پشتیوانیی مانگرتووان ناکەم بۆ مردن!

هۆمەر محەمەد

15 كاتژمێر لەمەوپێش



هۆمەر محەمەد

هەرلەسەرەتاوە دەسەڵاتداری کورد نیازی دەوڵەتداری نەبووە، لەیەکەم هەڵبژاردندا کەناوی یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێمیان لێنا هەر دەیانگوت حکومەتەکەمان ساوایە و هەرگیز گەورەنەبوو، هەروەک دەسەڵاتی دوو بنەماڵە مایەوە و نەبوو بەحکومەت. مامۆستایان دروشمێکیان بڵندکردەوە (سەری بەرز بۆ مووچەی ڕژێم نەوی ناکەین)! ئەوساش دەسەڵاتداران نرخی بڵندیان بۆ مامۆستا و فەرمانبەران نەوی نەکرد. ئەو دەستەمۆکردن و ملکەچییەی ئەمرۆی خەڵک دەرهاویشتەی ئەودۆخ و رۆژگارەیە. ئەوساش وەک ئێستا لەبەرانبەر داوای ڕەوای خەڵکدا بێشەرمانە دەیانگوت: حکومەتەکەمان ساوایە و (تابوری پێنج) و گێرەشێوێن بەفیتی داگیرکاران دەیانەوێ ئەزموونەکەمان لێ تێکبدەن!

ئەوساش مانگرتنێکی هاوشێوەی ئەم مانگرتنەی ئێستای مامۆستایان لەشاری سلێمانی و لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجامدرا. بەڵام لەم سەردەمەی ئەمرۆدا کە ئەندازیارەکانی ئەومانگرتنە خۆیان دەسەڵاتداری ڕەهای ئەم هەرێمەن و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی کوردستان هەڵدەلوشن ئامادەنین ئاوڕ لەو مانگرتنە بدەنەوە چونکە بەهەمان لۆژیکی بەعس پێیانوایە بەدەنگەوە چونی خەڵک غروریان دەشکێنێ!

بەڵام مانگرتنی ئەمجارەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە دۆخیکی تەواو جیاوازدایە و زۆریش مەترسیدارە، راستە شایان بەڕێز و پشتیوانین، بەڵام ناشێت بەناوی پشتیوانیەوە بەرەو مەرگ پاڵیان پێوە بنێین. ئێمە پشتیوانی داواڕەواکانیانین، نەک پشتیوانی (بەرەومەرگ چوونیان) دەی مادام داوای ئەوان داوای هەموومانە دەبێت ژیانیان بەگرنگ بزانین نەک مەرگ. هەرهیچ نەبێت نەبن بەقوربانی ئەوانەی (مووچەخوراون) و پشتیوانییان ناکەن.

مانگرتنێک بۆ ژیانی هەمووان بێت چۆن دەبێت بهێڵین بمرن؟ ئەوەی دەڵێت مردنی مانگرتوان ئازایەتیە بەهەڵداچووە، چونکە بەهەدەردانی ژیانی مرۆڤی هۆشیار و ئازا زیانێکە قەرەبووناکرێتەوە بەتایبەتیش لەبەردەم دەسەڵاتێکی دڵرەق و بێباکدا، ئەوە هەمان ئەو لۆژیکەیە کە پێیوایە هەتا روبەری گۆڕستانەکانمان فراوانتربن ئازاترین! بەڵام ئەو لۆژیکە ئەگەر بەرهەمێکی هەبێت مەرگدۆستیە و دەرەنجامەکەی زۆر مەترسیدارە بەو مانایەی هەتا چوارکەس دێنەمەیدانی بەرەنگاری سەدکەسی تر بەچۆکدادێن، سەرئەنجام دەسەڵات سودی لێدەبینێتەوە چونکە نەوەیەکی دڵشکاو و بێ ئومێد و ترسنۆک بۆ داهاتوو بەرهەمدەهێنێتەوە.

