاماری هەرێم بدات، ئەو كاتە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش جگە لە پاڵپشتیكردنی حكومەتی ئێراق بۆ جێبەجێكردنی یاسا ناتوانێت هیچ هەڵوێستێكی تر بنوێنێت، ئێستا لەرێگەی دادگای فیدڕاڵەوە، كە ئەو دوو حیزبە ئەندامیان تیایدا هەیەو لە دامەزرێنەرانی ئەو دادگایەن، خەریكە حكومەتی هەرێم لە قوژبنێك دەئاخنرێت ولە رەگەوە هەڵدەكۆڵرێت، لەرێگەی یاساوە دۆخەكە بۆ دەرفەتێك ئامادە دەكەن، ئەگەر گۆڕانكارییەكی سادەی نێودەوڵەتی لە هاوسەنگی هێزدا بەڕێوە بچێت، كە هەموو ئاماژەكان بەرەو ئەوە دەچن ئەو گۆڕانكارییە دژە بەرژەوەندی كوردە، لە قۆناغەكانی كۆتایدایە، ئەو كاتە رووی راستەقینەی سیاسەتی ئەو ئێراقە خۆشەویستە بەدیار دەكەوێت، كە ئەو دوو حیزبە لەسەر ئێسك وپروسك وخوێنی شەهیدانی كوردستان ئاوەدانیان كردەوە ودایانمەزراندووە!.
سەرباری ئەو پاشەل تەڕبوونە، كەچی هێشتا خۆیان بە سیاسەتمەدار وسەركەوتوو نیشانی خەڵكی كوردستان دەدەن، وەك ئەوەی نەبایان دیبێت نەباران، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی بەرێگەگرتن لە هەناردەكردنی 400 ملیارەكەو هەر بڕە پارەیەكی تر، هێندە باشییەی بۆ كورد تێدایە، كە مێشكی خەڵك لەو ململانێ وشەڕە راگەیاندنە رزگار دەكات، كە دەستكەوتی پارتی بوو یاخود یەكێتی، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە، راشكاوانە بۆ خەڵكی كوردستانی روونبكەنەوە، كە 400 ملیارە نەهاتووەكە دەستكەوتی كامەیان بوو؟؟؟؟!!!!