فواد حوسێن: هیوادارین رێککەوتنێکی ئەمنی وەک ئەوەی ئێران لەگەڵ تورکیا واژۆ بکەین
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەندەکانی رێککەوتنی نێوان بەغدا و تاران لەسەر چەککردنی حزبەکانی رۆژهەڵات جێبەجێکراوە و هیوادارن رێکەوتنێکی هاوشێوەش لەگەڵ تورکیا واژۆ بکەن.
رێكەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و عێراق، لەڕۆژی 19ی ئازاری ئەمساڵدا لەشاری بەغدا واژۆكرا کە تێیدا عێراق بە نوێنەرایەتی قاسم ئەعرەجی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق و ئێرانیش بەنوێنەرایەتی عەلی شەمخانی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئیمزایان لەسەر رێککەوتنەکە کرد کە دیارترین خاڵەکانی چەکداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵات و دوورخستنەوەیان بوو لە سنوری ئێران، دواتریش دانانیان بوو لەو کەمپانەی عێراق بۆی دیاریکردوون.
لەسەر رێککەوتنەکە فواد حوسێن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حورە وتی، "سەرجەم بەندەکانی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران جێبەجێکراوە، سەرجەم ئەو هێزە کوردیانەی لە سنوری نێوان هەرێم و ئێران جێگیرببون، دورخراونەتەوە بۆ چەند بنکەیەکی سەربازی لە نزیک کەمپی ئاوەرەکان."
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کرد، یەکێک لە بەندەکانی رێککەوتنەکە ئەوە بووە کە ئێران بۆردومانەکانی رابگرێت لەبەرامبەردا هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران دووربخرێنەوە.
لەسەر بەرێوەچوونی رێککەوتنەکە وەک خۆی و ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوشێوە لەگەڵ تورکیا، فواد حوسێن دەڵێت، بەغدا هەمیشە دیالۆگی ویستووە لەسەر ئەو بابەتانە و هیوای خواست "دیالۆگی قووڵ و جدی بکرێت بەهامانشێوەی" رێککەوتنەکەی ئێران لەسەر ئەو پرسە کە مەبەست لێی دوورخستنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە ناوچە سنورییەکان.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەی خستەڕوو کە تا ئێستا ئەنقەرە بۆشایی ئەوەی نەرەخساندووە گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە ئەنجامبدرێت و چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزرێتەوە جگە لە بەکارهێنانی چەک و توندوتیژی.