خه‌تای‌ من نییه،‌ چه‌كوشه‌كه‌ دامدەکوتێ!

8 مانگ لەمەوپێش



سیروان غەریب

مامۆستایهك به دڵێكی پڕهوه هاته بهردهم مایكی (وێستگهنیوز)و وتی «دیوار بهبزماری وت بۆ لێم ئهدهی؟ بزمار وهڵامی دایهوهو  پێی وت خهتای من نییه، چهكوشهكه دامدەکوتێ، ئهوهی روو دهدات خهتای ئێمه نییه، خهتای ئهو گهندهڵانهیه كه سهروهت و سامانی ئهم میللهته دهدهزن و دهیبهن.»

قسهكانی ئهو مامۆستایه بهرگریینامەیهك بوو له دژی ئهو دهنگانهی لەبری ئەوەی پشتگیرییان بکەن، سهرزهنشتیان دهكەن، چونکە ئەو «رەخنەگرانە» وای دەبینن مامۆستایانی مانگگرتوو باییسی دواکەوتنی خوێندنن... ئهو مامۆستایه، لە لێدوانەکەی بەردەوام بوو و توڕهیییەکی زۆرتری نیشانداو تكای دەكرد کە تاوانی دواکەوتنی خوێندن نەخرێتە ملی مامۆستایانی مانگرتوو، لهههمان كاتدا رهخنهی له چین و تووێژهكانی دیکە دەگرت كهپشتگیرییان ناكهن، لهکاتێکدا ئەوانیش وەکو مامۆستایان غهرقن لهناعهدالهتییهكانی دهسهڵاتی سیاسیی کوردییدا.

من وێڕای ئهوهی دهنگم دهخهمه پاڵ دهنگی ئهو مامۆستا بهڕێزه، بەڵام لەئاست هەندێک لایەنی دیکەی ئەم پرسەدا سەراسیمە ماوم و پرسیاری زۆرم لا دەورووژێنن، لهوانەش: ئایا ئهو پشتگیرییە كهمهی مامۆستایان لهلایهن چین و تووێژهكانی تری كۆمهڵگای كوردستانهوه چی دهگهیهنێت؟ پاشانیش بۆچی بهشێكی زۆری رۆشنبیرو نووسهرو كرێكارو پزیشك و ئهندازیارو چین و تووێژهكانی دیکەش بێدهنگییان ههڵبژاردووه بهرامبهر پرسگهلێك كه خهریكه ههرێمهكهمان بهرهو ههڵدێر دهبات، کە دریارترینیشیان داخستنی دەرگای قوتابخانهكان و بایكۆتی مامۆستایانە؟!

شتێکی دیکە کەگینگڵم پێدەدات ئەوەیە كه ئەگەر داوای مامۆستایانی سنووری سلێمانی و ناوچەکانی دیکە رەوایە، بۆچیی مامۆستایانی شاری ههولێرو دهۆك و ناوچهكانی دیکەی ههرێمی كوردستان نایهنه سهرهێڵ و وهك مامۆستایانی شاری سلێمانی و ههڵهبجەو گهرمیان و راپهڕین فشار درووستبكهن و هەوڵبدەن مافهكانیان وهربگرن؟

رەنگە بۆ وهڵامی ئهم پرسیارانه، تهنها ئاوڕێكی خێرا لەمێژووی دوای راپهڕین و رەفتاری حزبه دهسهڵاتدارهكان له ههرێمی كوردستان بهس بێت، هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، هەریەکە لەناوچەی دەسەڵاتی خۆی، بهردهوام لەههوڵی جیاكردنهوهی چین و تووێژهكانی كۆمهڵگادا بوون، ئەو هێزانە كاریان كردووه لهسهر دنەدانی جیاكاریی و ململانێی نێوان شارهكان، لهبری خۆشهویستیی، رق و قینیان لهنێو ئۆرگانی حزبهكانیاندا پهخش كرد، شهڕیان درووست كرد، گردێكی كوردستانیان پیرۆز دهكردو بهدهیان گردو تەپۆڵکەی دیکەیان بە نەفرەت دەکردو بەلاقرتێوە دەیانوت تهنها چۆلهكه ریقنهیان پیا دهكات. سیاسەت و شهڕی ناوخۆو تەنانەت ئاشتەوایی دوای شەڕی ناوخۆش كوردستان و چین و تووێژهكانی بەقووڵیی دابهشكرد.

ئێستا كهزیاتر لەحهفتا رۆژە مامۆستایان بهدهنگ و رهنگی جیاوازهوه ناڕهزایهتی دهردهبڕن؛ دهرفهتێكی باشه بۆ زۆرینەی ناڕازیی كهبیكهینه سهرهتایهك بۆ درووستكردنی خهمی گشتی، لهبری سهرزهنشتكردنی ئەو مامۆستا بەڕێزانە پاڵپشتیی داخوازییهكانیان بكهین، ئهگهر  بەحساب زۆرینە ناڕازیین لهم سیستهمه حوكمڕانییەی ههمووانی لەیهك زوویر كردووهو چین و تووێژهكانی دابهشكردووهو سنوورو دیواری بۆ شار و ناوچه جیاوازەکانی کوردستان درووستكردووه.

 ئهمهی هاتۆته پێش بهحوكمی ههمهڕهنگیی و ههمهدهنگی ناو مامۆستایان، باشترین دهرفهته ههموو چین و تووێژهكان  یهكبخات و  سهرهتای گوتارێكی یهكگرتوو و خهمی هاوبهشی چین و تووێژهكان دهربخات، ههر كاتێكیش دهسهڵات پرسیاری كرد بۆچی هەمووان دایدەکوتن، لەوەڵامیدا بڵێن ئەوە پەیوەستە بەمێژووی دروستبوونی چەکوشەکەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار