کیسنجەرییات: تێنەگەیشتن لەدونیا!
12 مانگ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
کیسنجەر مرد. ئەمە بۆنەیەکی باشە بۆ قسەکردن لەسەر ئەو وەک زیاتر لەکەسێک. لێرەدا دەمەوێت بپرسم بۆچی ئاسان نیە بۆ ئێمە لە کیسنجەر تێبگەین؟ کاتێک دەربارەی کەسێکی وەها کاریگەر دەدوێین، سەرەتا کۆمەڵێک پرسیاری سەرەتایی دروست دەبێت: کیسنجەر کێیە؟ چی کردووە؟ بۆ کردویەتی؟ کاریگەریی لەسەر ئێمە چیە؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە گرنگن، بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە چۆن وەڵامی دەدەیتەوە. بەزمانێکی تر ئەو میتۆدە چیە کەپیادەی دەکەی بۆ تێگەیشتن لەم پرسیارو وەڵامانە. رێگرێکی تر، سەرباری میتۆد، زاڵبونی هەستە، هەروەها ئایدۆلۆژیا. دیارە لای مرۆڤی کورد کەڕانەهێنراوە لەسەر میتۆدە زانستییەکان و شێوازەکانی بیرکردنەوە، زۆر ئەستەمە بۆی هەتا جیاکاری بکات لەنێوان هەست و نەست و ئاوەزی. لەهەمانکاتدا ئەستەمە بۆی کە لەوە بەئاگابێت کە ئەگەر بێتو میتۆدی جیاواز پیادەبکات دەگاتە دەرئەنجامی جیاواز.
کەواتە لەبەر ئامادەبوون و کاریگەربوونی کیسنجەر لەمێژووداو هەروەها لەمێژووی ئێمەدا، کە لەئەنجامدا چیرۆک و یادەوریی بەرهەمهێناوە، لەدەرئەنجامدا، ئێمە بەئاگایی و بێئاگایی دەخزێینە هەناو ئەو چوارچێوەو مێژوو و یادەوەریانەوە، لەئەنجامدا بەربەستمان بۆ دروستدەبێت و هەروەها پەرچەکردارانە بیردەکەینەوە.
لێرەدا مەبەستم ئەوەنیە کەگوایە ئەمە هەڵەیە یان نا، بەڵکو بیرکردنەوەیەکی سنوردارە یان هەر بیرکردنەوە نیە، بەڵکو هەست و سۆزە. کێشەی ئەم دۆخە لەئەوەدایە کەتۆ کاتێک بەوجۆرە کردەیەک ئەنجامدەدەیت، شتێک دەڵێیت، دەربڕینێک دەردەبڕیت، ئیتر وەها هەست دەکەیت کەئەرکی خۆتت بەجێهێناوە. دەربارەی رووداوێکی گرنگ شتێکت گوتووە. بەڵام ئەم گوتنە، جۆرێکە لەنەگوتن. بەڵکو باڵاترین جۆری دووبارەکردنەوەیە لەدۆخی هەستی و میکانیکیدا.
ئەمە دەرفەتی ئەوەمان بۆ دەڕەخسێنێت قسە دەربارەی ئەوە بکەین کە لەهەناو رۆشنبیریی کوردیدا پێی دەوترێت رەخنە.
رەخنە وەک کردەیەکی بێ رەگ، بێ مێژوو، بێ ئاگایی، بێ کەلتور، بێ بیر، بێ رانان، هاتووەتە ناو دونیای کوردییەوەو بووەتە دۆگمایەک و باڵاترین جۆری بیرکردنەوە. بەگشتی دونیای کوردی ئامادەبوو بۆ لە باوەشگرتنی رەخنە، چونکە چەند خەسڵەتێکی هەیە، لەوانە، پیادەکردنی هەستە، نەک عەقڵ، دووەم، دادگەرییە، نەک تێگەیشتن، سێیەم، پیادەکردنی کرداری هەڵە دۆزینەوەو شکاندن و تڕۆکردنە، کۆمەڵێک خەسڵەتن، کە ناچنە خانەی کردەی رۆشنبیرییەوە، بەڵکو هەتا ئاستێکی باڵا، نەخۆشیی و گرێی دەرونی و گڕگنییە. رەخنە تەنهاو تەنها کاتێک رەخنەیە کە لەدادوەریی و دادگاییکردن و ناوزڕاندن و تڕۆکردن دوور بێت، ئەمەش بۆ مرۆڤی کورد یان رۆشنبیری کورد کارێکی ئەستەمە.
بەڵام کێشەی هەرە گەورەی زاڵبونی رەخنە، ئەوەیە کەڕێگرە لەبیرکردنەوە یان تێگەیشتن. لەم روانگەیەوە، بۆ نموونە ئاسانە بڵێین کە کیسنجەر تاوانباری جەنگە، کە وایە، یان خاوەن ئەخلاقێکی گەندەڵە، یان بێئەخلاقە، کە راستە. هەموو ئەمانە راستن، لەکاتێکدا کارێکی نەکردووە کەزۆرینەی زۆری سیاسییەکانی دونیا لەمێژوودا نەیانکردبێت، یان ئەگەر بۆیان بکرایە نەیاندەکرد. بۆ ئێمە تێگەیشتن لە کیسنجەر دەبێت بچێتە ئەودیو هەڵوێست وەرگرتن و بەناو رەخنەگرتن و ناڕەزایی دەربڕین، لەبەر کۆمەڵە هۆکارێکی گرنگ، کە ئێمە بەئاسانی ناتوانین پشتگوێیان بخەین.
یەکەم، ئەوەی کیسنجەر کردی، درێژەی هەیە. کردەیەکی شەخسی نەبوو. دووەم، زەقبوونەوەی ئەو بەهۆی ناسراویی و کاریگەرییەتی، نەک لەبەر جیاوازبوونی. سێیەم، ئەگەر ئێمە کردارەکانی بەشەخسی بکەین، ئەوا خۆیان لەدونیایەکی ئاڵۆزو چۆنێتی پیادەکردنی دەسەڵات لەهەناو سیستەمی ئەمریکی و دونیادا بێبەریی دەکەین.
بۆ نموونە ئەگەر ئێمە لە کیسنجەر تێبگەشتینایە وەک پێویست، ئەوا بۆ نموونە هەرگیز ریفراندۆممان نەدەکرد، بەتایبەتی بەو جۆرەی کە روویدا.
چەمکێک لێرەدا گرنگەو دونیابینی کیسنجەرمان بۆ واڵا دەکات، چەمکی نیزام یان ئۆردەرە. هەندێک هۆکاری زاڵبونی چەمکی نیزام لای کیسنجەر بۆ هۆکاری ژیانی تایبەتی ئەو دەگێڕنەوە، کەئەزمونی نازیەتی کردووە. نازیەت سیستەمێکی قڕکەربوو کەئازادانە لەپرۆسەیەکی دیموکراسیدا زۆرینەی خەڵکی ئەڵمانیا دەنگیان پێدا. وەک چۆن ئێستا نازیەت بەتوندی لەئەڵمانیا گەڕاوەتەوەو بەهێزترین پارتی ئۆپۆزسیون لەپەرلەمانی ئەڵمانی ئەی ئێف دی نازییە نوێکانە، ئەم دۆخە گومانی دیموکراسیشی لای کیسنجەر دروستکردبوو.
دیموکراسی هەمیشە کراوەیە بۆ پشێویی و جۆرێکە لەڕێکخستنی پشێویی. ترس لەپشێویی، خەسڵەتێکی تایبەت نیە بەکەسێک، بەڵکو لەزۆر کەلتوردا بوونی هەیە، لەوانە کەلتوری ناوچەی خۆمان. چەمکی ستەمکاری دادپەروەر مێژوویەکی هەیە لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لەنێو ئیسلامی سیاسییدا. ئەم چەمکە لەلایەن محەمەد عەبدەوە داڕێژراوە.
بەڵام رەگی ئەم دیدە هەرچۆنێک بێت، لەهەمانکاتدا دەبێت لەمیانەی کایەی دەوڵەت و زلهێزدا بخوێندرێتەوە. زلهێز بەتایبەتی لەئاستی ئەمریکادا، هەمیشە دیدێکی بەرفراوانی هەیە. بەو مانایە هەرگیز ناتوانێت یان نایەوێت خۆی بۆ هێزێکی تر تەرخان بکات لەدەرەوەی خۆی. بۆیە هەمیشە بەریەککەوتن هەیە لەنێوان خواستی گەلان و خواستی زلهێزدا. هەندێکجار نزیکبوونەوە یان هاوبەرژەوەندێتی دروست دەبێت، بەڵام هەمیشە کاتییە. سوپەر پاوەر دەیەوێت دونیا بەڕێوەببات و هەمیشە لەئاستی دونیادا بیردەکاتەوە. لەهەناو کرۆکی ئەم بەڕێوەبردنەدا نیزام یان ئۆردەر هەیە. چونکە هەموو هێزێک دەخوازێت کەدونیا وەها دابڕێژرێت کە لەبەرژەوەندی ئەو بەڕێوەبچێت. لەهەناو ئەم نیزامەدا هاوپەیمانی و دوژمنایەتی دروستدەبێت. هەروەها لەهەناو ئەم نیزامەدا هەوڵی هاوسەنگی یان کردەی هاوسەنگی هێز پیادە دەکرێت. لەم دیدەوە پرسی کورد لەساتێکدا پشتیوانیەکی نهێنی دەکرێت، لەساتێکی تردا رەنگە پەراوێزبخرێت، لەساتێکی تردا بەئاشکراو بەزۆریی پشتیوانی بکرێت.
لەهەناو ئەم نیزامەدا هەوڵەکانی وەک چۆنێتی درێژەپێدان، پەرەپێدان، دۆست دروستکردن، هاوبەرژەوەندێتی هەموو بەڕێوەدەچێت. رەنگە هاوپەیمانیی باڵاترین دۆخی نزیکبوونەوەی زلهێزبێت لەگەڵ ئەوانیتردا. بەڵام هاوپەیمانیش گەرەنتی سەد دەرسەد نیە. بۆ نموونە، ئەمریکاو تورکیا، هاوپەیمانن، بەڵام لەساڵی ٢٠٠٣ کاتێک ئیسلامییەکان هاتنە سەر حوکم، تورکیا رێگەی نەدا سوپای ئەمریکی بەتورکیادا بێتە عێراق، تەنانەت بۆ ئەم مەبەستە ئەمریکا ئامادەیی دەربڕی کەیەک بلیۆن دۆلار بداتە تورکیا، کە ئەو سەردەمە وڵاتێکی هێندە هەژاربوو، هاوکاری لە ئای ئێم ئێف وەردەگرت، بەڵام هەرچەندە سەرکردەکانی تورکیا رازی بوون بەڵام پەرلەمان رازی نەبوو.
تێگەیشتن لەنیزام، تێگەیشتنە لەسنوری پەیوەندیی و دۆستایەتی. خراپ تێگەیشین لەئەمە، دەبێتە مایەی قەیران وەک لەڕیفراندۆمدا بینیمان. لەهەمانکاتدا کەنیزام دەناسیت، پاشان دەتوانیت کەهەوڵبدەیت بەفشار بۆ ئاراستەی بکەیت. فۆکۆیاما لەدوایین پرۆژەکانی کاری لەسەر گەشەی نیزام کرد. لای ئەو دەوڵەت، یاسا لەگەڵ بەرپرسیارێتی سێ خەسڵەتی گرنگی نیزامن. دەوڵەت یانی رێکخستی توندوتیژی، یاسا یانی نەمانی رۆڵی ئارەزوی شەخس، لێپرسینەوە یان ئەکاونتەبیڵتی یانی کەسێک دەسەڵات بۆ خۆی پیادە ناکات.
ئێمە بەئەوە ڕزگارمان نابێت لەکیسنجەر کەنەفرەتی لێبکەین، بەڵکو بەوە رزگارمان دەبێت کە لێی تێبگەین و مامەڵە لەگەڵ ئەو دونیایەدا بکەین کەبەشدارییکردووە لە دروستکردنیدا.