زۆربوونی خنکان بەشێکی رووبارو چەمەکانی بەڕووی گەشتیاراندا داخست

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ئەو شوێنانەی مەترسی خنکانی هاووڵاتیانی هەیە دادەخات و شریتی سوریان لێدەدات بەهۆی زۆری رووداوەکانی خنکانی گەشتیاران و هاووڵاتیان، لەمساڵدا تەنها لەسنووری پارێزگای هەولێردا ١٨ کەس خنکاون.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە بەهۆی زیادبوونی رووداوەکانی خنکانی هاووڵاتیان و گەشتیاران لەڕووبار، دەریاچە، زێ و چەمەکان لەوەرزی هاویندا بەفەرمانی وەزیری ناوخۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیس ئەو شوێنە گەشتیاریانە دادەخرێن کە لەماوەی رابردوودا هاووڵاتیان و گەشتیاران تێیاندا خنکاون و مەترسیدارن بۆ مەلەکردن، هەروەها شریتی سوور لەو شوێنانە دراوە کەمەترسین بۆ خنکان  بەئامانجی کەمکردنەوەی قوربانی زیاتر.

سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەسەرەتای ساڵەوە تائێستا ١٨ کەس لەسنووری پارێزگای هەولێر خنکاون و ٥٠ کەسیش رزگارکراون.

سەرکەوت کاڕەش پێیوایە زۆرینەی حاڵەتەکان نەشارەازیی و مەلەکردنە لەشوێنی قەدەغەکراودا.

«زۆرینەی هۆکاری خنکانەکان بەهۆی مەلەکردن و ناشارەزایی لەسنووری ئەو ناوچەیەدا، هەروەها گوێنەدان بەڕێنماییەکانی بەرگری شارستانی و مەلەکردن لەشوێنی قەدەغەکراوو مەترسیداردا، هاوکات بەشێکی زۆری ئەو هاووڵاتی و گەشتیارانە  جلوبەرگ و ئامرازی تایبەت بەمەلەکردن و سەلامەتی بەکارناهێنن»،  سەرکەوت کاڕەش وای وت.

بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەمساڵدا لەسنووری پارێزگای دهۆک سێ کەس خنکاون، هەروەها ١٢ کەسیش لەخنکان رزگارکراون.

رۆژنامەی هاوڵاتی چەند جارێک پەیوەندی بەبەرگری شارستانی سلێمانییەوە کرد بۆ وەرگرتنی ژمارەی ئەو هاووڵاتی و گەشتیارانەی کە لەمساڵدا لەسنووری پارێزگای سلێمانیدا خنکاون، بەڵام ئامادەنەبوون وەڵامبدەنەوە.

هاوکات بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان لەمساڵدا لەسنوری پارێزگای سلێمانیدا ١٤ کەس خنکاون.

ئەمە لەکاتێکدایە راهێنەرێکی مەلەوانی داوا دەکات هاووڵاتیان و گەشتیاران وردبن لەهەڵبژاردنی ئەو جێگایەی سەردانی دەکەن بۆ مەلەوانی.

باخان عوسمان، راهێنەری مەلەوانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت:  پێویستە ئەو کەسانەی سەردانی رووبارو چەمەکان دەکەن زۆر وردبن لەهەڵبژاردنی ئەو شوێنەی سەردانی دەکەن، چونکە ئاوی مەلەوانگەکان لەگەڵ ئاوی رووبارو چەمەکان جیاوازی هەیە.

«گرنگترینیان ئاستی قووڵییە، کەهی مەلەوانگە دیاریکراوە، ئەمەش بۆ کەسی مەلەوان دڵنیایی و کارئاسانییە، هەروەها توانای بینین لەمەلەوانگەدا زۆرترەو بەپێچەوانەی چەم و رووبارەکان، جیاوازییەکی دیکەش ئەوەیە کە لەمەلەوانگەدا راهێنەرو چاودێر یاخود رزگارکەری ژیان  هەمووکات ئامادەن بۆ هەر یارمەتیدانێک کەپێویست بێت، بەڵام لەچەم و رووبارەکاندا کەمتر ئەم حاڵەتە هەیە»، باخان عوسمان وای وت.

ئەو راهێنەرە ئەوەشی خستەڕوو، «یەکێک لەهەرە هۆکارە گرنگەکانی زۆربوونی رووداوەکانی خنکان ناشارەزایی و نەزانینی مەلەکردن و هەڵبژاردنی شوێنی مەلەکردنە، دواتریش بەداخەوە لەهەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی گشتی سود وەرنەگیراوە لەچەم و رووبارەکان و نەبوونەتە پرۆژەی تایبەت بەو بوارەو هیچ کەسێکی تایبەت وەك چاودێر لەو شوێنانەدا نین و هیچ جۆرە رێنماییەك کە گەشتیارو هاووڵاتیان سودی پێویستی لێوەربگرن بوونی نییە.

سەبارەت بەچارەسەرو هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی خنکان باخان عوسمان باسی لەوەکرد کەئەم رێنماییانە جێبەجێبکرێن رووداوەکان و قوربانییەکان کەمدەبنەوە، ئەوانیش:

دیاریکردنی جێگەو شوێنی تایبەت بەمەلەکردن، دانانی رێنمایی و تابلۆی ئاگاداری لەو شوێنانەدا، دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستی خۆپاراستن و رزگارکردن و هەروەها دانانی کەسی لێهاتوو بۆ ئەو بوارە لەشوێنە گەشتیارییەکاندا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار