رۆیتەرز: دوای سەفەری قائانی بۆ بەغدا هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا راگیراون

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئێرانی و عێراقییەوە رایگەیاند، دوای هێرشی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ بەغدا میلیشاکانی سەر بە ئێران، هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا راگرتووە.

بە وتەی رۆیتەرز، قائانی ماوەیەک دوای ئەوەی واشنتۆن گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بە بەرپرس زانی لە کوشتنی سێ سەربازی ئەمەریکایی لە بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢ لە ئوردون، سەردانی بەغدای کرد.

رۆژی ٢٨ی کانوونی دووەەم لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئێرانەوە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، کە بنکەیەکی سەربازی ئەمریکییەکانە لە خاکی ئۆردون و بەو هۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و زیاتر لە ٤٠ سەرباز بریندار بوون.

رۆیتەرز باسی لەوە کردووە رۆژی ٢٩ی کانوونی دووەم ئیسماعیل قائانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی میلیشاکانی سەر بە ئێران کۆبووەتەوە و ئاگاداری کردوونەتەوە بۆ ئەوەی هێرش نەکرێتە سەر فەرماندە باڵاکانیان یان دامەزراوەکانیان، یان تەنانەت راستەوخۆ هێرش نەکرێتە سەر ئێران، ئەبێ هێرشەکانیان رابگرن و ماوەیەک دەرنەکەون.

بە پێی ئەم راپۆرتە، سەرەتا تەنها گرووپێک رازی نەبووە بە داواکارییەکەی ئیسماعیل قائانی و زۆربەی گرووپەکان هەر لە یەکەم ساتەکاندا ملکەچی ئەم فەرمانە بوون.

رۆژی ٣٠ کانوونی دووەەم "کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق" یەکێک لەو گرووپانەی کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێت رایگەیاند هێرشەکانی خۆی بۆ سەر دامەزراوەو بنکە ئەمریکییەکان راگرتووە.

فەرماندەیەکی باڵای هەواڵگری عێراق بە رۆیتەرزی وتووە، ئیسماعیل قائانی بەهۆی باری ئەمنی و ترس لەوەی نەکا شتێکی بەسەر بێت دەستبەجێ فڕۆکەخانەی بەغدای جێ هێشتووە.

قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشتری فەیلەقی قودس، ٤ ساڵ لەوە پێش هەر لەم فڕۆکەخانەیە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە کرایە ئامانج و کوژرا.

سەفەری ئەم دواییانەی فەرماندەی باڵای سوپای قودس بۆ بەغدا لە میدیا عێراقییەکاندا باسی کرا، بەڵام باس لە وردەکارییەکانی نەکرا.

رۆیتەرز لە زاری فەرماندەیەکی باڵای یەکێک لە گرووپە چەکدارە عێراقییەکانەوە نووسیویەتی "ئەگەر قائانی راستەوخۆ ئامادە نەبوایە کەتائیبی حزبوڵڵا رازی نەدەبوو هێرشەکانی رابگرێت".

لە دوو هەفتەی رابردوودا لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئێرانەوە هێرش نەکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق. لە حاڵێکدا لە ماوەی دوو هەفتە پێش سەفەری قائانی بۆ بەغدا زیاتر لە ٢٠ جار هێرش کرابووە سەر بنکەکانی ئەمەریکا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار