نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێم داوایەک لە پەرلەمان و حکومەت دەکەن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی یەکێتی ئەوروپا و 12 وڵاتی جیهان لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە داوا یان لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد هەمو هەنگاوێکی پێویست بگرێتەبەر لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەبێ دواخستن.
کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی بریتانیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا، هۆڵندا، کەنەدا، یەکێتی ئەوروپا، فڕەنسا، چیک، یۆنان، ئیتاڵیا، بولگاریا، پۆڵندا و رۆمانیا ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێن، "دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان و خەڵکی هەرێم دەکەین، بۆ پابەندبونی بەردەوامیان بە بنەما و بەها دیموکراسییەکان و پێشوازیکردن لە رۆحی نوێبونەوەی هاوکاری نێوان لایەنەکان".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، "هەر لەو سۆنگەیەوە داوا لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەبێ دواخستن هەمو هەنگاوێکی پێویست بگرنەبەر لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردن".
ئەوەشی خستوەتەڕو، "جەخت لەسەر گرنگی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەرەرانە دەکەینەوە و بەم پێیە داوا لە هەمو لایەنە پەیوندیدارەکان و لایەنە سیاسییەکان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی هەریمی کوردستان دەکەین بەشێوەیەکی هاوبەش کاربکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی ماون لەبەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردن، کە پابەندبێت بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی هەمو هاوڵاتییان بپارێزێت، لەوانەش ژنان و پێکهاتەکان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دیموکراسیدا".
ئەم راگەیەندراوەی کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی یەکێتی ئەوروپا و 12 وڵاتی جیهان لە هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ (16ـی ئایاری 2023)ـی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دێت لە سلێمانی کە تێیدا جەختیان لەسەر پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان کردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لەوادەی خۆی لەمساڵدا.
هەروەها رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رۆژی (16ـی ئایاری 2023)، "رێكاره یاساییهكانی كاراكردنهوهى كۆمسیۆن تهواوكراون، چاوهڕوانین له دهرفهتێكی نزیكدا لایهنهكان لهسهر ههمواركردنهوهى یاسای ههڵبژاردنهكانیش بگهنه رێككهوتن".