دەسەڵاتێک ئامادەبێت لەسەر جادە شەق لە مامۆستا هەڵدات باکی بەمردنیشی نییە، لەسەر جادە خۆپیشاندەر بداتە بەردەستڕێژی گوللە مەرگی مانگرتوان لەلای چ بەهایەکی هەیە؟ بۆیە ئەوەی دەیەوێ مامۆستاکان لەژێر خێمەیەکدا بەبەرچاوی میدیا و کامێراکانەوە نەمرن نابێت ڕێگە بەمردنیان بدات. ئەگەر مامۆستایان و فەرمانبەران دەیانەوێ موچەکانیان بە رێکوپێکی و بەبێ فڕوفێڵ و لێبڕین و دواکەوتن وەربگرن ئەوا عەیبە بهێڵن ئەوان لەپێناویاندا بمرن، چونکە ڕێگەی ترهەیە، نابێت بهێڵن ئەو مامۆستایانە لەبرسان بمرن چونکە ئەوەی پێویستە بەرەنگاریی و داکۆکییە لە ژیانی ئەو مامۆستایانە نەک مردنیان، مردن لەبرسان لەبەردەم دەسەڵاتێکی دڵڕەق و بێ رەحمدا هێمای بەپێوە وەستان و بەرگری نییە بۆ گۆڕانکاری، بەڵکو مانگرتنی سەراسەریی لەتەواوی شارەکاندا بە دوکان و بازاڕەکانیشەوە هەم مامۆستاکان لە مەرگ دەپارێزێ و هەم قارەمانێتیەکی دەستەجەمعی مێژوویش تۆمار دەبێ و کەسیش تۆمەتی پاڵەوانبازی ناخرێتە پاڵ و کەسیش تۆمەتبار ناکرێت بەدەستی (بێگانە)، ئەوسا ئەگەر ئازایەتیە هی هەمووانە و ئەگەرنا با قایل بێت هەتا خوا دەرویەکی لێدەکاتەوە بێ موچە بمێنێتەوە. ئەگەر کۆمەڵگە بخوازێ نەوەیەکی کاراو هۆشیار و کاریگەر پێشکەش بەئایندە بکات، ئەوا دەرگای ماڵ و دوکان و فەرمانگەکان دادەخات و ئەم مامۆستایانەی ژێر خێمەکانیش رزگار دەکات و خۆشی لەم مەینەتی و زەلیل بوون و کوڕوزانەوەی بەردەم مایکەکان و سەرشاشەکان رزگار دەکات و فڕوفێڵ و ساختەچێتی دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغداش کۆتایی پێ دێنێت.

ئیدی نیشاندانیان لە میدیاوە بەزیان دەگەڕێتەوە، هەتا ئێرە باش هاتووە ئیدی ئەگەر بگۆڕێت بۆ شێوازی زەلیل نیشاندان و بەزەیی پێداهاتنەوە هەمووان زیانی تێدادەکەن بێ ئەوەی بەرهەمێکی باشی هەبێت. ئەگەر وابێت چیدی پشتیوانی مانگرتوان ناکەم، ئامادەم بچمە بن باڵیان بۆ بەپێوە وەستان نەک بە مۆبایل و کامێراکەم وێنەی دواهەناسەیان بگرم. بەهیوام مانگرتووەکان وردتر تەماشای دۆخەکە و ژیانی خۆیان بکەن، نابێت ڕێگە بدەن گیانبازییان لەلایەک هەلودەرفەت بۆ کەس و لایەنی هەلپەرست و لەلایەکی تریشەوە بۆ دەسەڵاتدارانی بێباک بڕەخسێنی هەتا مەرگی ئەوان بۆسیناریۆی قێزەون و مەترسیدار بقۆزنەوە. بۆیە هەرگیز پشتیوانی مانگرتوان نابم بۆمردن، بەڵکو پشتیوانی داوا ڕەواکانیانم بۆ ژیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار