کەمتەرخەمی باشور لە ئاست رۆژئاڤا
مەلا فەرمان محمد
دوێنێ
مەلا فەرمان محمد
دەسەڵات لە باشور لە ٦٠ ساڵی رابردوودا چ لە شاخ و چ لە شار بەدەست جەلالی و مەلایی، پاشان یەکێتی و پارتییەوە بووە. واتە ئەم دو گروپە لە دەسەڵاتدا بوون، گروپەکانی تر یان دابەشبوون بەسەر ئەو دو لایەنەدا یان کۆڵەکەیەکی بەهێزبوون بۆ راگرتنی لایەنێکی ئەو دەسەڵاتە و هەر لەوێشەوە پەرێزپیسی ئەم دەسەڵاتە و هەندێ لە گروپەکانی دیکە دەردەکەوێت بۆ نموونە:
١ــ مێژوی پەیوەندیەکانی ئەم دولایەنەی دەسەڵات لە ٦٠ ساڵی رابردودا تا ئەم سەردەمەش پڕن لە شەڕی خۆبەخۆ، ناپاکی، گوێلەمشتی بێگانە و بوون بە کەواسوری بەر لەشکری جیاجیای بێگانە.
٢ــ شەڕی کوردان و راوەدونانی شۆڕشگێڕانی پارچەکانی تری کوردستان، هەندێجار گرتنیان و رادەستکردنەوەیان بە داگیرکەر.
٣ــ دزی و گەندەڵی و بەرژەوەندیخوازی.
٤ــ رۆڵدان بە خیڵ و بنەماڵە لە جیاتی زەقکردنەوەی رۆڵی نەتەوە.
٥ــ لە ئێستاشدا دابەشبونیان بەسەر دو بەرەی شیعە و سوننەدا، ئاشکرایە و لە کەسیان نەشاردووەتەوە!
٦ــ نزیکبونەوە و ئاشتبونەوەیان لەسەر ویستی خۆیان یان میللەت نەبوە، بەڵکو لەسەر دەست و فشاری وڵاتانی دەرەکی بوە یان فشاری نالەباری بارودۆخەکە هۆکار بووە: وەک لەم سێ قۆناغەدا دەردەکەوێت، ساڵی ١٩٧٠ و بەیانی ١١ ئازار، ساڵی ١٩٨٨ و بەرەی کوردستانی، ساڵی ١٩٩٨و ئاشتبونەوەی واشنتۆن بە نمونە. نەبونی یەک هێزی پێشمەرگە یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئەو دەست شکاندنەوەیەی ئەو کاتە، کە تا ئێستاش بەردەوامە.
٨ــ لە ساڵی ١٩٥٩وە بۆ ئێستا، هزری ئیخوانیزم کاریگەری نەرێنی زۆری کردۆتە سەر بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان.
٩ــ پابەند نەبوونی ئەم دەسەڵاتە بە بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە بە تایبەتی بڕیاری ژمارە ٢٤ ساڵی ٢٠١٤، کە تایبەتە بە گەلی رۆژئاوای کوردستان. جگە لە پەرێزپیسی و دەرخستنی پاشەڵی ئەم حزبانە، هۆکارە بۆ ئەوەی گومان لەم دەسەڵاتە بکرێت و متمانە بە بەڵێنەکانی نەکرێت.
رۆژئاوا و دەسەڵاتی باشور
جێی وەبیرهێناوەیە چونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ بەرگریکردن لە کۆبانێ و ناردنی کۆمەک بۆ رۆژئاوا جێی دەست خۆشیە. موخابن پاشان دەرکەوت ئەم هاوکاریەش پاش رازیبونی تورکیا و وڵاتانی دەرەوە بوە. چونکە ئەوەتا دەبینین ئێستا رۆژئاوا زۆر پێویستی بە هاوکاری هەمو لایەک هەیە کەچی ئەم دەسەڵاتە لەترسی تورکیا لە باسکردنیشی خۆیان دەپارێزن، بە تایبەتی لە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک. ئەم هاوکارینەکردنە یان دروستکردنی بەربەست لە کۆکردنەوەی هاوکاری وەک ئەوەی لە کەرکوک کرا هێندەی تر پەرێزەکەی ئەم دوو دەسەڵاتە پیستر دەکات.
کۆبونەوەی سەرۆکی پارتی و سەرکردە و فەرماندەی هەسەدە
کۆبونەوەکە دڵی هەمو کوردانی خۆشکرد، باشتر دەبو تەواوی لایەنەکانی باشور پێشوازیان لە سەرکردە مەزڵوم بکردایە. خاڵە گرنگەکەی ئەم کۆبونەوەیە یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان دەردەخات لە ڕۆژئاوا، ئەویش لەو ڕووەوە کە:
١ــ یەک هێزی چەکداری نیشتیمانی هەیە، ئەمەش بە ئاوێتەکردنی پێشمەرگەکانی رۆژ لە ناو هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت. نەک هاوشێوەی باشور هەر حیزبە و خاوەن هێزی خۆی بێت.
٢ــ دورکەوتنەوەی ئەو لایەنە کوردیانەی لە بەرەی تورکیان.
٣ــ بەیەک بەرنامە و یەک گوتاری سیاسی لەگەڵ دیمەشق بکەونە گفتوگۆ.
نیازپاکی دەسەڵاتی باشور
بۆ متمانەپێکردنی زیاتر دوای ئەو مێژووی پەرێز پێسییەی رابردو، پێویستە دەسەڵات لە باشور بە گشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی، ئەم هەنگاوانەی خۆارەوە بنێت بۆ دەرخستنی نیازپاکی لای رۆژئاوا و تەواوی گەلی کوردستان:
یەک: کردنەوەی رێگای سمێلکا.
دو: رێگەدان بە پەخشی هەردو کەناڵی روناهی و تیشک هاوشانی کەناڵە ناوخۆییەکانی هەرێم، تا میللەت چالاکی و نەهامتیەکانی کوردانی رۆژئاوا ببینن.
سێ: رێگەدان بە کردنەوەی نوسینگەی نوێنەرایەتی رۆژئاوا لە شارەکانی هەولێر و دهۆک.
چوار : پابەندبون بە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە ٢٤ – ساڵی ٢٠١٤ پەرلەمانی کوردستانەوە.
لە کۆتاییدا، جێی خۆیەتی بوترێت؛ سەرەڕای هەمو ئەو پەرێزپیسی و بێ بڕواییە، کۆبونەوەکەی نێوان سەرۆکی پارتی و فەرماندە و سەرکردە مەزڵوم عەبدی بۆ ئەم قۆناغە و ئەم بێکەسیە سەراتەیەکی باشە، بەهیوای ئەوەی، هەموو لایەنەکان بگرێتەوە و بەرهەمدار بێت.