كورد لەنێوان ئەمریكا و بێچارەییدا
6 مانگ لەمەوپێش
سەرتیپ جەوهەر
فشارەكانی ئەمریكاو كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی رۆژئاوای كوردستانی بۆ مانگی ئاب دواخست، بەڵام پێدەچێت هەڵبژاردنەكە جارێ نەكرێت چونكە كێشەو گرفت رووبەرووی رۆژئاوای كوردستان دەكاتەوە، بەتایبەتیش ئەگەری پەلاماردانی ئەو ناوچانە لەلایەن توركەوە.
ئەمریكا لەنێوان پشتیوانی لەكورد و فشاری توركیاو بەشێك لەوڵاتانی ئەوروپا، فشاری لەرێڤەبەری خۆسەركرد هەڵبژاردنەكە دوابخات بەوپێیەی زەمینەی نییەو ئەوان ناتوانن پشتیوانی بكەن، بۆیە دەبینین بەر لەچەند رۆژێك یاڵیۆزخانەی ئەمریكا لەدیمەشق لەبەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەدا كەئێستا كاتی هەڵبژاردن نییە لەباكوری رۆژهەڵاتی سوریاو هەر هەڵبژاردنێكیش بكرێت پێویستە خاوێن و گشتگیرو روون بێت هەروەك لە بڕِیاری 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هاتووە. رەنگە رستەی "هەڵبژاردنێكی ئازادو خاوێن و روون و گشتگیر" جۆرێك بێت لەتانەدان لەهەڵبژاردنەكە بەوپێیەی بەشێك لەگروپە سیاسیەكان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە بەتایبەت ئەو گروپانەی لەناو چوارچێوەی ئەنەكەسەن.
بەر لەهەفتەیەكیش وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، فیدانت باتێل گوتی؛ پێویستە هەڵبژاردنێك بكرێت "ئازادو پاك و روون و گشتگیربێت" وەك لەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشدا هاتوو، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بوو بۆ رێڤەبەری خۆسەر كە جارێ زەمینەی هەڵبژاردن نییەو پێویستە دوابخرێت.
بەپێی بڕیاری 2254 ساڵی 2015ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەربەنەتەوە یەكگرتووەكان نەخشەڕێی گۆڕانكاریی لەسوریا داڕێژراوە، كە بریتیە لەراگرتنی شەڕ لەسوریا دواتر هەنگاونان بۆ هەڵبژاردنێكی بێگەرد لەسەرانسەری سوریاو پێكهێنانی حكومەتێكی كاتیی و نوسینەوەی دەستوریی هەمیشەیی بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام ئەو بڕیارە جێبەجێنەكراوە چونكە وڵاتانی خاوەن نفوز لەسوریا بەتایبەت ئەمریكاو روسیا لەلایەك و ئێران و توركیا لەلایەكی دیكە رێكنەكەوتوون لەسەر دابەشكردنی هەژموونی خۆیان لەو وڵاتە.
بڕیاری 2254ی لەساڵی 2015 بەبەشداری هەموو لایەنەكانی سوریابوو، تەنها پەیەدە یان كورد لەژێر فشاری توركیا نەیتوانی بەشداری لەگفتوگۆی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری دۆخی سوریا بكات. ئەوە نزیكەی 10 ساڵ بەسەر بڕیارەكە تێدەپەڕێت بێئەوەی جێبەجێبكرێت.
بۆچوونی ئەمریكا بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی شارەوانیەكان جگە لەوەی لەژێر فشاری توركیا بووە، هاوكات جارێكی دیكە دووپات دەبێتەوە كە ئەمریكا تێگەیشتنێكی روونی لەبارەی چارەنوسی رۆژئاوای كوردستان نییەو دەیەوێت بارودۆخی ناوچەكە وەك ئەوەی هەیە بەردەوام بێت، تاوەكو لەگەڵ روسیاو وڵاتانی ناوچەكە دەگەنە رێككەوتن لەسەر ئایندەی ئەو وڵاتە.
ئەمریكا تائێستا پەیوەندیی سیاسی رەسمیی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان دروستنەكردووە، بەڵام پەیوەندییەكی سەربازیی بەتین لەنێوان هەردولادا هەیەو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بەردەوام هاوكاری هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكات بەمەشق و چەك و تفاقی سەربازیی و هاوكاریی دارایی لەچوارچێوەی بەرنامەی رووبەرووبونەوەی تیرۆر لەناوچەكە.
بەپێی زانیارییەكان كاربەدەستانی كورد لەرۆژئاوای كوردستان داواو فشاری ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپایان بەهەند وەرگرتووە، بۆیە بڕیاریاندا هەڵبژاردنەكە بخەنە مانگی ئابی داهاتوو، بەڵام بەپێی سەرچاوەی باوەڕپێكراو ئەوكاتەش دوادەخرێت بۆ كاتێكی دیكەی نادیار بەوپێیەی ئەمریكاو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانیی لەهەڵبژاردن ناكەن بەهۆی نەبوونی زەمینە
رێڤەبەری خۆسەر ئێستا پێی دەگوترێت رێڤەبەری باكوری خۆرهەڵاتی سوریا هەرێمێكی دیفاكتۆیە لەناو سوریاو لەكۆتایی 2013 راگەیەنراوەو تائێستا هیچ دانپێدانانێكی رەسمیی نییە هاوشێوەی بوونی هەرێمی فیدرالیی باشوری كوردستان كە لەناوەڕاستیی 1992 بەردەوام بوو تاوەكو كۆتایی 2005.